لەوكاتەوەی رژێمی پاشایەتی عێراق تاوانێكی بەربەریانەی ئەنجامداو هەرسێ‌ سەركردەی شیوعیەكانی فەهد و حازم و سارمی لە سێدارەدا تاوەكو ئێستاش رژێمە سەركوتكەرەكان كە زۆرینەیان لە رێگەی كودەتاوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، وڵاتێكی دیموكراسیان بۆ هاوڵاتیانی عێراقی دەستەبەر نەكردوەو هەمیشە بەبیری تاك رەوی و مەزهەبی پێشێلی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری تاك و نەتەوە جیاوازەكانی عێراقیان كردووە.

خۆ هەموو ئامانجی ئەو رژێمانە و تەنانەت سەردەمی پاشایەتیش كە هاوڕێیانمانی لەسێدارە داوە و هەروا هەوڵیانداوە بە زیندان و كوشتن و ئاوارە بوون شیوعیەكان چاوترسێن بكەن، سەركەوتوو نەبوون و بەپێچەوانەوە كورەی خەبات و تێكۆشان بۆ هاوڕێیان زیاتر جۆشی سەندوەو بەدوای هەر سەركوتكردنێكدا بە هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە بوێرانە رویان لە چیاكان دەكردو لەنێو رێكخستنەكانی شاریشدا بازنەی تێگەیشتن و هاتنە نێو ریزەكان فراوانتر دەبوو، ئەزموونی 75 ساڵەی رۆژی شەهیدی شیوعی هێندە سوورە تەواوی كۆنەپەرستەكان و دەسەڵاتداران تێگەیشتوون كە ئەم روباری خوێنە بۆ دەسەڵاتی سۆشیالستی رژاوە و جگە لە پەیڕەو كردنی ئەم رێبازە داهاتووی عێراق هەر لەنێو تێكۆشان و خوێنڕشتندا دەمێنێتەوە.

دەبێت هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش لەوە تێبگا بەرژەوەندیەكانی خەڵك و داواكاریەكانیان بەتایبەت نەهێشتنی چینایەتی و گەندەڵی و مەزهەبچیەتی تاكە زامنی ئاشتی سەرتاسەریە و بەبێ‌ بوونی رژێمێكی دیموكراتی كە هاوسەنگی نەتەوەكان ئاینزاكان لەخۆ بگرێ‌ هەرگیز ئەم وڵاتە بەبێ‌ خوێن رشتن و شەهید نابێ‌، ئەوەی ئێستا لە گۆرەِپانی عێراق دەگوزەرێ‌ خلۆركردنەوەی عێراقە بەرەو دەسەڵاتی تاك رەوی و مەركەزی كە هەرگیز ئەوە ئەنجدای سیاسیەكانی پێشوو نەبووە، بەتایبەت ئەوكاتەی دوای رژێمی بەعس دەستووری لەسەر نووسرایەوە، ئاماژەكان بەئاشكرا ئەوەمان پێدەڵێن و زۆرینەیەك كە لەنێو خۆشیان كۆك نین و هەمیشە بەرژەوەندی وڵاتە هەرێمایەتیەكان و مەزهەبگەراییان خستۆتە پێش فرەیی و سۆشیالستی و داواكاریەكانی خەڵك، ئەوەش ئەو مەترسییە چەند بارەیە كە هەمیشە عێراقی بەرەو دیكتاتۆریەت بردوەو مێژووش سەلماندویەتی تا رەگی دیموكراسیەت لە تەواوی هزر و نیشتمان بڵاو نەبێتەوە هەرگیزا و هەرگیز عێراق بەرەو ئارامی ناچێ‌.

ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانیشەوە بەداخەوە تا دێ‌ درزی نێوان لایەنەسیاسیەكانی كوردستان فراوانتر دەبێت و ئەوانیش كاریگەری ئەجندای دەرەكی و خۆپەرستی و گەندەڵی بڕستی لێبڕیون و لە رابردوودا كێشەكانیان هێندە بەسەردا كەڵەكە بووە ناتوانن لە ژێر ئەو فشارانەدا دەرچن و تادێ‌ باری ئابووری خەڵك بەرەو پوكانەوە دەچێت و كەچی كادیرانی خۆیان و ئەندامانیان قەبە و قەبەتر دەبن، ئەوە یەك لەو گرفتە هەرە گەورەی دەسەڵاتی كوردییە كە بەردەوام نێوانی خەڵك و دەسەڵات، نێوانی ئەندامانی خۆیان و حزبەكانیان فراوانتر دەكات، ئاخر پارتەكانی دەسەڵات بەجۆرێك غروور بوون هیچ بەهایەك بۆ بەرامبەرەكەیان و توڕەیی خەڵك دانانێن، بۆیە بازنەی دەسەڵاتی ئەوانیش تادێ‌ بەرەو تەسك بوونەوە دەچێ‌ و ئاوا بڕوا دەخلیسكێنە نێو زەلكاوی ئەو گەندەڵی و خۆ بەزلزانینەی بەرچاوی تاریك كردوون.

رۆژی شەهیدانی شیوعی ئەوەمان بیردێنێتەوە كە هەموو شەهیدانی كوردستان بەگشتی لە پێناوی رزگاری و عەدالەتی كۆمەڵایەتیدا گیانی خۆیان بەخت كرد، ئەوان واتە شەهیدان هەرگیز بۆ دەسكەوتی تایبەت و پۆست نەهاتنە ریزی شۆڕشەوەو پێویستە لەم رۆژەدا بیرێك لە سەرەرۆییەكانی دەسەڵاتی خۆماڵی بكەینەوەو چیدی پەشیمانی نەبێتە گوتەیەكی باوی كۆمەڵگا و هەروا ئەو سیما ناشیرنەی وەك پەڵە بەدەسەڵاتی كوردی و حزبەكانەوە نووساوە كۆتایی پێ‌ بهێنریت و هەموان لەسەر مێزێكی بازنەیی كۆببنەوەو كەس خۆی لەویتر بەگەورەتر نەزانێ‌ و كەسیش ویست و ئیرادەی خۆی بەسەر ئەویدیدا نەسەپێنێ‌، ئاخر ئەو قەیرانەی بەرۆكی هەرێمی گرتووە پاشخانێكی ناشیرینی هەیە و دەشێ‌ لە هەرسات و كاتێكدا بێ‌ هەموو دەسسكەوتەكان لەبار بچن و ئەوكات زەرەر مەندی یەكەم هاوڵاتیان و بە لەناچوونی خۆشیان كۆتایی دێت، شەهیدانی پارتەكان ئەگەر زیندوو ببنەوە هەمان ئەو داواكاریەیان دەبێت و ناشێ‌ تاسەر حزبەكانی دەسەڵات گرنگی بەشەقام نەدەن و لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بترسن و هێزە حزبیەكانیان فێرە سەركوتكردن بكەن و حكومەت بخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە و گوێ‌ بە داواكاری و بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیان نەدەن، ئێستاش نەچووە بچێ‌ دەكرێ‌ ئاوڕێكی خێرا لە خوێنی شەهیدان و كەسوكاریان بدەنەوە و گوێ‌ لە لایەنەكانی دی بگرن و لەسەر مێزێكی بازنەیی كە كەس لەكەس گەورەتر نەبێ‌، تەواوی قەیرانەكان و گرفتە قەبەكانیان كۆتایی پێبهێنن، ئەگەرنا داهاتوێكی سەخت كە چاوەڕێی ناكەن هەردووك زۆن و تەواوی كورسیەكانیان لە بن رادەكێشێ‌.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا