
من ئێستا کە ئەو چەند دێڕە دەنووسم، شەستەمین دەنکە تەسبێحی تەمەنم ئاودیو کرد و بووم بە شەست ساڵ، بەڵام بە قسەی دایکم بێت تەمەنی من ئێستا سێ جار بیستە و بە قسەی پلکەحەیشی نورانی و ئاوەدانی گوندەکەشمان بێت، من ئێستا شەست جۆخینم. کە لە دایک بووم دایک و باوکی منیش وەکو هەموو دایکان و باوکانی خاوەن کوڕ، گوێزەبانەی مژدەی لەدایکبوونمیان بەسەر خەڵکی گونددا بەشییەوە. دایکم قوڕئانی لەتەنیشت سەرینم دانا و نوشتەیەکی بەرگ سەوزیشی بە کۆچکەی سەرمەوە کرد، بۆ ئەوەی لە چاوی پیس بە دوور بم و شەولەبانیش نەمبا. ئێستا کە بەوپەڕی حوزن و خەمباریەوە ئاوڕ لە ڕابردووی تەمەنم دەدەمەوە، تەزووی ئۆخژن و هەستێکی خۆشی سەراپای جەستەم دادەگرێت، چونکە بیرم نایەت بە منداڵیش ئاوێنەی ڕۆح و دڵی کەسم شکاندبێت، درۆ و بوختانم بە کەس نەکردووە. هەرگیز بێچوە باڵندەم لە هێلانە دەرنەهێاوە و بەردیشم نەگرتۆتە سەگ و پشیلە و هیچ گیانلەبەرێکی ئاوایی. جنێوم بە کەس نەداوە. تەنانەت لە یاری کەلایانێ و هەڵماتێن، هەموو جارێک خۆم بە دۆڕان دەدا، نەبادا دڵی هاوڕێکانم گەر دبگرێت. پێم شک نایەت هەرگیز دزیم کردبێت، جگە لە دزینی ئەو گوڵە ڕانگاڵەیی و ئەشڕەفیانەی ماڵی مام ڕەشید بگ، بەڕیز لە خوار کانی مزگەوتی گوند چاندبوونیان و دەست بۆ بردنیشیان هێڵی سووربوو. لەو کارواسەرای تەمەنمدا، بە باڵای دەیان کێوی بەرزدا هەڵگەڕام، بە سەدان بەرزایی و بژوێن و هەورازی ڕک و دژو سەختدا سەرکەوتم. بە نشێواندا شۆڕبوومەوە. هێشتا مێردمنداڵ بووم وەکو دێوانەیەکی گەڕیدە کەشکۆڵی وڵاتپەروەریم خستە شان و بە توێشەبەرەی خۆشەویستی جوتیار و گوندنشینە دەستوپێ قڵیشاوەکان، دەشتی کاکیبەکاکی قەراج و کەندیناوە و گەرمیان و شارەزوور و بیتوێن و بەرازگر و بادینانم تەی کرد. چوار وەرزی ساڵ و شەو و ڕۆژ و وەخت و ناوەخت مێوانی سەرسفرەی ڕەنگین و ڕازاوەی هەژارە گوندنشینەکان بووم و دڵنیام ئەگەر گەردنم ئازا نەکەن ماری ڕەش بە گەردنمەوە دەدا. ئاخر چونکە هێشتا بە چاکی دەستی ڕاست و چەپی خۆم نەدەناسی، سیاسەت بۆ خۆی بردم و پێی گوتم: ها ئەوە تفەنگ و ئەوە فیشەکدان، چیمان پێ گوتی وەکو ئەڵقە بیکە گوێت و ئەوە بکە کە من پێت دەڵێم، چونکە هەق لەسەر لوولەی تفەنگە! داخەکەم تفەنگ و سیاسەت بە جۆرێک دەستمیان زبر کرد، کەوا بەدرێژایی ئەو تەمەنەم، نازانم تەنانەت چڵە گوڵێک بە دەستەوە بگرم. لە شەستەمین ساڵوەگەڕی تەمەندا، سوپاسی ئایشەخانی دایکم دەکەم، کە هێشتا تامی شیری خاوم لە دەم دەهات، فێری ڕاستگۆیی کردم و پێی گوتم: ڕۆڵە هەرگیز درۆنەکەی، چونکە درۆ دووژمنی خوایە. سوپاسی کەمال بەگی باوکم دەکەم، کە فێری کردم کە نانێکت هەبوو لەگەڵ مێوانەکەت بیکە دوو بەش و کە خۆی سێ ژەمە، بەبێ مێوان نانی پێ نەدەخورا. سوپاس بۆ کتێب کە هەوێنی زاخاودانەوەی بەردەوامی هەست و بیرم بووە و هەر کتێبیش بووە بە زیندوویی هێشتوومیەتەوە و لێ نەگەڕاوە ژەنگاوی بم. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لێ ناگەڕێن تەنیایی بمخوات و خۆشەویستی ئەوان پێم دەڵێت: ژیان ئەوە دەهێنێت بۆی بژی.
