​  ستار ئەحمەد  

 

​مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی ڕابردوودا، پڕە لە وەرچەرخانی توند و ململانێی ئایدۆلۆژی، بەڵام بۆ گەلی کورد، ئەم مێژووە تەنها یەک ڕووی هەبووە: ئینکارکردن و سەرکوتکردن. کاتێک سەیری کارەکتەرە کاریگەرەکانی وەک ئەتاتورک، شا، جەمال ناسر، حافز ئەسەد و سەدام دەکەین، و لە دوای ئەوانیش ئەردۆغان و خامنەیی و ئەوانی تر، دەگەینە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر؛ کە لای ئەم سەرکردانە، نەتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی تاکە پیرۆزیی ڕەهایە، و هەموو شتەکانی تر، لە ئایینەوە تا عیلمانییەت، تەنها ئامرازن بۆ پاراستنی ئەو پیرۆزییە.

​پیرۆزیی نەتەوە لای ئەوانی تر..

​ئەگەر سەرکردەیەک وەک مستەفا کەمال ئەتاتورک عیلمانییەتی کردە ناسنامەی دەوڵەت، بۆ ئەوە نەبوو تورکیا بکاتە وڵاتێکی دیموکراس، بەڵکو بۆ ئەوە بوو نەتەوەی تورک لەسەر بنەمایەکی نوێ یەکبخات کە تێیدا بوونی کورد تاوان بێت. لە بەرامبەریشدا، کاتێک دەسەڵاتدارانی ئایینی لە ئێران یان تورکیای ئێستادا قورئان بەرز دەکەنەوە و باس لە برایەتی ئیسلامی دەکەن، تەنها کاتێکە کە بیانەوێت کورد لە مافە ڕەواکانی بێدەنگ بکەن.

​ئەم سەرکردانە سەلماندیان کە حیزب یان سیستەمەکە چ ئیسلامی بێت یا عیلمانی، لەو شوێنەی بەرژەوەندیی نەتەوەکەیان (تورک، عەرەب، فارس) بکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەن هەموو بەها مرۆیی و دەقە ئایینییەکان بخەنە لاوە. لای ئەوان، مرۆڤبوون و موسڵمانبوون مەرج نییە، بەڵکو نەتەوەبوون مەرجی یەکەم و کۆتاییە.

​کوردی بێنیشتمان و تەڵەی ئایدۆلۆژیا

​لێرەدا پارادۆکسێکی سەیر لەناو تاکی کورددا دەبینرێت. لە کاتێکدا داگیرکەرانی کوردستان نەتەوەکەیان کردووەتە خوداوەند و هەموو شتێکی بە قوربان دەکەن، بەشێکی زۆری کورد نەتەوەکەی خۆی کردووەتە قوربانی بۆ ئایدۆلۆژیا و ئایینەکان. کورد تەنها نەتەوەیەکە کە بەناوی برایەتی ئایینییەوە دەستی لە مافی خاک و زمانی خۆی هەڵگرتووە، بێئاگا لەوەی کە خوا حەقە و پەیامەکەی بۆ دادپەروەرییە، و هیچ دادپەروەرییەکیش لەوە گەورەتر نییە کە گەلێک خاوەنی کەرامەت و خاکی خۆی بێت.

​راستییەکی تاڵ

​ئەو سەرکردانەی لە وتارەکەدا  باسمان کرد؛ لە سەدامەوە کە بەناوی ئەنفالەوە کوردی کۆمەڵکوژ کرد، تا ئەردۆغان کە بەناوی ئایینەوە عەفرینی داگیر کرد، و خامنەیی کە بەناوی موسڵمانەوە، سێدارە بۆ گەنجی کورد هەڵدەواسێت، هەموویان لە یەک خاڵدا هاوبەشن: ئەوان بوونەوەری نەتەوەیین. ئەوان فێرمان دەکەن کە بێ نیشتمان و  بێ بوونێکی نەتەوەیی بەهێز، ئایین و پیرۆزییەکانیش دەبنە کەرەستەیەک بە دەست داگیرکەرەوە بۆ چەوساندنەوەی زیاتری ئێمە.

​بۆ ئەوەی کورد لەم بازنە داخراوەی ستەم ڕزگاری بێت، پێویستە تێبگات کە دادپەروەریی خودا لە ئازادیی گەلاندا بەرجەستە دەبێت. نەتەوەگەرایی بۆ کورد، نەک دژایەتی ئایین نییە، بەڵکو تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی مرۆڤ و کەرامەت و تەنانەت ئایینەکەشی. کاتی ئەوە هاتووە کوردیش وەک نەتەوەکانی تر، بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی بخاتە سەروو هەموو ئیعتیبارێکی ترەوە، چونکە مێژوو دەریخستووە: ئەو سەرکردەیەی نەتەوەی خۆی خۆشنەوێت، ناتوانێت خودای خۆشی بە ڕاستی خۆشبوێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا