هیوا عومەر

بەشی (2)

لە گۆشەی هەفتەی ڕابردووی (تارمایی) لە پەڕەگرافی كۆتایی وتارەكەدا، بە پرسیارێك كۆتایی هاتبوو جارێكی تر لێرە دایدەنێمەوە:

"لە هەرێمی كوردستان، هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكان، تادێت زیاتر دادەبڕێن لە جەماوەر، ئەوان  گیرۆدەن بەچەندین دەرد و قەیرانی فكری و سیاسی و جەماوەری.

پرسیارێك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هۆكارەكانی چەقبەستوویی لەناو حزبەكاندا چییە بەتایبەتی لەناو هێزە چەپەكان، دەتوانین چارەسەری قەیرانەكان بكەین و جارێكی تر حزب لەگەڵ كۆمەڵگە ئاشت بكەینەوە"؟

بۆ ئەوەی دوور كەوینەوە لە وەڵامی كڵێشەیی و گشتگیر و حوكمی پێشوەختە و نەریتی سەفسەتەبازی هتد ... لەبەرچاوگرتنی چەند بنەمایەكی بنەڕەتی هاوكارمان دەبێت بۆ سەرڕێگاخستنی  جۆرێك لە ئەرگیۆمێنت و لۆجیك و بینینی واقیعەكە وەك خۆی نەك وەك ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەكەین، ئەمەش لە دەرئەنجامدا دەچێتە خزمەتی خۆمان و فكری یەكسانی و دادپەروەری.

 ئەم خاڵانەی خوارەوە وەك پێشمەرج وان بۆ زەمینە و ژینگەیەكی پێویستی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە، تاوەكو ئەم بنەمایانە گەشە و بایەخیان پێنەدرێت ناتوانین باسی هیچ پرۆژە و چوارچێوەیەكی فكری و سیاسی بكەین بۆ گۆڕانكاری و نوێبوونەوە، دەكرێت ناوی لێبنێین دروستكردنی زەمینەی دروستبوون و گەشەكردنی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە :

یەك: گۆڕانكاری تەنها دروشمێك نییە بەرزی بكەینەوە، گۆڕانكاری تێگەیشتنە لە واقیعی تازە، ئەوەش نەك بۆ ئەوەی تەسلیمی ببین، بەڵكو بۆ ئەوەی بیگۆرێن. بینینی ئەو پەیوەندییە دیالەكتیكییەی كە لەنێوان فكر و واقیعدا هەیە، گەیشتن و بەركەوتنە لەگەڵ كێشە تازەكان و چۆنیەتی پێشكەشكردنی چارەسەرییەكان لەگەڵ ئەو هێزانەشی، كە هێزی گۆڕانكاری ئەم سەردەمەن، هاتنەخوارەوەیە لە كەشكەڵانی فەلەك و ئیگۆیەكی فووتێكراو بۆ ناو گوند و كۆڵانەكانی كوران و عەنكاوە و ئیسكان و سەهۆڵەكە و قۆریە و بازاڕەكەی رەحیماوە هتد.... لەوێدا بەڕوونی هێزەكانی گۆڕانكاری و پەراوێزخراوەكان دەبینین، لەوێدا جارێكی تر بەر كێشەكان دەكەوین و فێری بەها و وانەكانی چەپبوون دەبینەوە .

دوو: دووركەوتنەوە لە دیدی بەپیرۆزكردنی حزب و ئایدیۆلۆژیا، پێشمەرجێكی بنەڕەت دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین واقیعەكە وەك خۆی ببینین، دەبێت بەرگی پیرۆزی لە حزب و ئایدیۆلۆژیا داماڵین، تا ئەوە نەكەین ناتوانین بە میتۆدی تیۆری رەخنەیی و فكری ماركسیش بگەین. داماڵینی بەرگی پیرۆزی بەمانا لیبراڵییەكەی بەكارناهێنین، كە لەمڕۆدا زۆر جار وەك بانگەشەیەك بۆ زاڵكردنی زیاتری ئایدیۆلۆژیای نیولیبرالیزم بەكاردەهێنرێت، بەمانای نزیكبوونەوە لە جۆرێك لە  كلتووری رەخنەیی قوتابخانەی فرانكفۆرتییەكان و تیۆری رەخنەیی دێت بۆ بنیادنانی توانایەكی عەقڵی، كە جورئەتی خۆڕەخنەكردن و خۆداوەشاندنی لە تەپوتۆزی عەقڵیەتی دۆگمایی و نەریت و خووە خراپەكانی هەبێت، كە دەمێكە ژیانی ئەمڕۆ تەسكیەیان ناكات، ئەو كاتە لە جێگای ئەوەی هەموو كێشەكان بە عەللاگەی واقیع هەڵبواسیت، تێدەگەیت چەندێكیان پەیوەندییان بەخۆمانەوە هەیە، دەبێت رووی دەمان لەخۆمانبێت هەر لەوێشدا بەدوای چارەسەریدا بگەرین.

سێ‌: دەبێت بەڕوونی و بەڕاشكاوی دان بەوەدابنین ئێمە لە قەیرانداین، داننان بەوەی ئێمە لەقەیرانداین ئەگەر مایەی ناخۆشی و ئازار بێت، بەڵام بەدیوەكەی  تردا لە جێگای كڕكەوتن لەناو بازنەیەكی داخراودا، بیر لە پەڕینەوە بەرەو چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانمان دەبات، ئەمەش لە جێگای نائومێدی، هیوا بۆ دواڕۆژێكی باشتر بنیاتدەنێین .

چوار: بەهێزكردن و فراوانكردنی دیموكراسییەتی ناوەخۆیی پێشمەرجێكی ئێجگار گرنگە بۆ فراوانكردنی بازنەكانی بەشدارییەكی سیاسی مانادار و بەشداریپێكردنی زیاتری ئەندامان لە باری چەندایەتی و چۆنایەتی كۆنگرە و كۆنفرانسەكان، ئەوەی دەبینرێت دڵخۆشكەرنییە، لەلایەك تادێت زیاتر هەوڵی بەناوەندێتیكردنی دیموكراسییەتی ناوەخۆیی دەدرێت بەبیانوی لاواز، لەلاكەی تریش بچووككردنەوەی زیاتری بازنەی بەشداری هاوڕێیانە لە كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا .

پێنج: هەموو ئەوانە رێگا و زەمینەی پێویستن بۆ سەرڕێگاخستنی گفتوگۆیەكی بنیادنەرانەی درێژمەودا و دوور لە بەكەسایەتیكردن بۆ لەیەكگەیشتن و ئەرگیومێنتكردن، لەپێناو سەرڕێگاخستن و داڕشتنی چوارچێوەی پرۆژەیەكی فكری و سیاسی بۆ گۆڕانكاری، ئەمەش پرۆسەیەكی درێژمەودا، بەڵام پڕبەرهەم دەبێت .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە