گەنج  ڕەووف زوهدی

دەستگیرکردنی سیاسیەکی هەڵتۆقوی دروستکراو ، تەنها چیرۆکی یاسا یان ڕێوشوێنی دادوەری نییە، بەڵکوو وێنەیەکی ڕوونی سروشتی سیستەمی سیاسیی دەسەلاتە، ئێمە کە دەسەڵاتێکی گەندەڵمان هەیە، ساڵانێکی زۆرە کۆنترۆڵی دیمەنە سیاسیەکانی کردووە، و ئۆپۆزسیۆنێکیش کە وەک جێگرەوە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا هێزێـکی  پۆپۆلیستیە و سەروەت و سامانەکەی لەسەر گەندەڵی دروست کردوە، هەردوو لایەنەکە وەک ئەوە خۆیان پیشان دەدەن کە لە پێناو خەڵکدا شەڕ دەکەن، بەڵام شەڕی ڕاستەقینەی نێوانیان لەسەر دەسەڵات و کورسییەکانە، نەک لەسەر خزمەتکردنی خەڵک.

دامەزراوەکان لە کوردستان کە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ دەردەکەون:  پەرلەمان، حکومەت ، دادوەری لەژێـر ناوی بەرژەوەندی گشتی ووتار  دەدەن، بەڵام لە ڕاسـتیدا دامەزراوەکان لەلایەن تۆڕی بەرژەوەندیی خێڵ و خێزان و حزبەوە  کۆنترۆڵکراون، کە یاسا و هەڵبژاردنەکان وەک چەکێک بەکاردەهێنن لە تەسفێکردنی حیسابەکان لە نێوان سەرە باڵادەستەکاندا، نەک وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، لە وڵاتێکی ئاساییدا، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبێت بەپێی یاسا و بە شێوەیەکی شەفاف بێت، بەڵام لێرەدا هەمووان ئەمە وەک بەشێک لە یارییەکی سیاسی دەبینن بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان.

ئۆپۆزسیۆنی پووپولیستی لە کوردستاندا پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاریی هەڵنەگرتووە. پشت بە تووڕەیەکانی  خەڵک دەبەستێت بۆ سسوود وەرگرتنیان لە سندوقەکانی دەنگدان پاشان دەگەڕێتەوە بۆ بەکار هێنانی دەنگەکانی لەگەڵ هەمان دەسەڵاتدا کە هێرشی دەکردە سەری، بەم شێوەیە گەندەڵی لە هەردوو لایەندا دەمێنێتەوە: گەندەڵی دەسەڵات گەندەڵی ئۆپۆزسیۆن دروست دەکات، و گەندەڵی ئۆپۆزسیۆن پاساوێک دەدات بە دەسەڵات بۆ بەردەوامبوون.

لە کۆتاییدا، هاووڵاتی  دۆڕاوە، دەنگی و ناڕەزایەتییەکەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنرێت، پاشان بەجێدەهێڵدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەمانی ئومێد. ئەمە ناوەڕۆکی کێشەکەیە: نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن ئامادەنین قوربانی بە بەرژەوەندییەکانیان بدەن، لە پێناو دروستکردنی سیستەمێکی ڕاستەقینە کە لەسەر هاووڵاتیبوون و دادپەروەری بوەستێت.

ئەوەی ئێمە دەیبینین ململانەیەکی ساختەیە، دروشمی جوانە لە دەرەوە، بەڵام لە ناوەوە ململانێیە لەسەر دەستکەوتەکان لە نێوان دوو چیندا کە لە وتاردا جیاوازن، بەڵام لە بەرژەوەندیدا هاوشێوەن،هەتا ئەو کاتەی یارییە سیاسییەکە لە گۆڕەپانی ئەم دوو فۆرمە  سنووردار بێت، ئەوا هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوو تەنها گەڕێکی نوێ دەبێت لە ململانێی گەندەڵەکان، لەکاتێکدا خەڵک لە دەرەوەی هاوکێشەکە دەمێنێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا