هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بەپێی زۆر لە پێوەرە زانستیەكانی ناوەندە ئەكادیمیەكان زانكۆ یەكێكە لە كۆڵەكە  گرنگەكانی زانست و زانیاری هەمەجۆر و ڕۆڵێكی یەكجار كاریگەری هەیە لە گەشەی مەعریفە و خوێندنەوەی سۆسێۆلۆژیا و زانستە مرۆڤایەتیەكاندا و دەشێ لە ڕێگەی ئەم ناوەندەوە پایەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگا و خەسڵەتەكانی ناسینی زانستی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسی و كۆمەڵگای پێشكەوتوو بونیادبنرێ، واتا وێڕای ئەوەی زانكۆ ناوەندێكی ئەكادیمی گرنگی مەعریفیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێی خاوەن ئیرادە و تێگەیشتوو هاوكات ئەو پانتاییە فراوانەیە كەدەكرێ وەك ئامرازێكی گەورەی هێنانەدی گۆڕانكاریە ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان هەژمار بكرێت، چونكە زانكۆ وەك چۆن لە بنەڕەتدا خاوەنی دیدگایەكی زانستییانەی جیاوازە ، ئاواش بەدید و تێڕوانینێكی عەقڵانە و كراوە و پلانێكی ستراتیژی درێژمەوداوە  گەرەنتی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەگەڵ كەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا دەكات و كاریگەرە لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەدا ، 

زانكۆ شوێنێكە كە تێیدا توانا و ئیرادەی بەهێزی مرۆی دەردەكەوێت و لە رووی ناوەڕۆكەوە مرۆڤ بەرهەمدێنێ، بۆیە لە هەر كوێ زانكۆیەكی بەهێز دەركەوت ئەوە بەرەوپێشچونی گۆڕانكاریە سیاسی و  ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی ئەو شوێنە لەبرەودان و دەشێ ببێتە كۆلەكەی سەركەوتنی خەباتی مەدەنی كۆمەلگا، باشترین زانكۆكانی دنیا لە ئێستا و ڕابردوو ئەو ناوەندانەن كە كەسانێكی كاریگەر و بەویقاریان بەرهەمهێناوە و توانیویانە بەشێوەیەكی بابەتیانە ڕای گشتی درووست و ئاراستەبكەن و ببنە داینەمۆی گۆڕانكاری ڕیشەی ، بەئێستاشەوە زانكۆكانی دنیا شوێنی نوێبوونەوە و ریفۆرم و چاكسازین و لەسەر ڕۆشنای ڕۆڵی كاریگەری زانكۆ نەخشە ڕێی هەنگاوەكانی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا دیاری دەكرێ 

بەڵام پێچەوانە بەم ئاراستە فیكریە ، زانكۆكانی كوردستان لە دۆخێكی چەقبەستووی مایل بەحزبدا ڕاوەستاوە و نەیتوانیوە نەوەیەكی خوێنەوار و هۆشیاری پڕزانیاری بەرهەمبێنێ ، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن كە كۆمەڵگای كوردی لەپاڵ ڕەخنەی ئەقڵی سیاسی و لێكدانەوەی پرسە جیاوازەكاندا پێویستی بەهەوڵێكی جدیشە بۆ ڕەخنەكردنی (بەشداری سیاسی تاك، و پرۆسەی حوكمڕانی) كە مۆدێلێكی شكستخواردووی حوكمڕانی بازاڕیانەیە، بەمانایەكی تر بۆ گۆڕینی فۆڕم و ناوەڕۆكی كولتووی سیاسی، بەتایبەتی ئەو كولتوورە سیاسیەی كە یەكێتی و پارتی وەكو مۆدێلی ناعەقڵانی و نائەخلاقی مومارەسەی دەكەن ، پێویستیمان بە گۆڕانكاریەكی ڕیشەی هەیە و ئەمەش بە بڕوای من دەبێ لە زانكۆ و ئەو نەوەیەوە دەست پێبكات كە هۆشیاریەكی سیاسی بابەتیانەیان هەیە لە بەرانبەر ڕەوتی گۆڕانكاریەكان ، چونكە یەكێك لە پایە گرنگ و كاریگەریەكانی هەر كۆمەلگەیەك زانكۆیە، زانكۆ سەرچاوەی پێشكەوتن و وەلاوەنانی كلتوورە دواكەوتوو بۆگەنەكانە كە هەمیشە كۆمەڵگا بەچەقبەستووی دەهێڵێتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهاوسەنگ و تیكچڕژاوەش پیویستە بیرلە میكانیزم و ڕێگای تر بكرێتەوە تا بتوانرێ گۆرانكاری فیعلی بەرجەستە بكرێ لە سەر ئاستی گشتی كۆمەڵگا 

لێرە لەبری ئەوەی زانكۆ ناوەندێك بێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانیاری و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك وخولقاندنی كاراكتەری جدی و پڕۆژەی سیاسی و فیكری نوێ بێتە ناو دونیای ئێمەوە لەپێناو خوڵقاندنی دونیایەكی نوێی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری كەبتوانێت دابڕانێكی گەورە دروستبكات لەو نەریتە سیاسیەی ئێستا زاڵە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ، بوەتە شوێنێك بۆ كۆكردنەوە و خوڵقاندنی ئاپۆڕای كەسی بڕوانامەداری بێ زانیاری و وایلێهاتوە تەنها بۆ ناوو ڕووكەشانە ئاماژە بە بڕوانامەی بەكالۆریۆس دەكرێت و بە مەزاق و گاڵتەپێكردنەوە ئەڵێ هەرچۆن بوو زانكۆم تەواوكرد ، وردبوونەوە لەو فۆرمەش بۆخۆی دەلیلە لە داڕمانی ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان و، هۆكاری پلە یەكی ئەمەش تێكەڵ بوونی دەستی حزب و یاریكردنێتی بە ناوەندە زانستیەكان و بەرهەمهێنانی كەسایەتی بڕوانامەداری بەتاڵ لە عەقڵ و مەعریفە 

بەكورتی ئەمەش ژینگەیەكی شێواوی ناهاوسەنگی وای ڕەخساندوە كە زانكۆی لە ناوەندێكی زانستی مەعریفیەوە گۆڕیوە بۆ دەزگایەكی پڕململانێی حزبی و بوەتە شوێنی تەحداكردن و دوركەوتنەوە لە عەقڵ و لۆژیك و بە ئاشكرا ڕێگری لە ڕای جیاواز و ئازادی گفتوگۆ و بەرگریكردن لە پێشكەوتنی كۆمەڵگاو داكۆكێكی كردن لە هاوڵاتی بوون و كۆمەڵگای مەدەنی دەكرێ، بۆیە لەناو ژینگەیەكی ئاواشدا قورسە بڕوا بە نەوەیەك بێنین ، كە ڕەوتی پێشكەوتنی كۆمەڵگا پێویستی بەزانست و زانیاری ئەوانە و ناكرێ ڕێگەبدرێ ئەو پاشاگەردانیە بگاتە ئەو ئاستەی كە ببتە هۆكاری بەرهەمهێنانەوەی دەبەنگی و فریودان و گەمژاندنی كۆمەڵگا     

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە