مرۆڤ و پەروەردە

بەشی حەوتەم: ڕووخۆشی

  زمانى جەستە، بە ئەندازەى زمانى قسەکردن کاریگەرى بۆ سەر هەست و هەڵوێستی بەرانبەر هەیە. ڕووخۆشى و ڕووخسارى خەندەئامێز، سەرچاوە و بناغەى لێکتێگەیشتنە. سادەیی و کراوەیی، هونەرى مامەڵەکردنێکى دروستە لەگەڵ دەوروبەر، هۆکارێکى بەهێز و کاریگەرە بۆ پەیوەندى نێوان مرۆڤەکان. "مرۆڤ، دوو شێوازى جەستەى هەیە: جەستەى کراوە و جەستەى داخراو، یەکەمیان ئاوەڵایە بۆ پەیوەندى و کۆنتاکت، دووەمیان داخراوە لە ڕووى پەیوەندى و لێکتێگەیشتن. یەکەمیان جەستەی پۆزەتیڤە، دووەمیان جەستەی نێگەتیڤە".

ڕووخۆشى و خوێنشیرینى و ڕۆحسووکى، هۆکارێکن بۆ ڕاکێشانى هەستى سۆز و بەزەیی و خۆشەویستى کەسانى دیکە بۆ خۆمان. ئەستەمە کەسێکى ڕەزاقورس و لووتبەرز و ڕووگرژمان خۆش بوێ. کاندیدێکى ڕووخۆش و سادە و کراوە، ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەى دەنگەکان بەدەست بێنێت. دکاندارێکى خوێنشیرین و قسەخۆش و لێوبەخەندە، بەردەوام بازاڕى گەرمە و خەڵک ڕووى لێ دەکەن. کەسێک کە کارى بەبازاڕکردنى کاڵا و شتومەک دەکات، دەبێ ڕووخۆش و قسەشیرین و زمانتەڕ بێت، بۆئەوەى سەرنجى زۆرترین کڕیار بۆ کاڵاکانى ڕابکێشێ. ئەستەمە بتوانین هاوڕێیەتى کەسێکى خوێنتاڵ و مۆن و ڕووگرژ بکەین. ڕووخساری کراوە و گەش، هۆکارێکە بۆ کارلێکردن و وروژاندن و کاریگەریخستنەسەر لایەنى بەرانبەر. ڕووخسارى داخراو و گرژ و خامۆش، پەیوەندى و لێکتێگەیشتن ڕەت دەکاتەوە. مامۆستاى پەروەردەیی و ڕاستەقینە، دەبێ ڕووخسارێکى گەش و کراوە و بە شەوقى هەبێ، بۆئەوەى سەرنجى قوتابییەکانى بۆخۆى ڕابکێشێ. مامۆستایەک، ڕووخسارێکى مت و خامۆش و داخراوى هەبێت، قسەکانى کاریگەرى نابێت لەسەر قوتابییەکانى. مامۆستایەک، ئەگەر هەڵگرى جوانترین پەیامى پەروەردەیی و زانستیش بێت، بەبێ ڕووخسارێکى درەوشاوە، ناتوانێ پەیامەکەى بگەیەنێت. مامۆستاى مڕومۆن و ڕووگرژ و تفتوتاڵ، قوتابى ئامادە نییە باوەش بۆ قسەکانى بکاتەوە، لە ناچارى نەبێ، ڕەنگە هەر لە وانەکانیشى دانەنیشێت.

منداڵ ئەگەر لەناو پۆلى خوێندن ئاسوودە و بەختەوەر نەبوو و هەستى بە بوونى خۆشەویستى و ئاوێزان نەکرد لەگەڵ مامۆستاکەی، پرۆسەى فێربوون ڕوو نادات. منداڵ ئەگەر هەستى بەوە نەکرد مامۆستاکەى خۆشى دەوێ و سۆز و میهرەبانى بۆى هەیە، چۆن قوتابخانەى خۆش دەوێ؟ چۆن بە هیواوە بەردەوام دەبێ بۆ تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن؟ خوێندنی لەبەر دڵ ڕەش دەبێ، قوتابخانەشى لەبەرچاو دەکەوێ. منداڵێک تاوانى چییە، مامۆستا وەک تاوانبار سەیرى بکا و نێوچاوانى لێى بکا بە گرێ؟! (بێرتراند ڕەسڵ) دەڵێت: " ئەرکی پەروەردە لە بنەڕەتدا ئەوەیە منداڵی پێ بەختەوەر بێت، ڕوویەکی گەشی هەبێت بۆ ئاییندە، نەک ببێتە ئامرازێکی پۆلیسی، کە منداڵ بە تاوانبار بزانێت".

مامۆستاى سەرکەوتوو و هۆشیار و ڕۆشنبیر، شەوق و ڕووناکى ناخ و دڵ و دەروونى لە ڕووخسارى ڕەنگ دەداتەوە، تیشک و تریفەى هزر و بیرى، لە چاوانى جیلوە دەدا. مامۆستا ئەگەر نەیتوانى پەیوەندییەکى بەهێز و پتەو و گەرموگوڕ لەنێوان خۆى و قوتابییەکانى دروست بکات، هەوڵ و خۆماندووکردنەکانى بێ هوودە دەبن. زۆرجار قوتابییان وانەیەکیان پێ خۆشە، لەبەر هەڵسوکەوت و ڕەفتارە جوان و پڕ لە میهرەبانییەکانى مامۆستاکەیانە. سۆز و بەزەیی و گرنگیپێدانى مامۆستا بە قوتابییەکانى، هۆکارێکە بۆ زووتر تێگەیشتنیان لە وانە و بابەتەکان. ڕووە گەرم و گەش و کراوەکەى مامۆستا، بەهێزترین و کاریگەرترین ئامرازى وانەگوتنەوەیە بۆ فێرکردنى قوتابییان. بە هەمان شێوە، قوتابییان ڕقیان لەو وانەیەش دەبێتەوە، کە دەبینن مامۆستاکەیان بەردەوام ڕووخسارێکى پەست و بێزار و ماندوو و کەنەفتى هەیە. کاتێک قوتابییان تەنانەت بۆ جارێکیش خەندەیەک لەسەر لێوى مامۆستاکەیان نابینن، گڕنژینێک، پێکەنینێک، قسەیەکى خۆش، وشەیەکى گەرم و نەرم نابینن و نابیستن، چۆن هەست و هۆش و هزر و بیریان لەلاى ئەم جۆرە مامۆستایە و وانەکەى دەبێت؟

سەرچاوەکان:

۱- فازل جاف، ستراتیجەکانی کاریزما، ل۸٤.

۲- بێرتراند ڕەسڵ، دەربارەی پەروەردەکردن، ل۷٤.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا