نەجات یوسف کاولۆکەیی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو کارەساتی گەورە هەنگاودەنێت، بەپشتیوانی ئەمەریکا، ئیسڕائیل باڵادەستکراوە بەئارەزووی خۆی هەر وڵاتێک بیەوێت هێڕشی دەکاتە سەر، واتە حیساب بۆ هیچ وڵاتێک ناکات تەنانەت کە گەورەترین هاوپەیمانی خۆشی بێت. هێرشی ئەمجارەی ئیسڕائیل بۆسەر وڵاتی قەتەر نامەیەکی هۆشداری بوو بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە. 

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کە سەردەمی بەعس کۆتاییهات، سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد، گۆڕینی ڕژێمێکی سوننی بۆ شیعی کارەساتێکی تر بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە، چونکە تاکو ئێستا وڵاتە عەرەبییەکان لەبەر فکر و عەقڵییەتی شیعی و مەزهەبی نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ عێراق دروستبکەنەوە، ئەمەش پەرتەوازەییەکی گەورەی لەنێوان وڵاتە عەرەبییەکان دروستکردووە. 

هەر وڵاتێک ڕژێمەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە گۆڕا، دەبێت هەمان وڵات ملکەچی هەموو داواکارییەکانی ئەمەریکا بێت. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئێران گەورەترین ململانێی لەگەڵ ئەمەریکا دەستپێکرد، ئاخۆ کێ دەتوانێت عێراق بکاتە هی خۆی؟ هەرچەندە تاکو ئێستاش جۆرە ململانێییەک بەردەوامە لەنێوانییاندا، بەڵام دەکرێت بگەینە ئەو باوەڕە، کە سەردەمی ئێستا زۆر لەبەرژەوەندیی ئەمەریکادایە. 

لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەو خاڵانە لەسەر عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە جێبەجێکران:

یەکەم-  کۆنتڕۆلکردنی مرۆڤ. 

دووەم-  کۆنتڕۆڵکردنی نەوت.

سێییەم-  کۆنتڕۆڵکردنی بڕیاری سیاسی.

ئەمانە خاڵی زۆر گرنگبوون بۆ ئەمەریکا، کە چەندان ساڵە کاری لەسەر دەکات. ئێستا عێراق عێراقێکی ئەمەریکییە و بەردەوامیش کار لەسەر زیادکردنی نفووزی خۆی دەکات. ئەوەی ئێستا لەبەرنامەی ئەمەریکادایە، دەیەوێت عێراق لەهەموو میلیشیاکانی سەربەئێران پاکبکاتەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندان جار ئەمەریکا ئەو میلیشیا چەکدارانەی بۆردوومانکرد، بەڵام دەرکەوت لەڕێگەی بەکارهێنانی هێز ناتوانرێت کۆتایی بەو چەکدارانە بهێنرێت، بەڵکوو ئەمەریکا زیاتر باوەڕی بەوە هەبوو ئەمجارە پلانێکیتر دابنێت. 

لەئێستادا حکوومەتی ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ کۆمەڵێک گرووپی توندڕەوی سەر بە  ئێرانە وەک: 

یەکەم-  عەسائیبی ئەهلی حەق.

دووەم-  کەتیبەی ئیمام عەلی  

سێییەم-  کەتیبەی سەرایا ئەلسەلام 

چوارەم-  حزبوڵڵای عێراقی 

پێنجەم-  کەتیبەی سەید ئەلشوهەدا 

ئەمانە لەڕابردووشدا زۆر جار کردەوەی سەربازییان بەرامبەر سوپای ئەمەریکا ئەنجامداوە، بۆیە لەئێستادا ئەم گرووپانە خراونەتە لیستی ڕەشی ئەمەریکا و چەندان جار ئەمەریکا ئیسڕائیلی ئاگادارکردۆتەوە کە بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکاتە سەر ئەو گرووپانە لە عێراقدا.

چیتر مەترسی لەسەر عێراق نییە، ئەمەریکا هانی کۆمپانیاکانی خۆی داوە بێنە ئەو وڵاتە، بەتایبەتی هاتنی گەورەترین کۆمپانیای ئەمەریکی  هاڵیبۆڕتۆن، چیتر ئەمەریکا ناهێڵێت عێراق بکەوێتەوە ژێر هیچ مەترسییەکی تر. 

وەک دیارە ئەگەر لە داهاتووشدا هەر کێشەیەکی گەورە ڕوو لەناوچەکە بکات، ئەمەریکا ناهێڵێت هیچ کاریگەرییەک لەسەر عێراق دروستبکات، بەپێی ئەو پلانەی ئەمەریکا دایناوە عێراق دەبێتە گەورەترین ناوەندی ئەمەریکا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا