لەڕوانگەی چینایەتیەوە
ماوەی سی ساڵە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی بۆرژوازی مشەخۆر و چەوسێنەر بەردەوامە بەسەر ژیان وچارەنوسی جەماوەرەوە ، ولەبەرامبەر یشدا خەڵك بەردەوام لەڕووبەڕوو بوونەوەدا بوون لەگەڵیاندا ، زۆر شێوازی ناڕەزایەتی گیراوەتە بەر و لەم ڕێگەیشدا خەڵك قوربانی زۆریداوە ،بەڵام ئەم خەباتە نەیتوانیوە بەئامانجی تەواوەتی خۆی بگات ئەویش ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە یان گۆڕینی سیاسەت وبەرنامەكەیانە بۆ باش كردنی ژیانی خەڵك و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی ٠
بێگومان چەندین هۆكاری ناوخۆیی و هەرێمایەتی ونێو دەوڵەتی هەن بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئەم ئاڵوگۆڕانەدا٠
هۆكاری ئیقلیمی : یەكێك لە كاریگەریەكانی مانەوەی یەكێتی وپارتی لە دەسەڵاتدا دەستێوەردانی ئێران وتوركیا
لەكاروباری سیاسی ناو هەرێمی كوردستان و پشتیوانی كردنە لێیان لە ڕێگەی هاوكاری سەربازی و ئەمنی و بازرگانی نموونەی لاینگرێتی هەر دەوڵەتێكیان بۆ لایەكیان لە شەڕی ناوخۆوە تا بەئێستاش دەگات ، ودەستێوەردان بەئەندازەیەكە كە ئاراستەی سیاسی و هەڵوێستیان دیاری دەكات لە مەسەلە چارەنووسسازەكانی وەك مامەڵە لە مەسەلەی سیستەمی حوكمڕانی و هەڵوێست لە مەسەلەی نیشتمانی لە بەشەكانی تری بزوتنەوەی سیاسی و خەباتی خەڵكی ڕۆژئاوا وڕۆژهەڵات وباكور كە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری ئەو دەوڵەتانە بپارێزن و زۆر بابەتی تر ، ئاشكرایە لای هەمووان ئەم ڕیزبەندیە ئیقلیمیەش هەر لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان وبنەماڵەكانیانە ٠
هۆكاری نێو دەوڵەتی : ئەم هۆكارە هاوشانی كاریگەری هەرێمایەتی بەڕاستەو خۆ و ناڕاستەخۆ كاری خۆی كردۆتە سەر داڕشتن و دانانی بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی وپارتی و دەسەڵاتەكەیان لە باری سیاسی وئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیەوە كەتەوژم و سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ پیادە دەكەن لە هەموو كایەكانی ژیانی پەروەردەیی وڕۆشنبیری و ئابوری وكۆمەڵایەتی و سیاسی دا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ناوەندە سەرمایەدارەكانی وەكو ئەمریكا و بەریتانیا ، بون بەبەشێك و شوێنكەوتوی سیاسەتەكانی ئەوان لە ناوچەكەدا،لەبەرامبەردا ئەوانیش دەسەڵاتەكەیان دەپارێزن لەمەترسەكانی عێراق و ئێران وتوركیا و تەنانەت لە ناو هەرێمی كوردستاندا پشتیوانی ناكەن لە خەباتی جەماوەر و بوونەتە بەربەست لە بەردەم دروست بوونی جێگرەوەی یەكێتی وپارتی ٠
لەلایەكی ترەوە هەردوو هۆكاری هەرێمایەتی ونێو دەوڵەتی پێكەوە ڕۆڵیان هەیە لە دیاری كردنی نەخشەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی هەرێم لە ڕێگەی دەستێوەردان لە پرۆسەی هەلبژاردنەكانی ناو هەرێمی كوردستان وعێراق ٠
هۆكاری ناوخۆی : كەگرنگترە لە هۆكارەكانی تر ئەویش پەیوەستە بەدوو واقعی سەرەكیەوە (دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكانی تر وجەماوەرەوە)٠
دەسەڵات :هەموو شێوازەكانی ستەمكاری بەكار دەهێنێت لەبەرامبەر هەڵوێستی لایەنەكانی تر وناڕەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستان لە كۆنترۆڵ كردنی ئیدارە و بازاڕ و ئابوری تا بە ڕاگەیاندنی چاوەشاكارانە و گرتن و بەرتەسك كردنەوەی فەزای هەڵسوڕان وچالاكی سیاسی لایەنەكان و چین وتوێژەكان ، نمونەی داخستنی دەرگای پەرلەمان و دواخستنی وادەی هەڵبژاردن و گرتن وكوشتن و نان بڕینی مووچە خۆران و بێ ئیرادە كردنی خەڵك لە ڕێگەی سیاسەتی برسی كردنەوە ٠
هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر: ئەمیش هۆكارێكی سەرەكیەلەناو كایەو ململانێ سیاسیەكاندا بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات وسنوردانان بۆ دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی ، كەبەداخەوە هەندێك لە و لایەنانەش لەژێر كاریگەری دەوڵەتانی ناوچەكەدانو ڕاگرتنی پەیوەندەكانیان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندەیەكان داڕشتوە ، لەلایەكی ترەوە نەیانتوانیەوە هەموویان لەسەر لایەنی كەمی بەرنامەیەكی هاوبەش ڕێكبكەون وفشاری تەواوەتی بكەن بۆ گۆڕینی دەسەڵات و لە هەڵوێست و ململانێكاندا لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا جەسوورانە و شۆڕشگێڕانە و پشوو درێژ نەبوون لەبەرامبەر چەوسانەوە و ستەمكاری دەسەڵات لە بەرامبەر پاراستنی مافی جەماوەرو تەنانەت مافی حزبەكانی خۆیان ٠
هەڵوێستی جەماوەر: سەرباری ناڕەزایەتی و هەڵوێستی بەردەوام و كار و چالاكی سیاسی لە دژی دەسەڵاتو داكۆكیكردن لەموچە و دامەزراند و بەرژەوەندی گشتی ، بەڵام هەندێك هەڵوێست و دەنگ هەڵبڕینەكان لەئاستی ئامانجە ڕاستەقینەكەدا نیە وكاریگەری سیاسی هەیە لە سەری و بێ بەرنامەیی لە خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەكاندا بەتایبەت كەنەتوانراوە بەشێوەیەكی سەرانسەری و بێت و بەوردی هۆكارەكانی قەیرانی حكومڕانی و بێ مووچەی دیاری بكەن كە وابەستەی دواكەوتوانە بەسیاسەتی ناوەندە سەرمایەداریەكان ودەوڵەتە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەوە هۆكاری سەرەكی قەیرانەكان و بێ مافی خەڵكەكەیە ،یان لەكاتی هەلبژاردندا لەجیاتی دەنگ بدەن بەلایەنەكانی تر ڕێگەی بەشداری نەكردن دەگرنە بەر كەئەم هەڵوێستەش دەسەڵات سودی لێ وەر دەگرێت .
وەئەگەر لە ناو خۆدا لایەنەكانی دەروەی دەسەڵات بەبەرنامەی هاوبەش و شۆڕشگێڕانە بچنە ناو ململانێ سیاسیەكانەوە بەباشی و تەواوەتی ببنە پێشڕەو و پشتیوانی جەماوەری بێبەش لەمافو ئازاد و ژیانێكی یەكسان وهەوڵی تەواوەتی بدەن بۆهوشیار كردنەوەی خەڵك ، بەدڵنیایەوە كاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی و زۆر زەحمەت دەبێت هۆكارە هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی بتوانێت تاسەر پشتیوان بێت و كاریگەر بێت لە سەر هەلومەرجی ناوخۆیی چونكە هەمیشە هۆكارە ناوخۆییەكان بنەما و ڕێگەی سەرەكی ڕزگاری گەلان و چینە چەوساوەكان بوون و دۆخی سیاسی و گشتی هەرێمایەتی ونێو دەوڵەتی بەردەوام. لەیەك ئاراستەدا نیە و ئەویش لەگۆڕان ململانێدایە٠