له روانگهی چینایەتیەوە
نابێت ئیتر خۆپیشاندان لە پەروەردەی ڕۆژهەڵاتەوە و بەرەو پەرەوەردەی ڕۆژئاوا بڕوات ولەوێ كۆتایی پێبێت
و دوو ڕۆژ پشوو بێت و دیسان بەهەمان شێوە دەست پێبكاتەوە ٠
خۆ پەروەردەكان بەرپرسیاری یەكەم نین لەپێنەدانی مووچە ودەرماڵەكان ، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و وەزارەتی دارایی بەتایبەتی بەرپرسیارێتی یەكەمیان دەكەوێتە ئەستۆ بۆیە پێویستە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان بەرەو ڕووی سەرانی دەست ڕۆشتووی دەسەڵاتەكانی هەولێر و سلێمانی و كۆشك و تەلارەكانیان بێت٠
ئەم ئاراستەیەش وا دەخوازێت لەهەمووان كە مەیدانی خۆپیشاندانەكان فراوانتر بكرێت و هەموو شەقامەكانی سالم و مەولەوی خانەقا و سەرای ئازادی شار ڕەنگڕێژی دروشمەكان و هەموو پارێزگاكانی سلێمانی وهەلبجە و دهۆك و هەولێر ببنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاران وموچە دزانی دەسەڵاتی هەرێم ٠
لەبەرنامەكاری داخوازی و ئامانجەكاندا داوای گۆڕینی سیاسەتی حوكمڕانی و ئاڵوگۆڕی ڕوانگە ئابووریەكان بن و پشت بەستوو بن بەتوانست و توانا مرۆیی وسروشتی و داهێنانە ناوخۆیەكان نەك كردنەوەی هەموو سنورەكان لەئاسمان و سەرزەوی و مەرزەكان بەڕووی كاڵا وسەرمایەی كۆمپانیا بیانیەكان ٠
دەبێت لاوانی خوێن گەرمی بێكار دروشمی كارو كرێی گونجاو بەرز بكەنەوە و مامۆستایانی بەئاگا و پێشڕەو لەگەڵ دروشمی پێدانی مووچە دا هاواری گۆڕینی سیاسەتی ئابووری و سیستەمی حوكمڕانی بكەن،كەئەمە هۆكاری ڕاستەقینەی نەدانی مووچەیە٠
چینی كرێكار هاوشانی داواكاریە ڕۆژانەیە پیشەییەكانیان دەبێت ئاڵاهەڵگری ئازادی و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بن وخەباتی پیشەیی وسەندیكای ئاوێتەی تێكۆشانی سیاسی بكەن ٠
توێژی ڕۆشنبیران و یاساناسان و كەسایەتیە مەدەنیەكان بێ دوودڵی و ڕاشكاوانە باسی فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی و سەروەری یاسا وسەربەخۆی دادگاكان بكەن وبێ سڵكردنەوە تاوانەكانی دەسەڵات بخەنە ڕووبۆ ڕای گشتی٠
خانەنشینانی مەدەنی و پێشمەرگایەتی و كەم ئەندامانی
سەنگەر و خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دوور لە عەقلیەتی وابەستەیی بەڕابردوو و بیری تەسكی حزبایەتی لەمەیداندا بن بۆ داكۆكی كردن لەمافی خۆیان و خانەوادەكانیان ٠
فەرمانبەرانی میری كە چەند ساڵە بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی ووڵات بەڕێوە دەبەن قبوڵ نەكەن كە خزمەتی چەند ساڵەیان بەفیڕۆ بڕوات و هاوشانی چین و توێژەكانی تر داوای حەقی ڕەوای خۆیان بكەن ٠
تابلۆی سیاسی و شێوازی حوكمڕانی ئەم دوو هێزە بە پلان
و نەخشەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی جیاواز لە بەرنامە و ڕوانگەی دەسەڵات كەلەسەر بنەمای سیستەمی ئابووری بازاڕی وابەستە بەجیهانی سەرمایەداریەوە بنیات نراوە و برەو بەكەرتی تایبەتی ڕەها دەدات ، دەبێت هەموو ئەو چین وتوێژانە وبەرنامەكانیان دروشمەكانیان داخوازیەكانیان یەكبخەن وهاوهەڵوێست و بەیەك نەفەسی سیاسی شۆڕشگێڕانە و بەخەباتی جەماوەری بەرفراوان و پشوو درێژە بێنە مەیدانی وەرگرتنی مافەكانیان ئەگینا هەر گیز دەسەڵاتی پارت و یەكێتی ئامادەنین لە و هەنگاوانەی ناویانە پاشەكشە بكەن و ژیانێكی شایستە و گونجاو بۆ جەماوەری گەل بەهەموو چین وتوێژەكانەوە دابین بكەن ٠
حزب و لایەنە سیاسیەكان كەبەرنامەیان جیاوازە لە هێڵی سیاسی وفكری دەسەڵات و ناڕازین لە شێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان ،دەبێت لە ژیانی سیاسی و هەڵوێستی ڕۆژانە و كار و چالاكیەكانیان بەكردەوە بەرجەستەی بكەن و بەشێوەیەكی ستراتیژی تەماشای ئەم ناكۆكیانە بكەن نەك مراعاتی سیاسی و بەرژەوەندی كاتی بكەنە پێوەر بۆ مامەڵە كردن لە گەڵ دۆخەكەدا ٠
ئەوكاتە بەباشی گۆڕانكاری دروست دەبێت و ژیانی هەمەلایەنەی جەماوەر بەرەو ئاراستەیەكی ئاشتیخوازانە وعادیلانە دەڕوات ئەگینا بەخەباتی گوێژێكی دیاركراو و چەند داوایەكی ئابووری دەسەڵات ئامادە نیە چارەسەری كێشەكان بكات سەرباری ئەوەی ئەم. جۆرە خەباتەش جێگای ڕێزە وفشارێكە لەسەر دەسەڵات ٠
عوسمان زیندانی
٢٥-١٢-٢٠٢٣