مرۆڤ و پەروەردە
بەشی هەژدە
بۆ ئەم بابەتە سەرنجی ئێمە زیاتر لەسەر قۆناغی منداڵی و هەرزەکارییە، بەتایبەت هەرزەکاران. کە هەستی خۆبەدەرخستن و خۆبە پاڵەواندانانیان لەلا بەرزە. هەرزەکار پڕە لە وزە و گوڕوتین و گەرمی، بە بچووکترین هۆکار هەڵدەچێ و تووڕە دەبێ و پەرچەکرداری دەبێ. بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی پێش هەرزەکاری، کە قۆناغی منداڵییە. ئەویش دەبێ لە ڕێگای پەروەردەوە هەوڵ بدرێ هەرزەکارەکان کەمترین کێشەیان بۆ خۆیان و بۆ کەسانی دەوروبەریان هەبێت.
لەدواى ئەوەى منداڵ بۆ ماوەى شەش ساڵ لەباوەشى خێزاندا پەروەردە دەکرێ و زۆر شت فێر دەبێت، هەر لە قسەکردن و دانیشتن و ڕۆیشتن و خواردن و گەلێک هەڵسوکەوت و ڕەفتارى جیاواز، کە تایبەتن بە نەریت و کەلتوورى خێزانەکان، ئینجا دەرگاى قوتابخانە بەڕوویدا دەکرێتەوە و قوتابخانە دەبێتە ماڵى دووەمى، قوتابخانە دەبێتە فێرگە و هەوارگەى ساڵانێک لە تەمەنى. لێرەدا ئەرکى قوتابخانە قورستر دەبێت. زۆرجار سەرەڕاى ئەوەى ئاستى هۆشیارى و ڕۆشنبیرى خێزانەکان بەو ڕادەیە نییە کە بتوانن ڕەگى توندوتیژى لە هزر و دەروونى منداڵەکانیان لاواز بکەن و وشک بکەن، وەک لەپێشتر باسمان کرد، ڕەنگە ببنە هۆکار و سەرچاوەى سەرەکى توندوتیژییەکان. بەداخەوە، هەندێک جار قوتابخانەکانیش دەبنە کێڵگەیەکى لەبار بۆ زیادبوونى توندوتیژییەکان، دەبنە ژینگەیەکى ڕەخساو بۆ سەرهەڵدانى توندوتیژی.
ئەو توندوتیژییانەى لەناو قوتابخانەدا ڕوو دەدەن چەند جۆرێکن، وەک: توندوتیژى مامۆستا بەرانبەر بە قوتابى، کە خۆى لە توندوتیژى جەستەیی و دەروونى دەبینێتەوە. هەروەها توندوتیژى قوتابى بەرانبەر بە مامۆستا، توندوتیژى کەس و کارى قوتابى بەرانبەر بە مامۆستا.
دیاردەکانی توندوتیژی لەناو قوتابخانەکان لە چەند خالێک دەخەینەڕوو:
۱-شەڕ و ململانێ لەنێوان قوتابییان و ئازاردانی یەکتری. هەندێک جار لەکاتی پشوودانیان یان لەکاتی یاریکردن، جەنجاڵی و پاڵدان و بەردانەوە و خۆلێکخشاندن دروست دەبێت، بەڵام بەوشێوەیە نییە کە جەستەی یەکتر برینداربکەن یان بشکێنن و بە سەختی ئازاری یەکتر بدەن، بەڵام هەر بە توندوتیژی هەژماردەکرێت.
۲- توندوتیژی دەروونی لەنێوان قوتابییان، ئەویش جوێندان و تیروتوانج و قسەپێگوتن و هەڕەشەلێکردن و ترساندن و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە قوتابییان لەگەڵ یەکتردا بەکاری دێنن و دەبێتە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ و بریندارکردنی هەست و شکاندنی کەسایەتی و بێزارکردن.
۳- توندوتیژی مامۆستا بەرامبەر قوتابی. کاتێک قوتابییەک ڕەفتارێکی هەڵە یان سەرپێچییەکی یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە بکات یان کێشەی لەگەڵ قوتابییەک یان چەند قوتابییەکی دیکە هەبێت، لەوکاتەدا مامۆستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پەنا بۆ لێدان و ئازاردانی جەستەیی یان دەروونی و سەرکۆنەکردن و تێکشکاندنی کەسایەتی قوتابییەکە ببات، ئەمەش پێی دەگوترێت توندوتیژی.
٤- توندوتیژی قوتابی بەرامبەر مامۆستا. زۆرجار بینیومانە بەهۆکاری جیاواز، چ بەهۆی کەوتن و دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەکان یان بەهۆی سزادانیەوە، قوتابی کاردانەوە و پەرچەکرداری نواندووە و بەگژ مامۆستاکانی چووەتەوە و هەوڵی تۆلەسەندنەوەی داوە.
٥- توندوتیژی کەسوکاری قوتابی لە دژی مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانەکان. هەندێک جار بەهۆی کەوتن و دەرنەچوونی منداڵەکەیان لە تاقیکردنەوەکان و مانەوەی لە پۆلی خۆی یان بەهۆی ڕەفتارێکی هەڵەی مامۆستایەکەوە، کەسوکاری قوتابی هەڕەشە لە مامۆستا دەکەن یان هێرش دەکەنە سەر مامۆستا و ئازاری دەدەن.
٦- زیانگەیاندن بە باڵەخانەی قوتابخانە و شکاندنی دەرگە و پەنجەرە و کورسی و کەلوپەلەکانی تری.
۷- دڕاندن و پیسکردنی کتێب و تێنووسەکانیان.
۸- کاتێک کۆمەڵێک قوتابی یەک دەگرن و پابەندی و یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە نابن و یاخی دەبن و هەوڵی پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ و زەبروزەنگ دەدەن و وەک عەسابە خۆیان پیشان دەدەن لەناو قوتابخانە و کەشێکی نائارام و ناجێگیر دروست دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر قوتابییان و بینای قوتابخانە و تەنانەت مامۆستایانیش.
هەندێک لەو خالانەی کە باسمان کرد، دەتوانین بڵێین دیاردەنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەویش لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، ڕەنگە جیاوازی و کەم و زۆری هەبێت.