سوقراتی فەیلەسوف و بیرمەند کە زۆر خۆی پێ نەزان بووە : " من دەزانم من نەزانم ، بەڵام ئەوان هێندە زانا نین بزانن من نەزانم ." 
 رۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو و دوای دابەشبوونیشی لە رێککەوتننامەی سایکس  - پێکۆ وە بۆ ستاتیۆی پیرۆزی یەك نەتەوە ، یەك ئاین ، یەك وڵات  ، یەك زمان و رەتکردنەوەی فرە رەنگی و پێکەوە ژیان و..... ، تا ئێستا ، کوانووی شەڕ و سڕینەوە ، توندوتیژی ، کوشتن ، کۆمەڵکوژی ، بە سەبایاکردنی ژنان و ....... ە . 
لەو ستاتیۆ هەرێمۆکەی باشوور ، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی بزاڤی ناسیۆنالێستی نەتەوەگەرایی ، سەرهەڵدانی ناکۆکی ، ململانێ ، پاوانی دەسەڵات ، تاکڕەوی ، پاکتاوکردن ، شەڕ لەسەر پلە و پۆست و داهات و ....... ، بەزەقی لە هەڵکشاندابوو ، دەرهاوێشتەی نەمانی متمانە ، ژینگەیەکی ناسەقامگیر ، لاوازبوونی پرسی ئاسایشی نیشتمانی ؛ ژینگەیەکی تەندروست و لەبار و کەشێکی ئارامی بۆ وتاری تاریکپەرستانی داعش ئاسا لە  توندڕۆیی ، رق و کینە ، ئاژاوەگێڕی ، هەڕەشە و ..... نێوان پێکهاتەجیاوازەکان ، ئاینەکان ، چین و توێژەکان  فەراهەمکرد ، لەکاتێکا کۆمەڵگا پتر پێویستی بە وتاری پێکەوەژیان ، لێبوردەیی ، خۆشەویستی ، تەبایی و .... بوو .
فرمانی 74 ەمینی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلی ئێزدی ، لەبەر چاوی تەواوی دنیا و مۆدێڕنەتی سەرمایەداری و دەستەی مافی مرۆڤ لە 2014 / 8 / 3 ، خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانی ئەو دەڤەرە ، خرانە بەردەم چەقۆی قوربانییەکی تری توندڕۆی تاریکپەرستانی داعش ، بوو بە پەڵەیەکی رەش و قێزەونی مێژوویی بە تەوێڵی حکۆمەتی هەرێم و بەغدا ، کاتێ دەسەڵات گەیشتە لوتکەی بێ رەوشتی ، رێگەیاندا داعش دەستکراوەبی لە ئەنجامدانی تراجیداترین ،  قێزەونترین و بێ ویژدانترین کرداری کوشتن ، خاپوورکردن ، تاڵانکردن ، سەبایا و ......... لە مێژووی هاوچەرخی نوێ ، بە فرمیسکی تیمساحی ساختە و بەڵێنی بریقەدار و هاو خەمی ، قوربانییانیان رزگار کردووە . ! 
هێشتا زامەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی ساڕێژنەکراون ، کێشەکانیان بەهەڵپەساردەیی ماونەتەوە ، لەبری کەمکردنەوەی ئاسەواری تاوانەکان و قەرەبووکردنەوەیان ، لە نەبوونی سادەترین پێداویستی ژیان و ئاسایش ، وتارەکەی مەلا رامین ساڵح زادەی رۆژی 2026 / 8 / 9 ، وەك هزری داعشی تاریکپەرست ، هێڕش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی ، بێ  شەرمانە و راشکاوانە بە " پیس ، کافر ، خراپ و ..... " ناوزەدیان دەکات و هەرکاتێ دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ و  بۆ چرکەیەکیش بێت دەیانکوژن و پاکتاویان دەکەن . ! ( دڵنیاین چەکیشیان پێ بدرێ ،  بوێری جوولە ناکەن ! ) ، ئەوە ناخی هەزارانیانە ! 
ئەو وتارخوێنە نامەلایە بۆ هەڵوەستەناکات لەسەر : 
" ولقد كرمنا بني آدم " 
"  لكم دينكم ولي دين "
" أفضل جهاد كلمة حق عند أمير جائر " 
گوزەرانی و نەهامەتی و بێڕێزیکردنی  خەڵك لە نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە مووچە ، ئاو ، کارەبا ، سووتەمەنی ، گرانی بازاڕ ، ئازادی ، نا دادی و ...... .
هەردوێنێ عارەبە هاوردەکانی سەرێکانی ، پەلاماری ئاوارەگەڕاوەکانی زێدی خۆیاندا و هێڕشیان کردوونەتەسەر ! 
ئەو سیخوڕ ، بەکرێگیراو ، جڕ و جانەوەر ، دڵڕەش ، تێنووی خوێن ، بکوژی ژن ، دوژمنی مرۆڤایەتی و زانست و ....... ، ڤایروسی کۆمەڵگان و بە داعشکردنێکی مەترسیدارە ، بەتایبەتیش لەو سەردەمە پووچگەراییەی کە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ وەك کاڵایەکی هەرزان هەڕاج دەکرێ . 
پێویستە سنوورێك بۆ دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان دا بنرێت ، سەرکۆنەی ئەو  هەڕەشە و وتارانە بکرێن کە هانی کوشتن و توندوتیژی دەکات. پشتگیری ستاتیۆیەکی سەربەخۆی کۆمەڵگای ئێزدی بکرێت و خۆسەرێتی لە ئەستۆ بگرن ، ئەمەش بەرپرسیارێتی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدایە .
ئەو سەردەمە گوزەشت ، دەست بۆ شکۆی خەڵکانی تر ببەیت .
ئیدریس سدیق  
چوارشەممەی 
12 / 8 2026

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا