سۆزان سەلیم – سوێد

لە سوید، لە ڕۆژی دەرچوونی قوتابیانی پۆلی ١٢, نەریتێکی زۆر جوانیان هەیە. لە لایەن مامۆستاكان/ بەرپرسانی پۆلەكان نووسراوێک سەبارەت بە قوتابییەکە ئامادەدەکەن، کە ئاماژە بە لایەنێکی بەهێزی کەسایەتی قوتابییەکە دەکات، دوای یەك یەك ئەكرێتە ملیان، دوایش ئەندامانی خێزان و هاوڕێیان لە   ئاهەنگی کۆتایی دەتوانن ئامادەببن. بەم شێوەیە یادەوەریەكی جوان، پڕ مانا وسادە و هیچ تێنەچوو لە تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی دەخولقێنن . لەم ڕۆژەدا کەس پاڵەوان نییە، کەس یەکەم و دووەم و سێیەم نییە. بەڵکو هەموو پالاوانن و هەر خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری دەکەن. بەو چەند وشەیە کە وەسفی کەسایەتییەکە دەکات ماڵئاوایی لەو قۆناغەی ژیانیان دەکەن: ئازای پۆل. دڵگەورەی پۆل، هەمیشە یاریدەر، میهرەبان، هاوڕێی متمانە پێکراو، داهێنەری پۆل، سەرچاوەی وزەی ئەرێنی مرۆڤی بەرپرسیار، خەمخۆری پۆل و خەندەی پۆل ... . ئەمانە ئەو وشانەیە کە وەک مەدالیا بەسنگیانەوەیە.
زۆر جار دیاریەك كە بڕێك پارەیە ئەدرێت بەو ”خوێندكارەی كە بەهەرهۆكارێك بێت نمرەكانی زۆر نزم بووبێت ” لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بەیارمەتی هەموو مامۆستاكانی و بە هەوڵی خۆشی توانیبێتی نمرەكانی بەرزبكاتەوە و بتوانێت پۆلی ١٢ تەوابكات! بەو شێوەیە هەر قوتابییەک هەست دەکات کە بینراوە، ناسراوە و بەهای هەیە.
بەداخەوە  ئەمساڵێش وەک هەموو ساڵیک یەكەم و دووەمەكانی هەرێم سۆسیال مێدیای گرتۆتەوە. چەند جار لەسەر لایەنی نەرێنی ئەو دیاردەیە نووسراوە بەڵام بە هەند وەرنەگیراوە. 
باشە كۆمەڵگا هەر تەنها پێویستی بە پزیشك و ئەندازیارە؟ ئەی کۆمەڵگە بەبێ کارەکانی تر چۆن بەڕێوە دەچێت؟ 
كەس باسی ئەوە ناکات ئەم دیاردەیە چەندە کاریگەری لەسەر قوتابییانی ئەو قۆناغە هەیە، چەندان جار گەنجان كۆتاییان بەژیانی  خۆیانیان هێناوە لەبەرئەوەی هەست بە شکستی خۆیان دەکەن ئەمە جگە لە فشاری خێزان و دەوروبەر. 
دیارە هەر قوتابییەک ئەوەندی لە توانایدا بێت زەحمەت دەکێشێت و،  بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی، هەموو خەونمان هەیە. درەنگ یان زوو دەبێت لەوە بگەین کە ژیان تەنها پێشبڕکێی نمرە نییە.
من پێم وایە ئەرکی ئێمە ئەوەیە تاكێك دروست بکەین کە باوەڕی بە خۆی هەبێت، دڵسۆز بێت، ڕاستگۆ بێت، بەرپرسیار بێت و ڕێزی خەڵکی تر بگرێت.
لەوانەیە هەندێک جار، یەک وشەی جوان لە گەنجێكدا زیاتر کاریگەری هەبێت لە سەدان نمرە.
هەموو خوێندكارێك/ تاكێك شایستەی ئەوەیە کە کەسێک ڕۆژێک پێی بڵێت: “تۆ گرنگیت، و شانازیت پێوە دەكەین ”

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا