دەربڕین و ئەفراندنی هزری، پەنجەرەیەکە بەسەر کرانەوە، ڕووناکی و نوێبوونەوەدا، کاتێک دەستەی بەڕێوەبردن ناوەندێک دەکاتە گۆڕەپانی تایبەتی، یەکەم قوربانی، بەهرە، سەربەخۆیی و داهێنانی نووسەرانە. ئەرکی سەرەکیی دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، پاراستنی سپێردراوی وشە و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی بەرهەمە نوێیەکان، کەچی کە فەرمان و بڕیارەکان دەکەونە دەستی دەستەگەری و کورتبینی، پرۆسەی دروستبوون و گەشەکردنی بەرهەمە زانستی و هونەرییەکان ڕاستەوخۆ دەوەستێت و ڕووبەڕووی خنکاندن دەبێتەوە. ئەم ڕەفتارە نادادپەروەرانەیە، وەک تێکدانی بنەچەی داهێنان وایە لە سەرهەڵدانیدا، چونکە ڕێگەگرتن لە چەکەرەکردنی بیرۆکەی نوێ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئاکاری دەخاتە سەر شانی ئەو دەستەیەی بە ناوی بەڕێوەبردنەوە بەربەست لە بەرامبەر گەشەی ڕووناکبیری دروست دەکەن.

لە ناوەندێکدا کە پێوەری پێشکەشکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان، نۆکەرایەتی، دەستەمۆیی و شوێنکەوتنی کوێرانە بێت، هیچ شوێنێک بۆ دڵسۆزی، ماندووبوون و بەرهەمی بەپێزیی ڕاستەقینە نامێنێتەوە. ئەوەی لەم ژینگە داخراوەدا بەرهەم دەهێنرێت و دەخرێتە بەردەم چاوی خوێنەران، تەنیا ئاوێنەیەکە بۆ پڕکردنەوەی خواستی دەستەی دەست ڕۆیشتوو، نەک بەدیهێنانی بەهایەک بۆ خزمەتی هۆشیاریی گشتی. کاتێک بەرهەمێکی بەپێز، خاوێن و نوێ لەلایەن نووسەرێکی سەربەخۆوە ساز دەکرێت، لە بری ئەوەی ژینگەیەکی گونجاوی بۆ بڕەخسێنرێت تا گەشە بکات و بە شێوەیەکی شایستە بگاتە دەست شەیدایانی وشە، لە شوێنی دروستبوونی خۆیدا کپ دەکرێتەوە و ڕێگەی گەیشتن بە ڕووناکیی لێ دەبەسترێت. ئەمە هەمان ئەو پرۆسە تاوانکارییەیە کە تێیدا بڕیاری پێشوەخته بۆ تێکدانی هەر هەوڵێکی داهێنەرانە دەدرێت تەنیا لەبەر ئەوەی نووسەرەکەی لە خولگەی سەرشۆڕی و دەستکەلاییدا ناخولێتەوە.

ئەم ڕەفتارە نادادپەروەرانەیە، نەخۆشییەکی کوشندەیە کە جەستەی کلتور و هۆشیاریی کۆمەڵگە دەخوا و پایەکانی بەرەو داخوران دەبات. کە دەستەی بەڕێوەبردن تەنیا دەرگە بۆ هاوبیران، هاوپەیمانان و چەپڵەلێدەرانی خۆیان واڵا دەکەن، داهێنانی ڕاستەقینە پەراوێز دەخەن و تواناکان بێهیوا دەبن. ئەنجامی ئەم کارەش دەبێتە دابەزینی ئاستی هۆشیاری، پووکانەوەی زەوقی گشتی و هەڵوەرینی بەرهەمە جوانەکان پێش ئەوەی گەشە بکەن. خوێنەری بەئاگا لەم هاوکێشە ناڕەوایەدا تووشی بێزاری و بێئومێدییەکی مەنگ دەبێت، چونکە لەبری دەقی تێرو تەسەل، نوێ و پڕ لە بڕشت، تەنیا بەرهەمی دووبارە، بێناوەڕۆک و دەستەمۆی دەستەگەریی پێدەگات کە تەنیا بۆ تێرکردنی حەز و خۆ نواندنی فەرمانڕەوایانی بڵاوکردنەوە سازدراون.

لە لایەکی ترەوە، کاتێک دادپەروەری لە دابەشکردنی ڕووبەری بڵاوکردنەوەدا نامێنێت، بڕوای نێوان دەزگاکان و خاوەن پێنووسە ڕاستەقینەکان درزی تێدەکەوێت. نووسەرێک کە تەمەنێک لە ماندووبوون، توێژینەوە و داهێناندا بەسەر دەبات، کە دەبینێت لاپەڕەکان کراونەتە گۆڕەپانی تایبەتی و بەخشینەوەی پاداشت بەسەر دەستکەلاکاندا، تووشی جۆرێک لە ئازاری دەروونی و هزری دەبێت. ئەم سزایە تەنیا زیان بە یەک کەس ناگەێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پاشەکشەی تەواوی ئەو کاروانەی کە دەبوو بەرەو پێشچوون و دروستکردنی دانوستانی شارستانی هەنگاو بنێت. خنکاندنی بیرۆکەی تازە و ڕێگری لە گەیشتنی بە بەرهەمهێنان، وا دەکات کلتوری پاشکۆیەتی جێگەی سەربەخۆیی هزری بگرێتەوە، بەمەش کۆمەڵگە لە توانای نوێبوونەوە و بەرهەمهێنانی ڕووناکبیری ڕاستەقینە بێبەش دەکرێت.

شێوازی بەڕێوەبردنی نادادپەروەرانە حەز و خولیا لە نەوەی نوێی نووسەران و گەنجانی بەتواناشدا دەکوژێت. نووسەرێک یان خاوەن پێنووسێکی تازە سەرکەوتوو کاتێک دەبینێت دەقە جوانەکەی، توێژینەوە بەپێزەکەی یان وتارە زانستییەکەی بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی تایبەتی یان زوڕناژەنییەوە ڕەت دەکرێتەوە، تووشی بێهیوایی دەبێت و رەنگە بۆ هەتا هەتایە دەست لە نووسین هەڵبگرێت. ئەمەش وا دەکات ناوەندە نووسراوەکان لە بری ئەوەی بنکەی پەروەردەکردنی بلیمەت و ڕووناکبیر بن، ببنە شوێنی کۆبوونەوەی کەسانی بێتوانا و گوێڕایەڵ، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پاشەڕۆژی بیر و کلتوریی هەر نەتەوەیەک.

سەرباری ئەمەش، مەترسیی زیاتر لەوەدایە کە ئەم هەڵسوکەوتە نادادپەروەرانەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی کەشوهەوایەکی خنکێنەر کە تێیدا ڕەخنەی بێلایەنانە و کراوە جێگەی خۆی بۆ ستایش و ماستاوچییەتی چۆڵ دەکات. کە نووسەران درک بەوە دەکەن ،تاکە ڕێگە بۆ بینینی ڕووناکی لەسەر لاپەڕەی بڵاوکراوەکان بریتییە لە ملکەچبوون بۆ خواستە بەرتەسکەکانی دەستەی نووسەران، بەهای زانستی و هۆشیاری بەتەواوی لەناو دەچێت. بەم شێوەیە، ئەو ناوەندانەی دەبوو مەشخەڵی ڕووناک کردنەوەی بیری کۆمەڵگە بن، خۆیان دەبنە هۆی تاریک کردنی ئاسۆی ئەقڵ و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی ڕاستیەکان.

شکاندنی ئەم بەربەستە توندە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قۆرخکارییە بەرفراوانە، ئەرکی تەواوی خاوەن پێنووسە ڕاستەقینە و سەربەخۆکانە. هیچ ناوەند، دەستە یان دەزگایەک مافی ئەوەی نییە سەکۆی گشتی و میدیایی بکاتە خاوەندارێتی تایبەتی خۆی و داهێنانی سەربەخۆ بباتە سێبەری فەرامۆشی و فەوتاندنەوە. پاراستنی ڕەسەنێتیی وشە، دادپەروەری لە ئاستی بڵاوکردنەوە و ڕێزگرتن لە توانای نووسەران، تاقە ڕێگەی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە خنکاندنی بەرهەمەکان بگیرێت، ماف بۆ شایستەکان بگەڕێنرێتەوە و ڕووناکی بۆ گۆڕەپانی سەربەخۆیی پێنووس هەڵکرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا