
بۆ نەوتراوە " تا ماڵ پێویست بێ ، مزگەوت بەتاڵە ؟؟!! "
کورد بەر لە موسڵمانبوونی و دوای موسڵمانبوونیشی لانکەی قووڵبوونەوەی گیانی پێکەوەژیان ، لێبوردەیی ، ئاشتی ، میوانداری بیر و باوەڕەکان ، هەڵکردنی کەلتوورەجیاوازەکان ، هاریکاری و ..... ، پیشخانێکی مێژوویی سەردەمی پرچە سپییەکەی داپیرە مێژووی زاگڕۆسەوە ، دوور و درێژ و دەوڵەمەند و شکۆداری هەیە لە ژیانێکی شکۆمەندانە ، داکۆکیکردنی سەرفرازانە لە خاك و خۆڵی نیشتیمان و گرنگیدان و بە هەندهەڵگرتن و بە لەچاوگرتنی ئایندە . رووی لە هەرکوێ کردبێت بۆ مەبەستی گوزەران وژیانکردن و پەناگەیەکی ئارام ، غەرێکی بەسەریەكەوە کەڵەکە کردووە و نموونە بوە لەخواپەرستی و عیبادەت و تەقوا .
کاتێ دەسەڵاتی نیشتیمانی هەرەس دەهێنێت ، لە بەرپرسیارێتی و ئامانجە راستەقینەکانی نان ، کار ، ئازادی ، ژیانێکی شکۆدار لادەدات و دادەبڕێت لە پرینسیپ و بەهاکانی مرۆڤایەتی ؛ لە شارستانێتی بەجێ دەمینێ و بە سۆزی خێڵگەرایی بەڕێوەدەبرێت ، ئیتر سەرانی دەسەڵات دەبنە دکتاتۆر ، دڕندەیەکی برسی هار و هاج ، چەتە و رێگر و چینێکی بیرۆکڕاتی ستەمکاری سەربەخۆ ، تەنها لەخەونی پاراستنی کورسییەکانیان و بە پیرۆزکردنی بنەماڵەکانیاندان .
پرسیارەکە ڵێرە سەرهەڵدەدات ، ئایا کورد پێویستی بە مزگەوت دروستکردن هەیە یا رێڕەوێکی حوکمڕانی نیشتیمانی ؟
گەر تەنها بەراوردکارییەک بکرێت بە لەچاوگرتنی رێژەی دانێشتووان ، ئەوەندە مزگەوتەی لە هەرێم هەیە لەکۆی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نییە ، لە هەر گەڕەکێك ئەگەر دوو مزگەوت نەبێ ؛ ئەوا یەکی هەر هەیە !
خێرە ڵێژنەی فەتوا و یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف ، کاتێ ریکخراوی ئیسلامی کۆمەك و هاوکارییان بۆ برسی و نەدارانی ئەفریقیا هەناردە کرد ، کێچ کەوتە کەوڵیان و فەتوای حەڕامبوونیان دا ، گوایە لە هەرێم هەژارگەلێك هەیە هەتا ناوماڵ پێویست بێ بۆ دەرەوە حەڕامە !
ئەدی نەوتراوە ( لقمة في بطن جائع خير من بناء ألف جامع ) ، بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە و بە دواداچوون لە ئەستۆی تاك بەتاکی ئەو مێزەر لەسەرانەیە کە لەبەردەم کامێڕاکان ئامادەی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوتی بەناو بارزانی بوون لەسەر زەوی داگیرکراوی خەڵك ، بە پارە و قەرزی مووچە دزراوەکان ، بەکارهێنانی دارایی گشتی ، 30 ملیۆن دۆلار قەرزاری و ...... .
خێرە یەکێ جوڕئەتی نەکرد و رووی نەهات وەك ( ألعلماء ورثة ٱالأنبياء ) بپرسی ، حکومەت چەند قەرزاری مووچە خۆرانە ، دانەوەی قەرز خێرترە یا بیناکردنی مزگەوت ، دوای فەڕز ئینجا نۆرەی سوننەتە ، ( وەك ئەو ژنەی کاری بەدڕەوشتی دەکرد و پارەکەی دەکردە خێر ) ! لە کام شەرعی خوا هاتووە ؟ لەسەرچی رۆژنامەنووسان ، ئازادیخوازان ، چاڵاکوانان و .... زیندانی دەکرێن ؟ بۆ بەبێ تەقاندنی یەك فیشەك ، خەڵکی سڤیلی شنگال رادەستی تاریکپەرستانی داعش کرا ؟ کرێچی ، هەژار ، سواڵکەر و .... بنبڕکراوە ؟ بێکاری خاوەن بڕوانامەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان ، دامەزراندن ، پلەبەرزکردنەوە ، و کۆچکردنیان کێ بەرپرسیارە ؟ کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران ، وێران و خاپوورکردن و کۆچی بەزۆری گوند نشینان ، سووتاندنی کێڵگە و باخ و باخچە و رەز و پاوانەکان و .... کێ سەرچۆپییەکەی گرتووە ؟ چی کراوە لە بوارەکانی بەڕێوەبردن ، ئاوەدانکردنەوە ، خزمەتگوزاری ، ژێرخانی ئابووری ، کشتوکاڵی ، پیشەسازی و ..... ؟ کوا خوێندنگا ، نەخۆشخانە ، سەنتەری هاوینەی گەنجان ، شوێنی حەوانەوەی پیران و بەساڵاچوان و .... ؟ بۆ ناتوانن 120 ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی رەشوڕووتەکان بۆ بەغدا بنێرن ، کوا داهاتەکەتان کە بوەتە ئەنفالکردنی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی تاك بەتاکی کۆمەڵگە ؟ گەندەڵی ، دەستکەوتی نایاسایی لە سپیکردنەوەی پارە ، گواستنەوە و شاردنەوە و دەستبەسەرا گرتنی سامانی گشتی و .... سزاکەی چییە ؟ بەنداوی بێخمە چی بەسەرهات ، پیسبوونی ژینگە ، رێگاوبانەکان ، ئاو ، کارەبا ، غاز و...... دەیان پرسیاری تر !
دەبا بە بیرتان بێتەوە : ( كلكم راع و كلكم مسؤل عن رعيته ) ، ( ولا تركنوا إلى اللذين ظلموا فتمسكم ٱلنار ) و لە کۆتاییدا ( و ٱلساكت عن ٱلحق شيطان أخرس )
لەو هەرێمۆکە ئەوەندەی شین گێڕدراوە ، خێر و خۆشی دەستەبەرنەکراوە ! پێرۆز بێ ، هەرچی هەیە لە دار و بەرد و ئاسن و شیش و شووشە و .......دەبێتە قودسێکی تر بۆ کۆیلەکان و دەروێشان و موریدانی دەربار .
( مالکم کیف تحکمون ) ..... ؟؟؟
ئیدریس سدیق
شەممەی
27 / 6 / 2026
