بە ڕوونی

كاوە مەحموود

 ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەك بەشێك لە ئەركی چەپی كوردستانی

بەشی یەكەم

 دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەهۆی مێبوونی، دیاردەیەكی جیهانییە و بەشێوازی جۆراجۆر ئەنجامدەدرێت. هەرچەندە ئەم دیاردەیە هەر لە سەرەتای بوونیەوە جیهانیبووە، بەڵام بایەخدان پێی بەتایبەتی لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستی لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابووردووەوە دەستیپێكردووە و، بەرژدی جەخت لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی مافەكانی ژنان بە بابەتەكانی مافی مرۆڤەوە كرایەوە و، بەم جۆرە توندوتیژی دژ بە ژنان بە پێشێلكردنێكی زەقی مافە سەرەكییەكانی دانرا.

لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابووردوودا تا ئێستا چەندین كۆڕی نێودەوڵەتی و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان ئەنجامدراوە و، ئەمەش لەگەڵ بوونی فشاری ڕێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە ماف و ئازادی ژنان، هۆكاری ئاراستەی داڕشتنی یاساكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توند‌وتیژی دژ بە ژنان بوو.

لەژێر درووشمی (یەكسانی، گەشەپێدان، ئاشتی) نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1975 بە ساڵی نێودەوڵەتی ژنان دانا و، تا ئێستاش نەتەوە یەكگرتووەكان چوار كۆنگرەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی دۆزی ژن ئەنجامداوە. كۆنگرەی مەكسیك لە ساڵی 1975، كۆنگرەی كۆبنهاگن لە ساڵی 1980، كۆنگرەی نیرۆبی لە ساڵی 1985و، كۆنگرەی بێجین لە ساڵی 1995، كە تیایدا بەرنامەی كار و ڕاگەیاندنی بێجین، كە گرنگییەكی جیهانی هەیە بڕیاردرا.

 پێناسەی توندتیژی

كۆنگرەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، كە لە ساڵی 1993 لە ڤییەنا بەسترا، لە ڕاگەیاندن و بەرنامەی كاركردنیدا، بابەتی توندوتیژی و جیاكاریی دژ بە ژنانی بەیەكتر گرێدا. لە بەندی 38ی ڕاگەیاندنی ئەو كۆنگرەیەدا، كە لەژێر ناونیشانی یەكسانی لە ناوەندەكانی بڕیار و مافی مرۆیی ژناندا هاتووە: دیاردەكانی توندوتیژی بریتین لە هەرەسانی سێكسی و ئیستغلالی سێكسی بە وابەستەیی بە جیاكاری بەهۆی ڕەگەز و دەمارگیری و توندوتیژی.

لەو بڕگەیەدا هاتووە: گۆنگرەی جیهانی مافی مرۆڤ بەشێوەیەكی تایبەت جەخت لەسەر گرنگی كاركردن لە پێناوی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكاتەوە لە بوارەكانی ژیانی گشتی و تایبەت و، قەڵاچۆكردنی سەرجەم شێوازەكانی هەراسان و ئیستغلالكردنی سیكسی و بازرگانی بە ژنان و، نەهێشتنی جیاكاری لەسەر بنەمای ڕەگەز و لە بواری دادگادا و، نەهێشتنی هەر بەركەوتنێك، كە بەهۆی پاراستنی مافی ژنان لە لایەك و لێكەوتە زیانبەخشەكانی هەندێ لەو كار و ڕەفتارانەی پەیوەندییان بە بەها كۆنەكان و، ئەوانەی پەیوەندییان بە داب ونەریت و توندڕەوی كەلتووری و توندوتیژی ئایینەوە هەیە.

فەرهەنگی ڕاندۆم هاوس Random House Dictionary)) ئاماژە بەوە دەكات، كە چەمكی توندوتیژی سێ بابەتی سەرەكی دەگرێتەخۆ، كە ئەمانەن: توندی، ئازاردان، بەكارهێنانی هێزی ماددی، بەڵام ئەم بۆچوونە دواتر بەكارهێنانی هێزی مەعنەویشی گرتەوە.

لە ئینسایكلۆبیدیا ( Universal ) هاتووە: چەمكی توندوتیژی مانای هەر كارێكی توندوتیژییە، كە لەڕێگای ئاخافتن یان كردەوە، لە لایەن تاك یان كۆمەڵێك دژ بە تاكێك یان كۆمەڵێك ئەنجامبدرێت، كە تیایدا هێزی ماددی یان مەعنەوی بەكاربێت.

ئەگەر بمانەوێ ئەم پێناسەیە بۆ توندوتیژی لە بواری خێزاندا بەكاریبهێنین، ئەوا توندوتیژی خێزانی ( شێوازێكە لە ڕەفتاری دەستدرێژی، كە لە ئاكامی پەیوەندی نابەرامبەر و ناهاوسەنگ لە چوارچێوەی سیستمی دابەشكردنی كار نێوان ژن و پیاو لە خێزاندا و، دروستدەبێت و ڕۆڵ و شوێنی هەر تاكێكی خێزان لە چوارچێوەی سیستمی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی باو لە كۆمەڵگادا، دەستنیشان دەكات.

لە بەڵگەنامەی چوارەمین كۆنگرەی جیهانی ژنان ساڵی 1995 لە بێجین هاتووە ( توندوتیژی دژ بە ژنان هەر توندوتیژییەكە یان هەڕەشەكردنە بە توندوتیژی، كە وابەست بە جۆری ڕەگەزەوە بێت، كە بێگومان دەبێتە هۆكاری زیانگەیاندنی گیانی یان سیكسی یان دەروونی یان ئازاریك بە ژن و، بە خورتی ئازادییەكانی زەوتدەكات و، جیاوازیش نییە ئەگەر ئەو كارە لە پانتاییەكی گشتی یان لە ژیانی تایبەتییدا بكرێت.

لە ڕاگەیاندنی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە دیسەمبەری 1993 پەسەندكراوە و سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم پێناسەیەیان بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان پەسەندكرد:

 دەستەواژەی توندوتیژی دژ بە ژنان ( هەر كارێكی توندوتیژییە لەسەر بنەمای ڕەگەز، كە لە ئاكامیدا ئەگەری دروستبوونی ئازارێك یان زیانێكی گیانی و سێكسی و دەروونی بە ژن بگەیەنێت و، بەهەمان شێوە هەڕەشەكردن بە ئەنجامدانی ئەم كارە و، بەزۆر ناچاركردنی ژن و بەخورتی زەوتكردنی ئازادییەكانی بە توندوتیژی دەژمێردرێت ئەگەر لە ڕەوشی گشتی یان لە ژیانی تایبەتدا ئەنجامبدرێت.

ڕاگەیاندنەكە باس لەوە دەكات، كە چەمكی توندوتیژی دژ بە ژن ئەم جۆرانەی خوارەوە دەگرێتەوە، بەڵام بێ ئەوەی تەنها ئەو جۆرانە بێت.

جۆرەكانی توندوتیژی ئەمانەن:

ـ توندونیژی جەستەیی و سێكسی و دەروونی لە چوارچێوەی  خێزاندا، كە لێدانی توند و دەستدرێژی سێكسی منداڵی مێیینەی نێو خێزان و توندوتیژی تایبەت بە مارەیی و، بەزۆر سەرجێی لە چوارچێوەی خێزان و بڕینی ئەندامی سیكسی مێیینە دەگرێتەوە و، جگە لە ڕەفتارە نەریتییە ئازاربەخشەكان دژ بە ژن و، توندوتیژی دژ بە ژن لە دەرەوەی بازنەی خێزان و سەرجەم ئەو توندوتیژییانەی وابەستەن بە ئیستغلالكردنی.

ـ توندوتیژی جەستەیی و سێكسی و دەروونی، كە لە چوارچێوەی گشتی كۆمەڵگا ئەنجامدەدرێت، بە لاقەكردن و زیانگەیاندنی سێكسی و تۆقاندن و هەراسانكردنی سێكسی لە شوێنی كار و دامەزراوە فێركارییەكان و هیدیكە، جگە لە بازرگانیكردن بە ژنان و ناچاركردنیان بە لەشفرۆشی.

ـ توندوتیژی جەستەیی و سێكسی و دەروونی، كە دەوڵەت ئەنجامیدەدات یان چاوی لێدەنوقێنێت.

ـ ئەم شێوازانەی خوارەوەش لە توندوتیژی جۆرێكە لە پێشێلكردنی مافە مرۆییەكانی ژنان:

1ـ توندوتیژی دژ بە ژنان لە كاتی شەڕی چەكداری و، ئەو توندوتیژییەی دژ بە ژنانی كۆچبەر و پەنابەر دەكرێت.

2ـ ئەو ژنانەی لە ناوەندەكانی دەسەڵاتی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دووردەخرێنەوە.

3ـ حاڵەتەكانی ناچاریكردن بە نەزۆكی و ڕێگرتن لە دووگیانی و، كوشتنی كۆرپەلەی كچ و بژاردەكردنی ڕەگەزی كۆرپەلە پێش لەدایكبوونی.

4ـ هەڕشەكردن بە ئەنجامدانی توندوتیژی لەنێو ماڵ یان لەنێو كۆمەڵگادا بەگشتی.

بەم جۆرە و بەپێی ئەم ئاماژانە بۆ پێناسەكردنی توندوتیژی و جۆرەكانی، داوا لە سەرجەم حكومەت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، كە بایەخ بە مەسەلەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەك بەشێك لە رێزگرتنیان بۆ جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بدەن.

شایانی باسە لە سێیەمین بڕگەی ماددەی یەكەمی قانونی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە 8ی ساڵی 2011دا هاتووە:

توندوتیژی خێزانی: هەموو كردارێك یان وتەیەك یان هەڕەشەكردنێكە لەسەر بنچینەی جۆری كۆمەڵایەتی، كە لەچوارچێوەی ئەو پەیوەندییە خێزانییەدا ئەنجامبدرێت، كە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری و خزمایەتی تاكو پلە چوار و، ئەو تاكەی بە یاسا خراوەتە پاڵ خێزان، بنیاتنراوە و، ئەشێت لەڕووی جەستەیی و سێكسی و دەروونی و لە بواری زەوتكردنی مافەكان و ئازادییەكاندا زیان بگەیەنێت.

بەم جۆرە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە تێڕوانینێكی فراوانەوە دەڕوانێتە پێناسەكردنی توندوتیژی بە بەستنەوەی بە چەمكی جۆری كۆمەڵایەتی و بەو پێیەی كارێكی زیانبەخشە، كە ئاراستەی تاكێك بان كۆمەڵێك لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی دەكرێت و، ڕەگوڕیشەی ئەم توندوتیژەییەش بۆ نایەكسانی لە بواری جۆری كۆمەڵایەتی و بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵات و بوونی عورفی زیانبەخش دەگەڕێتەوە و، لەوانەشە كۆڕێشك و پیاوانیش بگرێتەوە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە