
کۆتا بەش
لە نووسینی ئەنجی مەجدی
وەرگێڕانی: تایبەتمەندی ئافرەتان
ناکۆکی لەسەر ئەولەوییەتەکان
لە ماوەی چارەکە سەدەی ڕابردوودا، پرسی جێندەر بووەتە بەشێک لە گوتاری سیاسی و کولتووری، و چیتر تەنها پرسێکی فێمینیستی نییە، بەڵکو بووەتە دەروازەیەک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا. عوبەید دەڵێت کە فێمینیزم ستراتیژییەتێکە ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگەیە، بۆیە کار لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە دەکات بەرەو لەخۆگرتنی توخمە جیاوازەکان و پێکهاتەکانی و پێکهاتەکانی مرۆڤ و ڕەگداکوتانی بیرکردنەوەی لە دەوری مرۆڤ. هەروەها دەشڵێت کە فێمینیزم ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە پەیوەندیی بە دەستێوەردان و سیاسەتەکانەوە هەبێت، بەڵکو ئاڕاستەیەک و لایەنگرییەکە، بۆیە ئەم لایەنگرییە هیچ شتێک بەدەر نازانێت. لێرەدا، بابەتەکە پەیوەستە بە ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتی باوکسالاری بە هەموو شێوەکانییەوە، جا چ نێرسالاری بێت یان نیولیبراڵی یان کۆلۆنیالی یان فراوانخوازی.
بەڵام بەپێی گۆڤاری "پڕۆسپێکت"ی بەریتانی، ئەو پرسانە کۆمەڵایەتی، کولتووری و دەروونیانەی کە شەپۆلی چوارەمی فێمینیزم هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات، زۆر ئاڵۆزترن لەوەی کە تەنها لە چاکسازیی یاساییدا کورت بکرێنەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان فێمینیستەکاندا سەبارەت بەوەی کە دەبێت چ شتێک بە ئەولەویەت دابنرێت. وەک شەپۆلەکانی پێشوو، فێمینیزمی شەپۆلی چوارەم بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو نییە. ڕێکخەرانی "ڕێپێوانی ژنان" ڕایانگەیاند کە ئەوان تێدەکۆشن بۆ "جیهانێکی دادپەروەر، ئارام و لێبووردە بۆ هەمووان"، بەڵام ناکۆکییەکان هەر مانەوە. هەندێک لە ژنانی کەمینە نەتەوەییەکان هەستیان دەکرد کە کێشەکانی ئەوان لە چوارچێوەی ئەولەویەتەکاندا نییە، هەروەها هەندێک لە ژنانی ترانسجێندەر (پەڕینەوەی جێندەری) هەستیان دەکرد کە دروشمەکانی وەک "هێزی زێ " ئەوان دوور دەخاتەوە ، ئەمەش جارێکی تر مشتومڕی لەسەر واتای مێینەیی و سنوورەکانی دروست دەکات.
بە بۆچوونی چاودێران، دەتوانرێت بوترێت کە فێمینیزمی ئەمڕۆ چیتر تەنها بزووتنەوەیەکی ژنانە نییە، بەڵکو بووەتە چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە کۆمەڵایەتی و هێماییەکان لەنێو کۆمەڵگادا. چەمکی "جێندەر" چیتر تەنها لە جیاکردنەوەی نێوان ژن و پیاودا کورت نابێتەوە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی شیکاری بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ڕۆڵ و ناسنامەکان چۆن دروست دەبن ، و چۆن چەمکەکانی "مێینەیی" و "نێرینەیی" بەکاردەهێنرێن بۆ پاساودان بۆ دەسەڵات یان بۆ دوورخستنەوەی گرووپە دیاریکراوەکان."
• فێمینیزمی فرەڕەهەند
رۆزالیند گیل، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی لەندەن، دەڵێت کە ئێمە چیتر لە سەردەمی "یەک فێمینیزم"دا ناژین کە خاوەنی یەک دەنگی یەکگرتوو یان ئامانجی هاوبەش بێت. بەڵکو چەندین جۆری جیاوازی فێمینیزم هەن کە پێکەوە بوونیان هەیە، و هەندێکجاریش لەناو دیمەنی کولتووری و میدیاییدا پێکدادانیان دەبێت.
فێمێنیزمی لیبراڵ هەیە کە جەخت لەسەر مافە تاکەکەسییەکان و یەکسانیی یاسایی دەکاتەوە، و فێمێنیزمی ڕادیکاڵ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی ڕەخنە لە سیستەمی پیاوسالاری دەگرێت، و فێمێنیزمی باو (شەعبی) کە لە ڕیکلام و فیلم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت و دروشمی "بەهێزکردنی ژنان" بەرز دەکاتەوە، کەچی هەندێک جار ئەمە خودی فێمینیزم لە کرۆکە سیاسییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە. لەگەڵ فێمینیزمی کولتوور-پەڕ کە هەوڵی دروستکردنی پردێک دەدات لەنێوان کێشەکانی ژنان لە باکوور و باشووری گۆی زەوی.
ڕەنگە زۆرێک لە مشتومڕەکانی دەوری فێمینیزم لە کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا پەیوەست بێت بەم فرەچەشنی و جیاوازییەی نێوان ڕەوتە فێمینیستییە جیهانییەکان. هەندێک لە بزووتنەوە عەرەبییەکان گوتارێکی مافخوازیی نەریتی پەیڕەو دەکەن کە پەیوەستە بە یەکسانی لە خوێندن و کاردا، و هەندێکی تریان لەژێر کاریگەریی فێمینیزمی هاوچەرخی ڕۆژاواییدان لە پرسەکانی وەک ئازادیی جەستە، جێندەر، یان هاوڕەگەزخوازیدا. هەروەها فێمینیستە خۆماڵییەکانیش هەن، وەک فێمینیزمی ئیسلامی یان فێمینیزمی کولتووری، کە هەوڵدەدەن لەنێوان بەهاکانی یەکسانی و تایبەتمەندییە ئایینی و کولتوورییەکاندا تەبایی دروست بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، نێڤین عوبەید دەڵێت کە هیچ ڕەوتێکی فێمینیستیی ڕاستەقینە نییە کە بیرۆکەی تایبەتمەندیی کولتووری لە چوارچێوەیەکدا قبووڵ کردبێت کە بەهای یەکسانی وەک بەهایەکی ڕەها سنووردار بکات، بەڵکو ئەوە بیرۆکەیەکی ئەکادیمییە و پەیوەستە بە بواری توێژینەوە پۆست-کۆلۆنیالییەکانەوە کە لایەنی چەپ ئارەزووی دەکات. بۆ سەلماندنی ئەمەش، بۆ نموونە، ئاماژە بەوە دەکات کە فێمینیزمی عەرەبی هەرگیز لەگەڵ خەتەنەکردنی مێینەدا ئاشت نەبووەتەوە، هەروەک چۆن هەرگیز هاوسەنگیی هێزی نایەکسان لە یاساکانی باری کەسی و خێزاندا قبووڵ نەکردووە بە بیانووی ئەوەی بەشێکی پەیوەندی بە تایبەتمەندیی کولتووری و "قەوامە"ی (سەرپەرشتی) پیاوەوە هەیە."
عوبەید ئەوەشی وت کە تەنانەت هەوڵ و ئیجتیهادەکانی فێمینیزمی ئیسلامی، وەک یەکێک لە ڕەنگەکانی قوتابخانەی فێمینیزم، هەوڵدەدات لێکدانەوەی ئایینیی نوێ پێشکەش بکات لەپێناو گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ دۆخی سروشتیی خۆی. بۆیە ناکرێت هیچ شەپۆلێکی فێمینیستیی ڕاستەقینە هەبێت کە لەگەڵ نایەکسانیدا ئاشت بێتەوە بە بیانووی تایبەتمەندیی کولتووری.
لەکاتێکدا ژنان زیاتر مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە فێمینیزم بە سیفاتی ئەرێنیی وەک "بەهێزکردن" و "گشتگیری"یەوە ببەستنەوە، ڕاپرسییەکەی سەنتەری "پیو"ی ئەمریکی بۆ توێژینەوە دەریخستووە کە دوایی ، هەڵکشانی گوتاری دژە-فێمینیزم بەخۆیەوە بینیوە، کە لەلایەن بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان و ئایدیۆلۆژیا دواکەوتووەکانەوە هان دەدرێت، کە ترسیان لە لەدەستدانی ڕۆڵە جێندەرییە نەریتییەکان هەیە، چ لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و چ لە وڵاتانی عەرەبیدا. چالاکوانان دەڵێن کە تێڕوانینە نەرێنییەکان دەربارەی فێمینیزم لەلایەن ئەو کەسانەوە دەچەسپێنرێن کە سوودمەندن لە سیستەمی پیاوسالاری.
نەریتە کولتووری و پیاوسالارییەکان بە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانیی جێندەری دادەنرێن، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕۆڵی ژنان تەنها لە چوارچێوەی خێزان و چاودێریدا کورت دەکەنەوە. هەروەها، توندڕەوی ئایینی ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ مافەکانی ژنان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا لێکدانەوە پارێزگارانەکانی دەقە ئایینییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ پاساودانەوەی سەرکوتکردنی ژنان و سنووردارکردنی ئازادییەکانیان. عوبەید دەڵێت کە ئەو ڕەخنانەی لە بزووتنەوەی فێمینیستی دەگیرێن گوایە دژایەتیی ئایین دەکات و هانی "فوجور" (بێڕەوشتی) و پەیوەندیی نابەرپرسانە دەدات، هەموویان وەڵام دراونەتەوە و پووچەڵ کراونەتەوە."
هەڵگێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز
فێمینیزمی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە دروستکردنی بزووتنەوەی جیهانی وەک "منیش، "، " ئیتر بێدەنگی بەسە" تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانی و عەربیدا ئەو ڕؤڵەی گێڕاوە. پەیجی " بێدەنگ مەبە" ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هاندانی کچان و ژنان لە میسر بۆ ئەوەی باسی توندوتیژیی سێکسی بکەن.
ئەم بزووتنەوانە سنوورە جوگرافییەکانیان تێپەڕاند و بەشدارییان کرد لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەدیهێنانی گۆڕانکاری. هەروەها، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا ڕێگەیان بە بزووتنەوە فێمینیستییەکانی سەرانسەری جیهان دا کە پەیوەندی بگرن، گەشە بکەن و پەیامەکەیان بڵاو بکەنەوە، و بەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە هاوسەنگیی هێزی نێوان دوو ڕەگەزەکەدا دروست کرد.
عوبەید دەڵێت کە بزووتنەوەی "منیش "یارمەتیدەر بوو لە برەودان بە بیرۆکەی ئاشکراکردن و قسەکردن لەسەر جۆرەکانی توندوتیژی، بەتایبەتی توندوتیژیی سێکسی لە کۆمەڵگە پیاوسالارییەکاندا. هۆکاری دروستبوونی ئەم بزووتنەوەکە لەو بیرۆکەی هات کە ئامانجی پێناسەکردنەوەی تاوانەکانی توندوتیژی و جۆرەکانی ئاشکرا بکات و چوارچێوەی چەمکی تاوانی توندوتیژی یان جۆری توندوتیژی فراوانتر بکات. ئەم بەشدارییە ڕاستەقینەیە، کە لە ڕێگەی ئەو هاشتاگە بەناوبانگەوە لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا بوو، هۆشیارییەکی بەرفراوانی لە ناوچە عەرەبییەکاندا ورووژاند. هەروەها دەشڵێت، ئەوەی کە "منیش" کردی، ڕەتکردنەوەی دۆخی پاساوهێنانەوە بوو بۆ توندوتیژی، و بازنەی پێناسەی جۆرەکانی فراوانتر کرد و پێناسەیەکی نوێی بۆ تاوان دانا."
هەروەها، ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا بەشدارییان کرد لە گۆڕینی شێوازی تێگەیشتنی ژنان بۆ ڕۆڵ و ناسنامەی خۆیان، ئەمەش لە ئەنجامی کرانەوە بەڕووی جیهان و پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتاکانیاندا. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە "باشووری جیهان فێمینیزم وەک وەڵامێک بۆ ئەو ئاڵنگارییە تایبەتانەی ژنانی ئەوێ گەشەی کردووە، وەک چەوساندنەوەی ئابووری، سەرکوتی سیاسی، و کەمیی دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی.
کەمپینەکانی وەک "کچەکانمان بۆ بگەڕێننەوە لە نەیجیریا، کە پەیوەست بوو بە کچە ڕفێنراوەکانی لای گرووپی "بۆکۆ حەرام"، و بزووتنەوەکانی ئەمریکای لاتین، گرنگیی خەباتی جەماوەرییان دەرخست بۆ دژایەتیکردنی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر و داواکردنی چاکسازیی یاسایی. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە فێمینیزمی ئەمڕۆ لە چەندین بەرەی جیاوازدا شەڕەکانی دەکات. ئینتەرنێت، هەروەک چۆن مەوداکەی فراوانتر کرد، بە هەمان شێوەش پارچەپارچەتری کردووە. جێسیکا ئەبرامز، ڕۆژنامەنووسی بەریتانیی پسپۆڕ لە پرسەکانی جێندەر، دەڵێت کە گفتوگۆکان چیتر تەنها لەنێو زانکۆکان و ڕۆژنامەکاندا قەتیس نەماون، بەڵکو گوازراونەتەوە بۆ "ئێکس" (تویتەری پێشوو) و بلۆگەکان، و بەمەش دەنگەکان فرەچەشن بوون و بۆچوونەکان هەمەڕەنگ بوون.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە پێناسەکردنی "فێمینیزمی سەدەی بیست و یەک" بە وردی کارێکی قورسە، خودی ئەم فرەچەشنییە بەڵگەیە لەسەر زیندوویەتییەکەی و ئەوەی کە هێشتا، و بە شێوەیەکی ڕوون، بزووتنەوەیەکی پێویست و زیندووە."
تێبینی: ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی ئیدپێنت وەرگیراو.