شاخەوان قادر شۆڕش

 

 تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی کوردانە ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت، چونکە ڕاستەوخۆ وەکو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەبینێت. سەبارەت بە کوردەکانی سوریا بە تووندی دژی هەر جۆرە مافێکی ڕامیاریی یا مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئەسەددا لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا ئەوەی چەندبارە کردۆتەوە، کەوا ڕێگەنادەن مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان یا جۆرێک لە مافی ڕامیاریی وەرگرن یا تەنانەت لە دەستوری داهاتوودا ناوی کورد بنووسرێت و دان بە بوونیان بندرێت. بەمجۆرە تورکیا دەڵێت دەبێ سەروەریی سوریا بپارێزرێت، پارچەنەکرێت، نەبێتە فیدرالی، حکومەت سەنترال بێت و هێزی چەکداریی سەر بە گروپە ئەتنیەکان نەمێنن. تورکیا هەمیشە پێیوابووە هەسەدە یا یەپەگە رێکخراوی تیرۆریستین و سەر بە پەکەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن و بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند، ناوچەکەش بخرێتەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند. تورکیا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە ئەم هەرێمەی ڕۆژئاڤا نەبێتە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بۆیە شێلگیرانە کاری بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاڤا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەش و نزیکایەتی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا، ئەردۆگان دەرفەتی ئەوەی پێدرا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، شاری عەفرین و کۆمەڵێ ناوچەی دیکە داگیربکات. ئەوسا کرێگرتە ئیسلامیەکانی دژ بە کوردەکان بەکارهێنا. تاوانی بە زۆر دەرپەڕاندن و نەهێشتنی کوردەکان لە زێدی باوباپیرانیاندا ئەنجام دران. بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ لە دۆستانی کورد کە نزیک بوون لە ترامپ، هێرشەکە وەستێندرا و خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان مایەوە. دوای هێنانی حەمە جۆلانی بۆ حوکم، ئەردۆگان دووبارە لەلایەن ترامپی برادەریەوە ئۆکەی بۆ کرا و ئەمجارە لە ڕێگەی جۆلانی و سوپای تیرۆریستانی سوریاوە لەژێر ناوی یەکخستنی سوریادا، هەوڵی تەواوکردنی ئەم ئەمانجەی دا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا نەیتوانی تەواوی بکات.

ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوانەکانی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا، سەیر دەکەین وەکو ئەوە وایە ئەو کەسە ئەردۆگانە و لە بەرگی تۆم باراکدایە دەئاخڤی و تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی خۆی سەبارەت بە کوردەکان و چۆنیەتی خۆدانەدەستیان دەخستە ڕوو. وەکو ئەردۆگان پێی وابوو هەسەدە و یەپەگە بەشێکن لە پەکەکە، وەکو ئەردۆگان پێی وابوو دەبێ هەسەدە چەکەکانیان دابنێن و ملکەچی حکومەتی ناوەند بن، دەیگوت خۆسەری ڕۆژئاواڤا لە سوریای داهاتوودا جێگەی نابێتەوە، بەمجۆرە دەبێ هەموو ناوچەکان بخرێنەوە ژێردەستی سوریا. باراک لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی عەلەوەیەکاندا چاوپۆشیکرد، لە هێرش بۆ سەر دروزەکان چاوپۆشی کرد، لە هێرشی سوپای چەتەکانی سوریا بۆ سەر کوردەکان، ئەو وەکو نوێنەری ئەردۆگان سەرپەرشتی تاوانکارییەکانی کرد و بە کوردەکانی گوت “چەکەکانتان دابنێن و ملکەچی سوریا بن و هیچ مافێک وەرناگرن.” وەکو ئەردۆگان لە مافی هاوڵاتیبوون بەولاوە هیچ مافێک کە پەیوەندی بە کەمینەی کوردەوە هەبێت قبووڵ نەدەکرد. وەکو ئەوەی خێر بە کورد بکات دەیگوت کوردەکان مافی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هەیە و دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. بەڵام ئاخافتن بە زمانی کوردی ماف نییە تاکو بە سیاسی بکرێت و وەکو ماف بە کورد بفرۆشرێت، بەڵکو ئەوە زمانی دایکی کوردەکانە و مافی سروشتی خۆیانە بە زمانی خۆیان بدوێن. بەکورتی ئەوەی لە تورکیا بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە تۆم باراکیش کاری بۆ سەپاندنی هەمان پۆلیتیکی چەوسێنەرانە دەکرد.

کوردەکانی سوریا کە لەژێر سەرپەرشتی SDF دان، زیاتر لە دە هەزار کەسیان لە شەڕی دژ بە داعش کردە قوربانی و ئەوان هێزی سەرەکی ناوچەکە بوون کە دەولەی ئیسلامی “داعش”یان شکاند و گیراوەکانیان لە لای خۆیاندا زیندانی کرد. لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبوون هاوڵاتیەکانی خۆیان لە زیندانەکاندا ببەنەوە و لەوێ بیاندەنە دادگا و بیانخەنە زیندان. لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی داعش تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ هەرێمەکە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش هەڕەشە بوو.

کوردەکان لە رۆژئاڤادا کە لە خاکی خۆیاندا دەژین و گەلێکی کراوە و ئازادیخوازن، خەبات بۆ پاراستنی سەروەری خۆیان و خوگرافیای خۆیان دەکەن و دەیانەوێ وەکو گەلانی دیکە ئازاد بن. دەیانەوێ لانی کەم لە هەرێمی خۆیاندا خۆیان بەڕێوەببەن و ئەو ئازادیەی بەدەستیان هێناوە نەخرێتە ژێر پێی حوکمی شەریعە. ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیریەن بوون کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاڤادا دروستیان کردبوو، کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کرستیان و ئەوانی دی بە ئارامی لەوێ دەژیان. بەڵام بە سیاسەتی فێڵبازابەی ئەردۆگان هەڵخەڵەتان و ئەوا هەموو ناوچەکە ڕادەستی سوپای ئیسلامی سوریا دەکەن. سوپایەک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ گروپی ئیسلامی دەرەکی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی و تاوانکاریی. ترامپ کە بانگاشەی ئەوە دەکات ٨ جەنگی ڕاگرتووە و تەنها بیر لە ئاشتی دەکاتەوە، لای ئاسایی بوو چەتە ئیسلامیەکان بێن و کوردەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیاندا دەریانپەڕێنن. چ داڕمانێکی مۆڕاڵە بەو شێوەیە لەگەڵ نەتەوە و هێزێکی هاوپەیمان بجووڵێیتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی هاوشێوەی داعش بدەیت، هەڕەشە لەسەر هەرێمەکە و هەموو جیهان دروست بکەیتەوە!؟

سەرەڕای هەموو ئەوانە تۆم باراک داوای لە کوردەکان کرد شەڕ لە دژی حەشدی شەعبیدا بکەن، وەکو ئەوەی هەسەدە هێزێکی بەکرێگیراو بن و بۆ پارە بجەنگن. پازدە ساڵە کوردەکان بانگاشەی سیستەمی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن و نموونەیەکی تایبەتی کرانەوە و پێکەوژیانیان پیادەکردووە، هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام هەموو ئەوانە لای تۆم باراک و بەڕێوەبەریی ئێستای ئەمەریکا نرخی پولێکیان نەبوو و گرنگ نەبوون، لای ئەوان گەورە تیرۆریستێکی وەکو محمەد جۆلانی و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و شام و قاعیدە و داعش گرنگتربوون، ئەوانەی کە سەری خەڵکیان بڕیووە، ژنیان وەکو سەبایا بردووە و فرۆشتوویانن و کۆمەڵکوژییان کردووە، ئەوانە لای ئەمەریکا گرنگتربوون. ئەوانەن دەتوانن سیاسەتی بێمۆڕاڵانەی ترامپ لە کوشتوبڕ جێبجێبکەن و کۆنراکتە بازرگانیەکانی بۆ مسۆگەر بکەن.

خۆشبەختانە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، بە هەوڵ و کۆششی دۆستانی کورد و یەکگرتوویی سەرتاسەری کوردان وەستێندرا و کوردی ڕۆژئاڤا لە کۆمەڵکوژیی ڕزگارکران، ئەردۆگان و جۆلانی بە ئاوات نەگەیشتن، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی هەندێ مافی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەیەکی بنچینەیی خۆبەڕێوەبەریی بمێنێتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ڕۆژئاڤا لە کاتێکدا لەژێڕ سایەی حوکمی جۆلانیدا چاوەڕوان دەکرێ لە سوریادا ڕەگەزپەرستی و حوکمی شەریعەی ئیسلامی سوننە لە داهاتوودا زاڵبێت و بچەسپێندرێت.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا