هیوا عومەر

 ئەم هەڵبژاردنە لە زۆر لایەنەوە جیاوازترە لەوانی پێشوو. ئەوەش بۆتە سەرچاوەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەنووکە تەواوی ناوەندەکانی دەسەڵاتی گرتووەتەوە. ترسێک نەک لەوەی کاریگەری لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان بێت لە بەغداوە، بەڵکوو لەو ڕوانگەیەی کاریگەری لەسەر نفووزی سیاسییان بێت و بواری دەستکاریکردنیان بۆ نەماوەتەوە. ئەوەی ماوەتەوە چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردنە لە خەڵک و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانبەران و مامۆستایان و تەنانەت کارمەندانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش. لەم ڕۆژانەدا چیرۆکی وەهامان زۆر بەر گوێ دەکەوێت. ئیش و کاریان بۆتە ئەوەی وێنەیەک لە کارتی دەنگدانیان لێ وەردەگرن و گوایە دەیانترسێنن کە ئەوان دەزانن دەنگیان پێداون یان نا، ئەگەرنا نانبڕاویان دەکەن!

 لەم ڕۆژانەدا، لە سەردانێکم بۆ گوندەکانی ناوچەی شەمامک، کوڕە جووتیارێکی گوندی سۆربەش لە دەشتی هەولێر وەهای پێ گوتم: «هاوڕێ، هیچ باوەڕم بەم دەسەڵاتە گەندەڵ و بێکەڵکە نەماوە. سەرەڕای ئەو هەموو مل شۆڕکردنە بۆ عێراق و تورکیا و ئێران، کەچی ئێستا هاتوون پێمان دەڵێن: ئەگەر دەنگمان پێ نەدەن ئەوە لە ئیشکردن دەرتدەکەین و نانبڕاوت دەکەین! جا ئیشی چی؟ بە پارەیەکی کەم لە کۆمپانیایەک کار دەکەم، نە مافی زەمانەتی کۆمەڵایەتیم هەیە نە بڕە پارەیەکی وەها

 لەو لاشەوە پیرەپیاوێک، کە تەمەنی لاوێتی لە ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر و شەڕی هێڵەوە بەسەر بردبوو، گوتی: «کوڕم، هەر گوێشت لێ نەبێت. ئەوە تەنها تای هەڵبژاردنە، ئەم جارە تاکە ئەوەندە گەرمە وای لێکردوون وڕێنەی وەهاش بکەن. ئەگەرنا کەس نازانێت دەنگت بە کێ داوە. لەم هەڵبژاردنە هیچ شتێکیان لە دەست نەماوە. من باشترم لە بیرە، ئێمە سەرمان بۆ ئاغا و بەعسییەکان شۆڕ نەکرد، ئەوانە چین لێیان بترسێین؟ ئینسان گرنگ ئەوەیە بە شکۆمەندی و سەربەرزییەوە بژیت

 لە لایەکی تر، هەر ئەم ترسە وایلێکردوون ناکۆکییەکی ساختەی دروستکراو لە ڕێگەی میدیاوە بۆ کۆمەڵگە دروست بکەن و خەڵک تووشی شڵەژان بکەن و وا تێیان بگەیەنن گوایە ئەوان جیاوازن لە یەکتری. کەچی ناوەرۆکی ناکۆکییەکانیان هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکەوە نییە و بە حەرفێکیش ناکۆک نین لەسەر ئەم بەرنامە سیاسی و ئابوورییەی کۆمەڵگە و ئەزموونی هەرێمی بەم دۆخە گەیاند.

 دوای زیاتر لە سی ساڵ حوکمڕانی، ئەوە فەرهەنگی سیاسییت بێت لە بڕی ئەوەی (٣١ی ئاب) و (١٦ی ئۆکتۆبەر) ببێتە دەرس و وانەی مێژوویی، جارێکی تر بێیت دەمەزەردی بکەیتەوە و کۆمەڵێک گەنجی پەراوێزخراو بهێنیتە سەر شەقام و شانازی بکەیت بەم مێژووە ڕەشە و لاکەی تریش هەموو کێشەکانی کوردستان بە کەسایەتی بکات.

 هەموو ئەوانەی ڕوودەدات، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشووش، بۆ لابردنی تەرکیزمانە لەسەر گۆڕینی سیستەم و ئەو بەرنامە ئابووری و سیاسییەی هۆکاری سەرەکی دۆخی ئەمڕۆمانە. ئەمڕۆیەک کە هەم مافەکانی هاووڵاتییان هەمیش ئەزموونەکەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا