هیوا عومەر

لێكەوتەكانی گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت زیاتر دەبێت. گۆڕان لە هاوسەنگیی هێز، هۆكاری سەرەكی گۆڕانكارییەكانە. وەك سیمایەكی سەرەكیی سیاسەتی زلهێزەكان لە جیهانی سەرمایەداریدا، پارە و هێز چەقی هەژموون و بوون و دەسەڵاتە، لە دەرەوەی هەموو بنەمایەكی مۆراڵی و ماف و بەها مرۆییەكان.

هێرشی هێزە شۆڤێنییەكان لە سووریا و توركیا و ئێرانیش بۆ سەر بوون و پێگەی كورد بە پلەی یەكەم، ڕێگرییە لە سوودوەرگرتنی كورد لەو گۆڕانكارییانە و گۆڕینی هاوكێشەی دەرفەت بۆ مەترسیی ڕاستەقینە. لەگەڵ زیادبوونی هێرشە دەرەكییەكان، جۆرێك لە "ڕای گشتیی نیشتمانی" لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان دروست بوو، بە ئامادەییی هەموو چین و توێژەكان، كە بەشێكیان بە پاڵپشتی و هاندانی مامۆستایانی ئایینی بوون، دژ بە پیلان و كۆمەڵكوژییەكانی ڕژێمەكەی (ئەحمەد شەرع) و هێزە تاریكپەرستەكان.

ئەحمەد شەرعەكانی ئێرە و ئەوێ

هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی زیاتری هێرشە دەرەكییەكاندا، لە ڕووداوێكی چاوەڕوانكراودا لە نوێژی هەینی ڕابردوودا، لە یەك كاتدا لە شارەكانی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیانیش، وتاربێژی سێ مزگەوت لە ناوەوەی كوردستان دەستیان كرد بە هێرش بۆ سەر كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ئەو هێزانەی هەڵگری پرۆژەی بەڕەنگاری داگیركارین، پێش چەند ڕۆژێكیش لەناو جەرگەی شاری هەولێر، مەلایەكی تر هێرشی ڕاستەوخۆی كردە سەر كچانی شەڕڤان!

هێرشی ئەو مامۆستایانە، ئەگەر پلانی بۆ داڕێژراویش نەبێت لەلایەن هێزە توندڕەوەكانەوە، بەڵام بەكارهێنانی هەمان عەقڵییەت و میتۆدی داعشە بۆ خوێندنەوە و بەكارهێنانی تێكستە ئایینییەكان بە دیدێكی توندڕەوی ، كە دواجار مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی هەموومان و داهاتووی كوردستانیش دروست دەكات، ئاماژەكانی ئەو مەترسییەش رۆژانە لێرەو لەوێ‌ دەیبنین لە فۆرم و ناوەرۆكی جیاوازدا . 

مانەوە و كاركردنی ئەو كەسانە بە ناوی ئایین و بە ئاشكرا، چەند ئاماژەیەكی مەترسیداری تێدایە:

لەلایەك، ئاماژەیە بۆ بوون و گەشەكردنی فكری داعش لە ناوەوەی كۆمەڵگەكەمان. ئەوەش ئەو تێگەیشتنە پشتڕاست دەكاتەوە كە شەڕی داعش تەنها شەڕێكی سەربازی نییە و لە سەنگەرەكان كورت ناكرێتەوە و كۆتایی نەهاتووە. شەڕێكە پێش هەموو شت، ئەگەر تا دوێنێش نەكرابێت، ئەمڕۆ دەبێت لە كووچە و كۆڵان و ناو مزگەوت، قوتابخانە و زانكۆكان دەست پێ بكرێت. شەڕێك هەروەك چۆن شەڕی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دەكەین، بە هەمان شێوەش دەبێت شەڕی ڕزگاركردنی خودی ئایین بێت لە دەست هێزە توندڕەوەكان.

لە لایەكی ترەوە، پێمان دەڵێت ئەزموونی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە سی ساڵ نازانێت بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؛ لە نێوان پڕۆژەی بونیادنانی سیستەمێكی دیموكراسی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، یان سیستەمێك لەژێر كاریگەریی فكری داعشی و دەوڵەتی مەزهەبیدا؟ 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، كاتێك خودی نوێژخوێنان بە دەستی خۆیان مەلای توندڕەو لە مزگەوت دەكەنە دەرەوە، ئەوە ئاماژەی ئامادەییی هاووڵاتییانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فكری داعشی و ئازادكردنی خۆیان و ئایینیش لە یەككاتدا، لە دەست هێز و بیری تاریكپەرستی و شۆڤێنی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا