
نەجات یوسف کاولۆکەیی - سۆران
تا ئێستا هەریەک لە ئێران و ئەمریکا بەردەوام هەڕەشە لە یەکتری دەکەن. هەندێک پێیان وایە ئەم هۆشدارییە بۆ ئەوەیە ئێران بهێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ، هەندێکیش پێیان وایە هەڕەشەکانی ئەمریکا بەرانبەر ئێران ڕاستەقینەن و دەبێت کۆتایی بە سیستەمی حوکمڕانیی ئێستای ئێران بهێنرێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل بە ئاسوودەیی بژیت.
هێنانی چەندان کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییی ئەتۆمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمجارە ئەمریکا دەیەوێت گورزێکی سەربازی لە ئێران بدات و جەنگەکە بکاتە ڕاستی. چونکە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی کە چیتر ئێران نایەوێت دانوستانیان لەگەڵ بکات.
تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە، ئەمجارە وای لە ئەمریکا کرد کە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جەنگی بهێنێتە نزیک کەناراوەکانی ئێران. ئەم کەشتییە تا ئێستا لە هیچ شەڕێکدا بەشداریی نەکردووە، وەک بڵێی ئەمجارە جەنگەکە یەکلاکەرەوە دەبێت.
هەریەک لە تورکیا، سعوودیە و قەتەر هەوڵێکی دیپلۆماسییان دەست پێ کردووە و دەیانەوێت قەناعەت بە ترەمپ بهێنن بۆ ئەوەی لە ئێستادا جەنگەکە ڕانەگەیەنێت. هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیش دادەنیشن و دەیانهێننەوە سەر مێزی دانوستان.
حکوومەتی ئێران هەموو کاتێک ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ، بەڵام بە مەرجێک نابێت ئەمریکا خۆی بەسەر ئێراندا زاڵ بکات. ئێران دەیەوێت دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات کە سەروەریی ئێران پێشێل نەکات. بەڵام ئەمریکا دەیەوێت هەر بڕیارێک دەربکات، دەبێت حکوومەتی ئێران پێیەوە پابەند بێت، ئەوەش بەلای کاربەدەستانی تارانەوە جێگەی قبووڵکردن نییە.
لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، چەندان سزای قورس خرانە سەر ئێران. یەکێک لەو سزایانەی کە ئێرانی تووڕە کردووە، خستنە ناو لیستی ڕەشی تیرۆرەوەی سوپای پاسدارانە. ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لێ کەوتەوە.
بەگوێرەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، جەنگەکە لە ئان و ساتدایە و کاتژمێری سفری بۆ دانراوە. بەڵام چاوەڕوانی هەڵوێستی ئێرانیش دەکەن کە داوای دانوستانێکیان لێ بکات کە بە ڕەزامەندیی هەمووان بێت. بەڵام ئەگەر ئێران بیەوێت کات بکوژێت، ئەوا هیچ دەرفەتێکی لەبەردەمدا نامێنێت، تەنیا جەنگ نەبێت.
ئەمریکا سێ مەرجی بۆ ئێران داناوە؛ ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات، ئەوا هیچ جەنگێک ڕوو نادات، وە ئەگەر بێت و قبووڵیان نەکات، ئەوا بە دڵنیایییەوە ئەو جەنگە ڕوو دەدات. سێ مەرجەکەش بریتین لەمانە:
١. ئێران دەبێت بێ قەید و شەرت پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.
٢. نابێت چیتر ئێران پەرە بە مووشەکە بالیستییەکانی بدات و دەبێت ڕایبگرێت.
٣. نابێت چیتر ئێران یارمەتیی گرووپە چەکدارەکان بدات لە عێراق و لوبنان و یەمەن.
لێرەدا دەبێت چاوەڕوانی هەڵوێستی ئێران بکرێت و بزانرێت ئایا ئێران بەو پێشنیازانەی ئەمریکا ڕازی دەبێت یان نا. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەرگیز کاربەدەستانی تاران ئامادە نین ئەو پێشنیازانە قبووڵ بکەن کە ئەمریکا بۆی دیاری کردوون.