
بەهار شوکرییە موونزیر
یەکەم: بەهار عەلی دەیەوێت ژن کەرامەتی پارێزراو بێت و پیاوسالاران بە (میسیار) ڕازییان نەکەن، هەروەها بە فرەژنی ڕازی نەبێت! بە ژنانیش دەڵێت: «فرەژنی قبووڵ مەکەن و خۆتان مەکەن بە کۆیلەی پیاوسالاری».
دووەم: بەهار عەلی داکۆکی لەو ژنانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەوڵیان بۆ دەدات تا لە ژیانێکی ئارامدا بژین.
سێیەم: بەهار عەلی لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، بەرگریکار و داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئەو ژنە ئێزدییانە بوو کە داعش دەستدرێژیی کردبووە سەریان؛ سەدان جار لە ڕێگای هەولێر و دهۆکدا بوو بۆ داکۆکیکردن لەو کچە منداڵانەی کە کران بە سەبایە.
چوارەم تاوان: بەهار عەلی بەردەوام کاری بۆ دۆسیەکانی ژنان کردووە و هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ دۆزینەوەی کار بۆ ئەو کچانەی کە بێخێزان و بێخانەولانە بوون.
پێنجەم تاوان: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بەرزکردەوە لە کاتی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی کچە کورد بۆ ئازادیی ژن لە کوردستان و ئێران.
شەشەم تاوانی: داکۆکیکردن بوو لە دۆسیەی (غەزاڵ)ی ۱۸ ساڵان، کە هیچ نەخۆشخانەیەک تیماری نەکرد.
بەهار عەلی تاوانی زۆرە و بەم ژمارانە تەواو نابن؛ ئەو زۆر «تاوانبارە» لەبەر ئەوەی بە دەنگی بەرز خەبات بۆ ئازادیی ژن و یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەکات. بەهار عەلی و هاوڕێ و هاوکارانی کار بۆ نەمانی فرەژنی دەکەن کە ژن دەکاتە کۆیلە.
جەنابی دادوەر، ئازادیخوازان هەموویان تاوانبارن ئەگەر ئەمە پێوەری تاوان بێت!
#دادپەروەری_یاسایی_بۆ_بەهار_عەلی
