ئاگر لە میتۆلۆژیایی مێزۆپۆتامیادا
ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم.
بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم.
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سووری ئاگر.
نەورۆز ناکەم ئەگەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات و
بەخۆم نەبمە سەر چۆپیگر.
پەشێو
ئاگر لە نیگایی یەکەمیدا گوزارشتە لە ژیان، لە نیگای دووهەمیدا بەمانای ڕوناکی دێت. جیهان بریتیە لە ململانێی نێوان دوالیزمەکان، تاریکی و ڕوناکی، چاکە و خراپە، ژیان و مەرگ...تاد
ئاگرکردنەوە لەسەر لووتکەی چیاکان نەریتێکی کۆنی گەلانی میزۆپۆتامیایە، ڕیشەکەی دەگەڕیتەوە بۆ کۆنترین پنتی مێژووی مرۆڤ. ئەگەر بنواڕینە میتۆلۆژیای گەلانی میزۆپۆتامیا، یەکێکیان نیە ئاماژە بە ڕووداوی لافاوە مەزنەکە نەکات.
لە ئەفسانەیەکی سۆمەریدا ئەمە دەخوێنینەوە: سەر لەبەیانی ئاسمان شێوا و شەو ڕەهێڵەیەکی هێندە بەسام دایکرد نە دەتوانرا تەماشای بکرێت. ڕۆژی یەکەم بای باشوور هەڵیکرد و وەک سوپا دای بەسەر خەڵکیدا و وای لێهات چاو چاوی نەدەبینی[1]. هەروەها لە ئینجیلیش دا ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە:لە حەوتەم ڕۆژی مانگی دووهەمدا، هەموو سەرچاوەکانی ئاوی ئاسمان کرایەوەو چل شەو و چل ڕۆژ باران باری[2].
هەموو ئەفسانەکان لەنیگای یەکەمدا گوزارشت لە زستان و بارانی بەخوڕ دەکات، کە دەبێتە هۆکاری لافاوێکی تۆقێنەر و زەوی نغرۆ دەکات. وەلێ دەرکەوتنی گژوگیا گوزارشتە لە دەرکەوتنی بەهار و ژیانەوەی سرووشت. لەنیگای دووەهەمی ئەفسانەکاندا گوزارشتە لە چیا و لووتکەی شاخەکان.
(کسیسترۆس) پاڵەوانی میتۆلۆژیای سۆمەر کە زۆر لە نوح کۆنترە، بۆئەوەی بزانێت لافاوەکە کۆتایی هاتووە، پتر لە چەندین جار باڵندە دەنێریت. باڵندەکان لە کاتی گەڕانەوەیاندا چڵی گیای سەوزیان بە دەنووک هەڵگرتبوو، ئەمەش گوزارشتە لە دەرکەوتنی زەوی. کەشتیەکانی (پاڵەوانی سۆمەری، نوحی ئینجیل، دیڤاکۆی یۆنانی) لەسەر لوتکەی چیاکان دەگیرسێنەوە[3].
کۆتایی هەموو تێکستەکان بە دەرکەوتنی ئاگر، کۆتایی دێت. ئاگر گوزارشتە لە سەرکەوتن، گوزارشتە لەو دەمەی غەریزەی ژیان بەسەر غەریزەی مەرگدۆستیدا سەردەکەوێت. پاڵەوانی سۆمەری بۆ ئەوەی بەسەر ئەو هێزە شەڕەنگێزەدا سەربکەوێت، لە لوتکەی چیاکاندا ئاگری کردووەتەوە. پاڵەوانی نێو ئینجیل و ئاڤێستا و بابلییەکانیش هەمان کاریان ئەنجام داوە. ئەم تێکستانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئاگرکردنەوە لە لووتکەی چیاکاندا، نەریتێکی کۆنی گەلانی میزۆپۆتامیایە و گوزارشتە لە هێزی ژیان و نوێبوونەوەی سرووشت.
سەرچاوەکان:
1.ئەلیکساندەر گەڕبۆڤیسکی: نهێنی کۆنترین مێژوو.
و/ جەلال تەقی. چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم 2017
2.holy bible: kurdi sorani standar(kss)
3. ئەلیکساندەر گەڕبۆڤیسکی: نهێنی کۆنترین مێژوو