
هۆشیاری عەبدولعەزیز
بەپێی زۆر لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، هەڵمەتی هەڵبژاردن پرۆسەیەكی رێكخراوی پڕوپاگەندەكردنی بەردەوامە، كە هەر حزب و ڕێكخراو و قەوارەیەكی سیاسی و كەسایەتییەكی سەربەخۆ بەپێی یاسا و ڕێسا بەركارەكان، دەتوانێ لە ماوەی دیاریكراوی بانگەشەدا و بەپێی پلان و نەخشەیەكی داڕێژراو، گورزەیەكی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و بە ڕەچاوكردنی دۆخی گشتی كاری لەسەربكات .
واتا لایەنی بەشدار دەتوانێ لە ماوەی دیاریكراوی بانگەشەدا بەهەموو جۆرە ڕێگەیەكی ڕەوا و بەپێی یاسا پڕوپاگەندە بۆ خودی لیست و كاندیدەكانی بكات، تا ئەو ئاستەی لە فەزای گشتیدا پڕوپاگەندە نەبێتە هۆكاری شێواندنی پایەكانی دیموكراسی، چونكە دیموكراسی بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەك نادات و كاریگەری نابەخشێتە دەرەوەی خۆی و ناتوانێ ژینگەیەكی لەبار بخوڵقێنێ بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتییانەی ئەوتۆ، كە هاووڵاتی هەست بە سەقامگیری گشتی بكات . هەرچەندە تا ئێستا ئەم پرسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك پرسێكی لاوەكی و قۆرخكاری تەماشادەكرێت و نەتوانراوە بەشێوە سروشتییەكەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام بوارێكی گرنگە بۆ دیموكراسییەت و دەكرێ لە زۆر ڕووەوە ببێتە هۆكاری پاراستنی ئەو سێستەمە و نموونەیەكی جوانی لێ بەرهەمبهێنرێ بەئاراستەی ئاساییكردنەوەی ململانێی لیست و قەوارە بەربژێرەكان و هەرئەمەش ببێتە هۆكارێك تا لە ڕێگایەوە نوێنەرانی هاووڵاتییان بەو بەشدارییەیان بتوانن گوزارشت لە دەنگ و رەنگی هەمووان بكەن بێ جیاوازی .
بەم تێگەیشتنەش دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە هەڵبژاردن یەكێكە لە پایە بنەڕەتییەكانی دیموكراسی و لە بازنەی ئەم پایەیەشدا پڕوپاگەندە خاڵی سەلماندنی حەقیقەتی بەڕێوەچوونی میكانیزمەكانی پرۆسەكە دەستنیشاندەكات و دەبێ لایەنی بەشدار پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییە بێت، كە بەیاسا لە نێوان حزب و قەوارە سیاسییەكان و هاووڵاتییاندا ڕێكخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ لە بانگەشەدا سامانی گشتی بەهەدەربدرێت و پرۆسەكە بكرێتە بازاڕ و ئاڵووێری پێبكرێت و كڕین و فرۆشتنی دەنگ بێتە پێشەوە، چونكە كە بانگەشە گەیشتە ئەو ئاستە، میكانیزمی بەڕێوەچوونی پڕوپاگەندە دەبێتە سەرمێزی دوكانێكی فرۆشیار و سەودا و مامەڵە بە دەنگی هاووڵاتییانەوە دەكرێت و ئیتر هەڵبژاردن هیچ بەهایەكی نامێنێ وەك ئەوەی كە هاووڵاتییان ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن و بەشداربن لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا، گوتار و پڕۆژەی هەڵبژاردن و بەرنامەی سیاسی و ئابووری هەڵبژاردنی هەر كاندید و لایەنێكی سیاسیش دەبێتە لاستیكی شەدەیەك دینار و هەركەسە و بەجۆرێك كێشی دێنێتەوە و پارەی پێوەردەگرێ و هیچ متمانە و ڕاستگۆییەك نامێنێتەوە بۆ ئەو حزب و قەوارە و گرووپانەی بەشداری پرۆسەكە دەكەن و ئیتر هاووڵاتی ناتوانێ ڕاشكاوانە پاڵێوراو ڕووبەڕووی هەر ئیلتیزامێكی ئەخلاقی و سیاسی گەورە بكاتەوە، كە ئەو دەنگی پێداوە، لە گەڵ ئەوەشدا كە دەنگدەر مامەڵەی بە دەنگی خۆیەوە كرد، ناتوانێ چاودێری وردی ڕاستگۆیانەی، ڕاستگۆیی كاندید و جێبەجێكردنی گوتارە سیاسییەكەی بكات، واتا لەم نێوانەدا هیچ جۆرە متمانەیەكی ئەخلاقی نامێنێتەوە لە نێوان دەنگدەر و حزب و قەوارە و كاندیدەكاندا و ئەمەش دواجار دەبێتە هۆكاری بەرهەمهێنانی جۆرە بێحورمەتییەك، كە بە پرۆسەی دیموكراسی و خەسڵەتەكانی دەكرێ، لە چوارچێوەی كۆمەڵگەدا و كەس ناتوانێ پارێزگاری لە پێگە جەماوەرییەكەی خۆی بكات كە پێشتر هەیبووە .
گەر لەم ڕوانگەیەشەوە چاوێك بە پرۆسەی دیموكراسی و پێوەرەكانی جێبەجێكردنیدا بخشێنین لە عێراق و كوردستاندا، ئەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ئەوەی لێرە ڕوودەدا مەترسیدارترین جۆری یاریكردنە بە دیموكراسییەتەوە، چونكە دیموكراسییەت بەواتا ڕاستەقینەكەی خۆی پشتدەستخراوە و ئەوەی كە هەیە بەكارهێنانی كەرەستەی بەدیلە بە خەسڵەتەكانی دیموكراسی و ئەم كەرەستەیەش پارەی سیاسییە، كە ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دەنگ و فشاری دامودەزگاكانی دەوڵەت و قۆرخكاری پڕۆژەكانەوە هەیە و هێز و قەوارە دەسەڵاتدارەكان بێڕەتووش و بەئاشكرا یاری پێدەكەن .
هێز و ڕەوتە سیاسییە حوكمڕان و دەستڕۆیشتووەكان لە تەواوی عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ملیۆنەها دۆلار خەرجدەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمان و پلە و پۆستە گرنگەكانی دامودەزگا هەستیارەكان و دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە دەسەڵات قۆرخكەن و سەروەت و سامانی نیشتمانی هەڕاجكەن و خۆیان ببنە خاوەنی هەموو ئەو یاسا ور ِێسایانەی كە كۆمەڵگە داگیردەكات .
بۆ سەلماندنی ئەو حەقیقەتەش ئەوەتا بەپێی داتایەكی پلاتفۆڕمی میتا، كە كۆمپانیایەكی تەكنەلۆژیای فرەنەتەوەیی ئەمریكییە و بنكەكەی لە مێنلۆ پاركی كالیفۆرنیایە و خاوەنی فەیسبووك و ئینستاگرام و سرێدس و واتس ئەپە، لەماوەی نێوان ٢٤ ی ئەیلول بۆ ٢٣ ی تشرینی یەكەم ٢٠٢٥ دا كە دەكاتە ماوەی مانگێك ٤٣٢ هەزار و ٩٦٣ دۆلار بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی تەنها لە پلاتفۆرمەكانی سەر بە كۆمپانیاكە سەرفكراوە، ئەمە جگە لەو بەهەدەردانە زەبەلاحانەی كە هەر لە سەرەتای جووڵە و پڕوپاگەندەی پارت و بەربژێرەكانەوە دەستیپێكردووە، دەستكراوە بە بەكارهێنانی پارە بۆ دەنگكڕین و نرخی دەنگێك گەیشتۆتە زیاتر لە ١٠٠ دۆلار و بەكارهێنانی كارتی فشار و كۆكردنەوەی خێڵ و عەشیرەتەكان و گردبوونەوەی ناندان و زۆری تریش، هەریەك لەوانەش لە ئاستی خۆیدا كاریگەری مەترسیدار و نەرێنی دەبەخشێ و دواجاریش دیموكراسی و هەڵبژاردنی پێ بێحورمەت دەكرێ وەك ئەوەی ئێستا كراوە و هەڵبژاردن بووەتە سەرچاوەی هەڵڕژاندن و پارە بەخشینەوە و بخۆ و بڕۆ و لرفكردن و تێرنەبوون و وەك ئاخوڕێكی بێخاوەن مامەڵەی پێوەدەكرێ، لە كاتێكدا دیموكراسی و هەڵبژاردن كردەیەكی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی گرنگە لەپێناو بەشداری سیاسی هاووڵاتی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پاراستنی جیاوازییەكان و ڕێزگرتنی ناكۆكییەكان و ڕكابەری بەشێوەیەكی ئاشتیخوازنە، نەك چەواشەكردنی ڕەعیەت و ئیحتكاركردنی سوڵتە و داگیركاری ئابووری و بەرهەمهێنانی ستەمكاری و قەشمەركردنی خەسڵەتەكانی ئازادی سیاسی و بێبەهاكردنی بەشداری هاووڵاتییان لە پرۆسەی دیموكراسیدا .