مەغدید حاجی
٭ سەرەتا وتەیەکی پێویست:
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، هیچ شەڕێک وەکو شەڕی هەندرێن 1966 ، کەسیش وەکو پێشمەرگە قارەمانەکانی حزبی شیوعی، بە نووسین غەدریان لێنەکراوەو هەوڵی چەواشەکردنی مێژووە جوانەکەیان نەدراوە، لە بەشداربوونیان لە شەڕو داستانەکانی شۆڕشی ئەیلول لە ماوەی نێوان(1963 - 1970 ) هەروەها شۆڕشی نوێ و گوڵان (1979 - 1989) .. هەروەها ڕۆڵی جوامێرانەی شیوعییەکان لە ڕاپەڕینی جەماوەری بەهاری 1991 دا؟!! منیش ئەوەندەی پێم بکرێت بە پشت بەستن بە بەڵگەوسەرچاوەی ڕەسەن وەڵام دەدەمەوەو ڕوونکردنەوە دەخەمەڕوو..
٭ با بێینە سەر وەڵامدانەوەی ئەمجارەمان.
٭ هەڤاڵێکی دی کە لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا چەند لاپەڕەیەکی بۆ شەڕی هەندرێن تەرخانکردووە،( عسمت دینو بنستانی سندی) یە، کە کتێبێکی بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (مژكرات عصمت دینو البنستانی السندی ــ سیرە مناچل فی پورە ایلول الكردیە ۱۹٥۹ - ۱۹۹۱ ــ بیرەوەرییەکانی عسمت دینو بنستانی سندی ڕێڕەوی تێکۆشەرێک لە شۆڕشی ئەیلولی کوردی 1959 - 1991) . نووسیوەو یەکەمین چاپی لە ساڵی 2009 دەرچووە. بەڵام من لەم دواییەدا، لە ڕێگای مامۆستا (پ.د. عەبدولفەتاح بۆتانی) ئەم کتێبەو کتێبی (بیرەوەرییەکانی فارس کورەمارکی) م بەدەست گەیشتن، سوپاسی بەڕێزیان دەکەم. بە پێویستم زانی ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی هەندرێنەوە هەیەو بۆچوون و زانیاری نادروستیان تێدایە وەڵامیان بدەمەوە.
٭ هەر لە ناونیشانی ئەم کتێبەدا هەست بە نا وردبینی و هەڵەی زەقی دەکەیت، چونکە شۆڕشی ئەیلول لە 1961 دەستی پێکردووەو تاکو 1975 بەردەوام بووە. نەک لە 1959 تاکو 1991 !!
لە لاپەڕە (51 تاکو ل 54) بە شێوەیەکی نا دروست باس لە (شەڕی هەندرێن) دەکات. لای مێژوو نووس و ئاگاداران ئاشکرایە کە شەڕی هەندرێن لە( 2/3 - 5 -1966 ) بە هێرشی سوپای عیراق و جاشەکان، بۆ سەر چیای هەندرێن دەستی پێکرد، کە بەشێکی گرنگی شاخی هەندرێنیان داگیرکرد. لە( 12 - 5 - 1966) بە دژە هێرشی گەورەو یەکلاکەرەوەی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەو ڕزگارکردنی تەواوی چیای هەندرێن شەڕەکە کۆتایی هات و بە ناودارترین داستانی پێشمەرگە تۆمارکراوە.
لەو ماوەیەدا لەسەر چیای هەندرێن جگە لە هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی و لقی عزەت سلێمان بەگ و پەلێکی سەعید حەمەد ئاغای مێرگەسۆری برای شەهید فاخر ، کە ئەمیش نزیک بوو لە حزبی شیوعی، هیچ هێزی دی لە شەڕەکە بەشدار نەبووە.
بەڵام دیارە لە ماوەی بەر لە ( 12-5-1966 ) هەندێ پێشمەرگەی دی ناردراونەتە ناوچەکە، بۆ پاڵپشتی هێزەکان. بەڵام لە هێرش و داستانی هەندرێن لە ( 12 - 5 - 1966) بەشدار نەبوون. عزەت سلێمان بەگ لە نووسین و بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ : " .. لە هێزی پاڵپشتی ساڵح ئاکۆیی ، عیسمەت دینۆ ، عادل و وەیسی بانی هاتبوون و لە کۆبوونەوەی 11- 5- 1966 یش لەگەلمان بەشداربوون ، بەڵام بەهۆی کەمی ژمارەیان نەیانویستووە لە هێرشی ( 12 - 5 - 1966 ) بەشدار بن " سەرچاوە : ( عزەت سلێمان بەگ، ڕۆژنامەی برایەتی ، ژ 1943 لە 13 - 5 - 1993؛ شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ل 158 ).
لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراویشماندا لەگەل بەڕێز ملازم خدر یەک لە فەرماندە سەربازییە شیوعییەکانی بەشداربوو لە شەڕی هەندرێن و ئەفسەری تۆپخانە، لەبارەی هێزە بەشداربووەکان لە داستانی هەندرێن جگە لە هێزی حزبی شیوعی دەڵێ : " سەبارەت بەو هێزانەی لە گەلماندا ئامادەبوونیان هەبوو، پێش شەڕی هەندرێن، ئێمە پەیوەندیمان لەگەل هێزی عزەت سلێمان بەگ هەبوو، یەک لە برادەرە نزیکەکانمان بوو، هێزەکەی جیاواز بوو، لە خزمەکانی و خەڵکی ناوچەکە پێکهاتبوو، بەشێکیشیان شیوعی بوون، هەندێکیش پارتی بوون، هێزێکی تێکەڵ بوو، بە هێزی عزەت سلێمان بەگ ناسرابوو. لە کاتی شەڕ بەر لە ( 12 -5- 1966 ) هێزێکی پشتیوانمان بۆ هات، عیسمەت دینۆ خەڵکی زاخۆ بوو، چەند کەسێکی تریش بوون، چەند ڕۆژێک لە لامان مانەوە، نازانم چەند ڕۆژ بوو، چوار پێنج ڕۆژ، چونکە شەڕ لە گەرووی عومەراغاو زۆزک توند بوو، پێیان وتین ئێوە وەزعتان باشە، پێویستە ئێمە بۆ زۆزک و گەرووی عومەراغا بڕۆین و ڕۆیشتن. ئەو هێزەی پارتی کە هاتبوون پێش ( 12 - 5 - 1966 ) لە هەندرێن کشانەوە" .(سەرچاوە : چاوپێکەوتن لەگەل فەرماندە ملازم خدر، بارەگای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عیراق، هەولێر 16 - 1 - 2022).
نووسەری بیرەوەری نووسیویەتی کە لە (11- 5- 1966 ) هێزەکانی سەربازی حکومەت هێرشیان بۆ سەر چیای هەندرێن دەستپێکرد بە سەرکردایەتی لیوا زەکی حوسێن حلمی.(ل 51 ) بیرەوەرییەکانی عسمت دینۆ"
یەکەم، هێرشی سوپای عیراق بۆ سەر چیای هەندرێن لە ( 11 -5- 1966 ) نەبوو، بەڵکو لە شەوی ( 2/3 -5 -1966 ) بوو . لیوای چوار هێرشی کردە سەر چیای هەندرێن، ئامر لیوای چواریش ئەوکات عەقید ڕوکن خالید حەسەن فەرید بوو. زەکی حوسێن حلمی ئەوکات زەعیم ڕوکن بوو نەک لیوا، فەرماندەی هەموو هێزەکان بوو لە حەوزی ڕواندز (میحوەرەکانی هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا ) بڕوانە: ( ژیان و بەرخودان عزەت سلێمان بەگ، ئامادەکردنی شێرزاد عەبدولڕەحمان،چاپی یەکەم، 1995،ل49 - 50 ) دەقی پلانی سوپای عیراق و ناوی فەرماندەکانی تێدایە.
دووەم، لە هەموو ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوانەی کە باس لە شەڕی هەندرێن دەکەن و ئەوانەی لە شەڕەکەدا بەشداربوون، یان کتێبە مێژووییەکان دەربارەی شۆڕشی ئەیلول، ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەکەن کە لە ئەنجامی شکستی سوپای عیراق لە شەڕی هەندرێن لە ( 12 -5- 1966 ) کە بوو بە داستانی هەندرێن، حکومەت داوای دانوستانی کرد و لە ئەنجامدا بەیاننامەی( 29 ی حوزەیرانی 1966) بڵاوکرایەوە، دەربارەی هەندێ لە مافەکانی کورد..ئەم بەیانەش بە (بەیانی بەزاز) ناسرا، چونکە عەبدولڕەحمان بەزاز سەرۆک وەزیران بوو، ئەویش بەیانەکەی ڕاگەیاند. بەڵام کاک عسمت دینۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا (ل52) نووسیویەتی و دەڵێ : " زێدە ڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین بەیانی ئادار بەرهەمی ئەم شەڕە بوو"!!
بەیانی ئادار لە 11ی ئاداری ساڵی1970 دەرچووە، بەیانی بەزازیش کە لەژێر کاریگەریی شەڕی هەندرێن بوو لە (29 -6- 1966) دەرچووە . دوو کات و دوو حالەت دوو بابەتی جیاوازن ،بەڵام دیارە هەڤاڵ عسمت هەرئەوەندەی لێزانیوە!!!
لە (ل53) ی کتێبەکەیدا، عسمەت دینۆ لیستێکی (39) کەسی بە ناوی ئەو پێشمەرگانەی گوایە لەگەل خۆی لە هەردوو شەڕی پێنجوین و هەندرێن بەشداریان کردووە، دەربارەی شەڕی پێنجوین من زانیاریم لەسەری نییەو مەبەستیشم نییە قسەی لەسەر بکەم ،بەڵام دەربارەی شەڕی هەندرێن بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئەو پێشمەرگە بەڕێزانەی کە ناویان تۆمارکراوە، لە هیچ سەرچاوەیەکی بەشداربوانی شەڕی هەندرێن، ناویان نەهاتووە، جگە لەوەندە ئاماژەیەی کاک عزەت سلێمان بەگ و فەرماندە ملازم خدر کە پێشتر ڕوونم کردۆتەوە. بڕوانە ( نووسین و بیرەوەرییەکانی زرار سلێمان بەگ، مستەفا چاوڕەش، شێخ عەتا تاڵەبانی، عزەت سلێمان بەگ، شەپۆڵ فاخر مێرگەسۆری، بەهائەدین نوری، محمود دکتارۆف)..
لەگەل ڕێزم.