خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ توێژینەوەی:

( شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا)

 مەغدید حاجی

 بەشی یەکەم

٭ پێشەکی:

 " شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا توێژینەوەیەکی شیکاری بەراورد کارییە" ناونیشانی توێژینەوەیەکە  پ. د. فرسەت مەرعی مامۆستا لە زانکۆی زاخۆ بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی و لە (کۆنفرانسا هەڤبەش یا دەستەیا ئینسکڵۆپیدیایا پارتیا دیموکراتا کوردستانێ و زانکۆیێ دهۆکێ )پێشکەش کراوە.

 کۆنفرانسەکە لە 2021-9-12-11 بە ناونیشانی، یان لەژێر دروشمی(شۆڕشا ئەیلولێ وەرچەرخانەک ددیرۆکا سیاسی یا کوردی دا) بەڕێوە چووە. تەواوی بابەتەکانی کۆنفرانسەکەش  بە یەکەوە لە دووتوێی بەرگێکی گەورەدا بڵاوکراونەتەوە و زنجیرە(20) بۆ دانراوە(1).

 بەڕێز د. فرسەت پسپۆڕە لە مێژووی ئیسلامی ، بەڵام هاتووە لەسەر شەڕی هەندرێن 1966 و مێژووی هاوچەرخی کوردی نووسیوە! بێگومانم ئەگەر ئەم توێژینەوەیەی لە کاتی خۆی بۆ پلە بەرزکردنەوەی زانستی پێشکەش بکردایە لێی وەرنەدەگیرا. بەڵام ئێستا بۆ بەشداربوونی لە کۆنفراسێکی زانستی و لەسەر شۆڕشی ئەیلول و شەڕی هەندرێن، دەشزانی کە داستانی هەندرێن بوو بە شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە شۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگەو فەرماندەکانی حزبی شیوعی عیراق ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان تێدا بینیوە، بەڵام د. فرسەتیش وەکو زۆر لە لایەندارانی پارتی دیموکراتی کوردستان نەیویستووە ڕۆڵی سەرەکی حزبی شیوعی لە پلاندانان و تۆمارکردنی داستانەکەدا تۆماربکات و ئەمیش بە جۆرێک نووسیویەتی کە زیاتر بە دڵی پارتی بێت ، زیاتر ویستوویەتی ڕۆڵی پارتی و سەرۆکی پارتی لەوکات  لەم شەڕە مێژوویەدا وا بخاتە ڕوو تاکو پارتی لە ئێستادا  پێی خۆشبێت و لە کۆنفرانسەکەش قبوول بکرێت ، لەسەر حیسابی دوورکەوتنەوە لە ڕاستی مێژوویی ، ئەو ڕاستییەی ئەمساڵ 2023 کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕاشکاوانە لە وتارێکیدا لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەو مۆنۆمێنتی بارزان دانی پێدانا کە حزبی شیوعی ڕۆڵی هەرەگەورەی هەبوو لە داستانی هەندرێندا.

 بۆیە منیش وەکو پسپۆڕێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد و ئاگادار لە وردەکاری و ئەنجامدانی ئەم شەڕە مێژووییە بە ئەرکی سەرشانم زانی بە پشت بەستان بە سەرچاوەکان لە دوو بەشدا  وەڵامی توێژینەوەکەی بەڕێز د. فرسەت بدەمەوە .

 1- ناونیشانی توێژینەوەکە  لەگەل ناوەرۆک یەک ناگرێتەوە.

 ناونیشانی توێژینەوەکەی د. فرسەت ئامەژەدانە بە شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا، بەڵام بەلای کەمترین سەرچاوەی کوردی و عیراقیدا چووە،کە باسیان لە شەڕی هەندرێن کردبێت،هەروەکوو لە پەراوێز ڕوونی دەکەمەوە (2) .

 هەروەها توێژەر لە ناونیشانەکەی دوورکەوتۆتەوە کە چووە بەشێکی زۆری توێژینەوەکەی بۆ سەرچاوەی ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی تەرخان کردووە. ئەم سەرچاوانەش زیاتر ڕۆژنامەنووسین ودوورن لە مێژوونووسی زانستیانە. دیارە توێژەر ویستوویەتی قەبارەی نووسینەکەی زیاتر بێت!!

 2- لە(پوختە)ی بەرایی توێژینەوەکەدا توێژەر ئاماژەی بۆ ئامانجی سەرکردایەتی سوپای عیراق کردووە لە دەست بە سەراگرتنی شاخە ستراتیژییەکانی هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا ، توێژینەوەکەش بە گوێرەی ناونیشانەکه لەسەر شەڕی هەندرێنە بەڵام چەند جار باسی شەڕی زۆزکی کردووە،کە شەڕێکی جیاواز بوو. هەروەها دەڵێ  لە2ی مایسی1966 سوپای عیراق توانی دەست بەسەر چیای هەندرێندا بگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا سوپای عیراق بە هاوکاری جاشەکان لە شەوی2/3ی مایسی1966 توانی بەشێکی چیای هەندرێن لە لای باکوری ڕۆژئاوای چیاکە بگرێت و بگاتە لووتکەی کەپکە موو،لە بەرانبەریدا پێشمەرگە زۆرینەی پانتایی چیاکەی لەبن دەستدا مابوو ،بەرگری پاڵەوانانە کراو ڕێگا لە پێشڕەوی زیاتری سوپاو جاش گیرا . بەرگری کردنەکەش تاکو12 مایس بەردەوام بوو.

 لەم پوختەیەی د. فرسەت هاتووە کە "سەرکردایەتی شۆڕشی کورد بە سەرۆکایەتی مەلامستەفا بارزانی بەزانایی پلانێکی تۆکمەی دانا توانی چیای هەندرێن لەبن دەستی سوپای عیراق دەربهێنێت(3)".

 سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و کەسایەتییەکانی بەشدار بوو لە شەڕەکەو داستانی ڕزگارکردنی چیای هەندرێن ئەوە دەسەلمێنن کە ڕەئیس کەمال نعمان سابت فەرماندەی یەکەمی هێزەکانی حزبی شوعی لە هەندرێن و دەوروبەی و ئەندامانی لێژنەی ئازادی (لێژنەی ئازادی لێژنەیەکی سیاسی و سەربازی  تایبەت بە حزبی شیوعی بوو لە ناوچەکە) لەگەل عزەت سلێمان بەگ کە ئەویش یەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بوو لە هەندرێن سەر بە هێزی باڵەک و بارەگای بارزانی بوو، ئەوانە گفت وگۆیان لەسەر پلانەکە کردووەو پەسندیان کردووەو مەلامستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانیان لێ ئاگادر کردۆتەوەو ئەوانیش پەسندیان کردووە(4).

 3- لە (تمهید) دەستپێکدا ،توێژەر نووسیویەتی:" شەڕی هەندرێن لە شەڕە یەکلاکەرەوەکانە لە مێژووی بزووتنەوەی کوردی لە عیراقدا ، بۆ یەکەمجار ڕەوتی شەڕەکەی گۆڕی . ڕووداوەکانی لە دوازدەی ئایاری 1966ڕوویدا(5)". . قسەکە تاکو مێژووەکە دروستە ،بەڵام سەبارەت بە مێژووەکە دەبێ ڕوونی بکەینەوە کە شەڕی هەندرێن لە شەوی2/3ی ئایار تاکو 12-5-1966 بەردەوام بوو، لە ئێوارەی12-5-1966 بە شەڕە یەکلاکەرەوەکە کۆتایی هات و ناونرا(داستانی هەندرێن) .

 هەر لەم دەستپێکەدا  هاتووە:" .. لیوای چوار لە سوپای دووی عیراق دۆڕاندی و لەسەر چیای هەندرێن تێکشکا ، لە ئەنجامی هێرشی پێشمەرگە بە پاڵپشتی جەنگاوەرو پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عیراق(6)".

 ئەوە ڕاست و واقعی نییە بڵێی بە پشتیوانی جەنگاوەرانی حزبی شیوعی عیراق، لیوای چواری سوپای عیراق تێکشکا،  چونکە هێزی سەرەکی لە چیای هەندێن و لە شەڕی هەندرێن هێزی حزبی شیوعی بوو ،لە پێنج فەرماندەی مەیدانی شەڕی ڕزگارکردنی هەندرێن:(ڕەئیس کەمال، فاخر مێرگەسۆری، ملازم خدر، ملازم عەبدولرەحمان، عزەت سلێمان بەگ)تەنیا عزەت بەگ و لقەکەی لە دەرەوەی لێژنەی ئازادی بوون، ئەویش (کاک عزەت) پارتی نەبوو، هەروەکو لە کتێبی بیرەوەریەکانی(شانێک لەبن باری نیشتمان)ڕوونی کردۆتەوە کە لەوای1962 لەحزبی شیوعی دەرچووە نەچۆتە ڕیزی هیج حزبێکی تر(7) بەڵام دۆستی حزبی شیوعی بوو بەشێک لە پێشمەرگەکانی شیوعی بوون و بەشێکیش پارتی .. دوو لەسەر سێی هێزی هەندرێن سەر بە حزبی شیوعی بوون، بۆیە ڕەوانییە بگوترێ" بە پاڵپشتی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی لیوای چواری سوپای عیراق تێکشکێنرا ".

 هەروا توێژەر ئاماژەی بۆ نووسینی کاک مەسعود بارزانی کردووە، لە کتێبی(بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) باس لە ڕۆڵی حزبی شیوعی و جەنگاوەرە عەرەبەکان دەکات لە شەڕی هەندرێن. دەقێکی نووسینەکەی وەرگرتووە کە زۆر لە نووسەرەکانی لایەنگری پارتی دووبارەی دەکەنەوە کە دەڵێ:" لە ڕۆژی12ئایاری1966 پێشمەرگە جوانترین داستانی لە هەموو مێژووی کوردا تۆمارکرد .نموونەیەکی کەم وێنەبوو،لە بەرهەمی هاوکاری و گونجانی تەواو لە نێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی ، نموونەیەک بوو لە برایەتی ڕاستی نێوان کوردوعەرەب.بەشێک لەو ئەفسەرو جەنگاوەرانەی لە شەڕەکەدا بەشداربوون عەرەب بوون،لەگەل براکوردەکانیان بەرگریان لە کوردستان کرد، پشکێکی شەڕەفمەندانەیان هەبوو لە ڕزگارکردنی ناوچەکە، بە تایبەتی ناوی ڕائد کەمال نعمان ، فەریق نعمان علوان  ناسراو بە (ملازم خدر)دێنم(".

 لێرەدا بەشێک لە وتەکانی کاک مەسعود بارزانی جوان و دروستن ،دانی بە ڕۆڵی شەڕەفمەندانەی پێشمەرگەو فەرماندە شیوعییەکان ناوە،لە دیاترین شەڕی یەکلاکەرەوە لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردا. بەڵام لای کاک مەسعود ڕوونە کە پلان داڕێژەری داستانەکە فەرماندە شیوعییەکان بوون،هێزی سەرەکیش بوون لە هەندرێن بۆیە نەدەبوو لێرەدا ناوی حزبی شیوعی لە دوای ناوی پارتی بێنیت.

 هەر کاک مەسعود لەم کتێبەیدا چاپی عەرەبی2002 لە ل 177 نووسیویەتی:" سەرکردایەتی هێرشەکە ئەمانە پێی هەڵسان: کەمال نعمان، ملازم خدر، فاخر مێرگەسۆری، عزەت سلێمان بەگ(9)". لەو چوارکەسە سێیان فەرماندەی شیوعی بوو، چوارەمینیش دۆستی حزبی شیوعی بوو.

 بەڵام لەم دواییەدا هەروەکو پێشتر ئاماژەم بۆی کرد کاک مەسعود ڕایگەیاند کە حزبی شیوعی ڕۆڵی هەرەسەرەکی بینی لە داستانی هەندرێندا.

 د. فرسەت لە توێژینەوەکەدا زیانی گیانی دوژمنی لە شەڕی هەندرێندا هەمان ئەو ژمارانەی بڵاوکردوونەتەوە کە کاک مەسعود لە کتێبەکەی دایناون،(400)کوژراوو (600) بریندار (10 ) کە ئەم ژمارانە ووردو دروست نین و زێدەڕۆییان تێدا کراوە، عزەت سلێمان بەگ و ملازم خدر ، هەردووکیان دوو فەرماندەی شەڕەکەبوون بە پوختیش لەسەر شەڕەکەیان نووسیوە.

 کاک عزەت نووسیویەتی: "زیانی دوژمن ئەوەی لە مەیدانی شەڕ بەجێمابوون 48 کوژراو بوون لە ئەفسەرو سەرباز  نۆ کەسیشیان بە دیل گیرابوو(11) .

 ملازم خدریش نووسیویەتی کە "زیانی دوژمن دەوروبەری(60) کوژراوو (28) دیل بوون. دوایی هەموو دیلەکان درانەوە بە عەبدولرەحمان محەمەد عارف سەرۆک کۆماری عیراق کە بۆ وتووێژ هاتبووە لای بارزانی(12).

 ( ماویەتی)

 پەراوێزەکان:

(1) بڕوانە : أ.د.فرست مرعي، معركة هندرین في المصادر الكردیة والعراقیة، اعمال المٶتمر العلمي الدولي الثالث، مجموعة باحثین،ثورة ایلول منعطف في التاریخ السیاسي الكردي، ص (491-457)

(2) ئەم سەرچاوانەی خوارەوەو زۆر سەرچاوەی تر باسی شەڕی هەندرێن دەکەن نووسەر هەربەلایاندا نەچووە:(بیرەوەریەکانی زرار سلێمان بەگ، نووسینەکانی عزەت سلێمان بەگ بەتایبەتی ئەوانەی لە ژیانی خۆی نووسیونی،بیرەوەریەکانی ئەحمەد بانیخێلانی،بیرەوەریەکانی شێخ عەتا تاڵەبانی، نووسین وچاوپێکەوتنەکانی ملازم خدر، کتێبی هاوکار کەریم لەسەر شۆڕشی ئەیلول،د. سەروەر عەبدولرەحمان  حشع و مەسەلەی کورد).. دەیان وتارو دیدار لە ڕاگەیاندنەکان بە تایبەتی لە (ڕێگای کوردستان) بڵاوکراونەتەوە..هتد زۆر سەرچاوەی تر.

(3) أ.د.فرست مرعي، م.س،ص457

(4)الملازم خضر، یومیات ملحمة هندرین،مخطوطة غیر منشورة.هەروەها چاوپێکەوتنی تۆمارکراوم لەگەل ناوبراو .

(5) د. فرست مرعی،م.س، ص457.

(6) م.س

(7) شانێک بە بن باری نیشتمانەوە ،ژینواری عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی،2021 ل 95 و ل106

( مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، ج3،ثورة ایلول،1961-1975،اربیل2002،ص179.

(9) هەمان سەرچاوەی پێشوو.

(10) هەمان سەرچاوە.

(11)عزەت سلێمان بەگ ،داستانی شەڕی بەناوبانگی هەندرێن لە ساڵی1966، ڕۆژنامەی برایەتی ژمارە1644 لە 14-5-1993

(12)الملازم خضر،یومیات ملحمة هندرین، مخطوطة غیر منشورة.

 دووەم وێنە شەهید فاخیر مێرگەسۆری ، فەرماندەی یەکەم لە داستانی هەندرێن 12-5-1966، سێیەم وێنە دوو فەرماندەی دیکەی داستانی هەندرێن: عزەت سلێمان بەگ و ملازم عەبدولرەحمان ، وێنەکەش لەسەر چیای هندرێن گیراوە، چوارەم وێنە ملازم خدر یەکێکی تر لە فەرماندەکانی شەڕی هەندرێن و فەرماندەی تۆپخانە لە هەندرێن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە