
دروستبوونی جۆرێک لە "ڕای گشتیی نیشتمانی" لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و هاتنە سەرشەقام و بەدەنگەوەهاتنی ملیۆنان کورد و ئازادیخواز دژ بە پیلان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمەکەی (ئەحمەد شەرع) و هێزە تاریکپەرستەکان لە دژی کوردانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی سیاسیی ئەمڕۆماندا. ئەم ڕووداوە تەنها کاردانەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بوونی مەترسییەکی هاوشێوە و سیستەماتیک لەلایەن دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و عێراقەوە.
دروستبوونی ئەم ڕای گشتییە کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام نابێت لە بازنەی داخراوی "خۆبەقوربانی نیشاندان" و سۆز و عاتیفەی کاتیدا قەتیس بمێنێت. ئەگەر ئەم وزە جەماوەرییە نەگوازرێتەوە بۆ دۆخی "خۆڕێکخستن" و گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنێکی سیاسی و فکریی ستراتیژی، ناتوانێت لە شەڕێکی درێژخایەندا بەرگە بگرێت؛ شەڕێک کە ڕۆژانە لە بەردەرگای هەموومانە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
ڕیشەی داگیرکاریی کوردستان، مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە و لە چاڵدێرانەوە بۆ ئەمڕۆ درێژ دەبێتەوە. ئەم دۆخە وای کردووە داگیرکاری تەنها پرۆسەیەکی سەربازی نەبێت بۆ داگیرکردنی خاک، ئابووری و کولتوور، یان تەنها بێبەشکردنی ئێمە نەبێت لە قەوارەیەکی سیاسی، بەڵکو بووەتە پرۆسەیەکی "هەیمەنە" کە لێکەوتەی قووڵی لەسەر فکری سیاسی، سایکۆلۆژیا و ژێرخانی کۆمەڵایەتیی تاک و کۆمەڵگەی کوردیش جێهێشتووە.
ڕەنگدانەوەی ئەم هەیمەنەیە لەسەر شوناس و ئایدۆلۆژیاکان -چ لەناو چەپ، ڕاست و هێزە ئیسلامییەکان- کەم نییە. تا ئاستێکی زۆر و بە ڕوونی، کاریگەریی فکریی نەتەوەی سەردەست (داگیرکەر) بەسەر تەواوی ئەم ڕەوتە سیاسییانەوە دەبینین، هەرچەندە بە شێواز و ئاستی جیاواز بێت. لەم نێوەندەدا، ناکرێت نکۆڵی لە هەوڵەکان و دۆخی بەرەنگاریی مێژووییش بکرێت.
لێرەدا، ڕۆڵ و هەوڵی هێزە چەپەکان بۆ "خۆبەخاوەندارییەتیکردن" و گرێدانەوەی تێكۆشانی چینایەتی و نیشتمانی، هەروەها پرسەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و کولتووری، هەنگاوێکی چارەنووسسازە. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرس و پرسیارە جەوهەرییەکانی کولتوور و نیشتمانی ئێمە، دوور لە عەقڵیەتی هاوردەکردن و کۆپیکردنی کوێرانەی فیکر و ئایدۆلۆژیا بیانییەکان.
کاتێک سەدان و بگرە هەزاران هاووڵاتی لە شاری هەولێر و ناوچەکانی دیکە، بەدەنگ بانگەوازی حزبی شیوعیی کوردستانەوە دێن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرشی فاشیزمی تایفی و نەتەوەیی دژ بە گەلی کورد لە سوریا -کە ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع نوێنەرایەتی دەکات- ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قورسایی و متمانەی جەماوەر بە هێزە چەپەکان و چاوەڕوانییان بۆ ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ئێمە.
سەپاندنی دەسەڵاتێک بەناوی پیرۆزیی دەوڵەت بەڵام بێ شەرعیەتی میللی، لە چوارچێوەی کاریگەرییەکانی فکری فاشیزمی بەعس و ئیسلامی سیاسیی ئیخوانی، بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێدەنگیی زلھێزەکان، قۆناغێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە "باڵانسی هێز" و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکە، کە هەڕەشەی جدی لەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکان دروست دەکات.
دەرەنجام، ئەم ڕووداوانە پێویستیان بە خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی فکریی قووڵتر هەیە، تا هێزە چەپەکان بتوانن لە ئاستی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکاندا، ئامادەیییەکی کاراتریان هەبێت.