
خۆ هەر مووەکیش لە بەراز ببێتەوە هەر باشە !
پڕۆسەی تورکیای بێ تیڕۆر .......!!!
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لە دێرین زەمانەوە مێژوویەکی قێزەونی وەك بەرنەفرەتکراوی کوشتن و کاولکاری و داگیرکاری و ..... ، پاش جەنگی جیهانی یەکەمیش ، رووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی ، دابەشکردنی کێکەکەی پیاوە نەخۆشەکە لە رێککەوتننامەکەی سایکس - پیکۆ 1916 / 5 / 16 ، لە پەیماننامەی سیڤەر 1920 / 8 / 10 ، ئومێدێکی بەخشی بۆ ئەگەری دامەزراندنی ستاتیۆیەکی کوردی ، بەڵام رەشەبای باڵادەستی و مەزادخانەکەی خوێنەکەی لە لۆزان 1923 / 7 / 24 ، هەموو دەرگااکانی داخستە ناو سنوورێکی قایمی تەڵبەندکراو ، بێ گوێدانە مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس . سەرمایەداری جیهانی چلێس و چاوبرسی ، تەنها لە پشت پەردەی پەرتکە و زاڵبە ، دەستکراوەبوون لە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان ، بنیادنانی ستاتیۆی پیرۆزی یەك وڵات ، یەك نەتەوە ، یەك زمان و یەك ئاڵا ، لەسەر بنەمای سەردەستەیی ، خۆشکردنی ئاگری تایفەگەری ، ئاینزاگەری ، نەتەوەپەرستی ، تاواندنەوە و ...... ، وایکرد ماشێنی جەنگ ، کۆچ ، سڕینەوە بەردەوامبێ .
پرسی کورد ، ئۆقرەی لە عەرەب ، فارس و تورك بڕیوە ، خەوی لێزڕاندوون ، وەك مۆتەکە ژیانی لێ تاڵکردوون ، هەرچەندە ناکۆك و ناتەبابن ؛ بەڵام لەسەر دۆزی سەرکوتکردنی کورد هاوکار و هاوتەبان ، شەنەبای خۆیان دەکەن و موویان بەبەر وەناچی ، کاتێکیش بانگەشەی دروشمی قێزەونی هەموو موسڵمانان برای یەکن دەکەن ، بە دڵنیاییەوەوە دەرکەوت هەموو موسڵمانانی دنیا تەنها برای کورد نین ! خۆشبەختانە هەرچەندە سیاسەتی نکوڵیکردن و تاواندنەوە و قڕکردن بەردەوام بووبێ ؛ ئەوا کوردیش وەك چیا سەرکەشەکان ،کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە بەرگری و بەرخودان .
لە باکووری کوردستان ، بانگەوازە مێژووییەکەی ( ئاشتی کۆمەڵگەی دیموکراتیك ) ی رێبەری پەکەکە ، عەبدوڵا ئۆجەلان لە 2025 / 2 / 27 ، لە کاتژمێر 5 ی ئەم ئێوارەیە لە ELITE HOTEL لە شاری ئەستەنبۆڵ ، لەبەردەم کامێڕاکان و رۆژنامەوانان ، ئەحمەد تورکی سیاسەتمەداری دیاری کوردی باکوور ، پەیامی سەدەی خوێندەوە ، بەهێزترین پەیام بوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و پێشوازی گەرمی لێکرا ، بەمەش تۆپەکە هەڵدرایە ناو گۆڕەپانی تورکیا و کاریگەری دەبێت .
بەدەمەچوونی بانگەوازە مێژووییەکە ، دەستوبرد و وەك نیازپاکی ، لە 2025 / 3 / 1 ، فەرماندارێتی پاراستنی گەل ( نەپەگە ) ، ئاگربەستی راگەیاند ، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە 2025 / 5 / 7 - 5 ، کۆنگرەی دوازدەمی پەکەکە بەڕێوەچوو ، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی رێکخراوەیی و کۆتایی بە کار و چاڵاکییەکان بهێنرێت و تێکوشانی چەکداری دژی تورکیا بوەستێنرێت ، لە 2025 / 7 / 11 ، لە ئەشکەوتی جاسەنە ، بانگەوازی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەشەڕ راگەینرا ، 30 گەریلای پەکەکە ، 15 کچ و 15 کوڕ ، یەك لە دوای یەك ، هێمنانە و سەربەرزانە ، لە ئەشکەوتەکە دەرکەوتن و چەکەکانیان خستە ناو کوورەکە ، لوولەی چەکەکانیان وەك خۆیان سەریان بەرزبوو ، دوای وتارە بەجۆشەکە و کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە لەبەردەم ئاپۆڕای راگەیاندنەکان ، یەکەیەکە سەربەرزانە گەڕانەوە بۆناو پەشکەوتەکە دوای بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مێژوویی لە پێناو ئاشتی ئایندە .
لە 2015 / 2 / 28 ، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە Dolmabahçe ، بۆ پێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری ، رێکەوتنەکە ، کە لە دە خاڵ سەرچاوەی گرتبوو ، رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا پشتگیری نەکرد ، بەمجۆرە پڕۆسەکە شکستی هێنا .
هەروەها جێگەی وەبیرهێنانەوەیە ، لە سەردەمی تۆرگۆت ئۆزاڵ Halil Turgut Özal ، سەرۆکی پارتی نیشتمانی دایك ، ( ANAP ) و سەرۆکی تورکیا 1989 - 1993 ، بە جدی ( بەڵام بە ترس و گومانەوە ) کاری لەسەرپڕۆسەکە کرد ، بۆ ئەم مەبەستە ، پەکەکە ئاگربەستی لە 1993 / 3 / 20 راگەیاند ، بەڵام لە رووداوێکی تەمومژاوی و گوماناویدا لە 1993 / 4 / 17 گیانی لە دەستا و پڕۆسەی ئاشتی وەستێنرا و بوو بەهەڵم و ئەمجارەشیان شکستی هێنا !
لە 2006 / 10 / 1 لە سەروبەندی پڕۆسەی ئاشتی و نیازپاکی، پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند ، بەڵام بەبێ ئەنجام بوو .
هیچ دەوڵەت - نەتەوەیەك لە جیهاندا بە ئەندازەی دەوڵەتی تورك مەترسیدار نییە ،چونکە بەتەواوی مانا ، لەسەر بنەمای تواندنەوە بونیاد نراوە ، لە دەستوورەکەیاندا هاتووە ( ئەو جوگرافییایەی سەر نەخشەی جیهان ناوی تورکیایە ، تەنیا گەلی تورکی لێدەژی ) ، نەژادپەرستی لەلوتکە ( چەند بەختەوەرم کە تورکم ) ، گەر رۆژێك لە رۆژان کورد هەست بە بوونی خۆی بکات ؛ واتە ئەو چەمگانەی بە پیرۆزیی ناوزەدکردبوون ، دوورن لە راستی و بە درۆ دەکەونەوە و لەناوچوونی تورك و پارچە پارچەبوونی لێ دەکەوێتەوە ، هەربۆیەش تەنیا لە باکوور دژایەتی کورد ناکات ، بەڵکو لە عێراق ، سووریا ، ئێران و هەموو وڵاتانی جیهان و رێگەگرتن بە دامەزراندنی هیچ ستاتیۆیەکی کوردی ، سەرسەختانە دژایەتی دۆزی کورد دەکات ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تا سیستەمی باڵادەستی وەك AKP ، MHP ، CHP ، بمینێت ؛ کاری لە پێشینەیان لەناوبردن و تێکوپێکشکاندنی پەکەکە و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی ، ئەو کاتە دۆزی کورد هیچ واتایەك ناگەیەنێ .
کورد تاکە نەتەوەی بێ دەوڵەتە ، کەوتە جیۆسیاسییەکەی ناو دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کەوتەی لە سەر رێڕەوە وشکانییەکان ، یەدەگێکی زۆری ستراتیژی لە نەوت و غاز ، سەرچاوەی ئاوێکی زۆر ، هاوسنووری لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان ، سەقامگیری، زیاتر بارودۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە ، بووەتە کارتێکی بەهێزی هاوکێشە و هاوسەنگی لە ئاسایشی هەرێمی و لێکدانەوەی زلهێزەکان لە پشت پەردەکانەوە گۆڕیوە لە داننان بە مافەنەتەوایەتیەکان و خۆسەرێتی و مافی چارەنووس بۆ بەرژەوەندی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی وزە و هاکێشە سەربازییەکان .
پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناونراوە ( تورکیای بێ تیرۆر ) ! باشە کێ بەرپرسە یەك سەدە لە کۆمەڵکوژی ، تاواندنەوە ، راگواستن ، زیندانیکردن و ....... ، تۆ وەك تاوانبارێك سەیرت بکا نەك وەك شۆڕشگێڕێك لەپێناو ئازادی ! پڕۆسەیەکی دوورودرێژ ، هەورازونشێوی زۆر لەپێشە ، لە منداڵێکی باخچە ساوایان تا دەگاتە پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ ، باوەڕی بە ئاشتی و برایەتی نییە !
یەك راستی مێژوویی هەیە بە زەبری چەك پرسی کورد کۆتایی پێ نایەت ، نە بزاڤی کوردیش لە رێگەی شەڕ ناتوانی مافە سیاسیی و دەستوورییەکان بە دەست بهێنێت ، ئاشتیش بەبێ ئیڕادەیەکی سیاسی و گۆڕانکاری یاسایی ناتوانێ بەردەوام بێ .
ئیدریس سدیق
سێشەممەی
28 / 7 / 2026
