
نەعمان عومەر
سیستەمی سەرمایەداری لە مێژووی سەرهەڵدانییەوە تا بە ئێستا، زۆر بەرگ و ڕواڵەتی جیاوازی خەڵەتێنەری پۆشیووە بۆ شاردنەوەی حەقیقەتە فاشیستییەکەی. بەڵام سەرەڕای هەموو ڕواڵەتە جیاوازەکان، ناوەڕۆکە ستەمکارانە و وەحشیگەرییەکەی لە جەوهەردا هەڵگرتووە و نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکات، چونکە سروشتی سیستەمەکە ئاوایە.
سەرەتا بۆرژواکان هێڵیان کێشا بەسەر جوگرافیاکاندا و دەسەڵات و دەوڵەت و یاسا و ڕێسای لۆکاڵی و نادیموکراتیان داڕشت و مافەکانی کرێکاران و ژنانیان پێشێل کرد و خستنیانە ژێر باری کاری قورس و تاقەتپڕوکێن و چەوسانەوەی بێ بەزەییانەوە. دواتر دەستیان بە داگیرکاری و داڕشتنی فیکری ڕاسیزم کرد و بیری دەمارگیریی نەتەوەیی و نەژادیان پەرە پێدا و کەوتنە دروستکردنی ناکۆکی و تەفرەقە لەنێوان گەلاندا.
ئینجا بەهۆی قەیران و کێشە بنەڕەتییەکانی شێوازە ستەمکارانەکەیەوە، ڕووبەڕووی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و ناڕەزایی چینە هەژارەکان، بەتایبەت کرێکاران و ژنان، بووەوە. بەناچاری مەودای ئازادییە دیموکراتییەکانی فراوان کردەوە و دانیان نا بە بەشێک لە مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. هێدی هێدی بەهۆی ئەو فشارانەی کرێکاران و چەوساوەکان، هاوپەیمانیی کەنیسە و چینی بۆرژوا و دەسەڵاتی پاپا شلۆق بوو، و بەناچاری و لەژێر فشاردا ماف و ئازادییەکان فراوان کرانەوە.
هەر بەهۆی فشارەوە، حکوومەتی بۆرژوازیی لیبراڵی دروشمی "دەوڵەتی ڕەفا"ی هەڵگرت؛ مافی دابینکردنی کار و ژیان و سۆشیال و تەندروستی و زۆر شتی تری خستە ئەستۆی دەوڵەت. بەڵام دواتر بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ململانێکان لە نێوان هەردوو جەمسەری سۆسیالیستی و سەرمایەداری لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە لەنێوان بۆرژوا و چینە چەوساوەکان لە ئەنجامی شکستی جەمسەری سۆڤیەت، ئیتر جارێکی تر سەرمایەداری ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی دەرخستەوە. هەر زوو، ناڕاستگۆیی پڕوپاگەندەی "نەزمی نوێی جیهان" و "باهۆزی دیموکراسی" و "مافی گەلان" و ئەم شتانە دەرکەوت.
ئەگەر لە سەرەتای ڕووخانی بلۆکی ڕووسییەوە بە ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئازادیی گەلان و ئەم دروشمە بریقەدارانەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتانی ناوچەکەی دەدا، ئێستا ئیتر ئەم دەمامکەی فڕێ داوە و هەموو هاوپەیمانییەک دەکات لەگەڵ فاشیزمی ڕۆژهەڵاتیی تیرۆریستاندا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئازادی و ڕێگریکردن لە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە شێوازی جیهانبینی و پێکەوەژیانی نوێ و هەوکاریی گەلان و گەشەپێدان و سەروەریی بڕیار و گەشەی ئابووری و سیاسی.
ئیتر فاشیزمی سەرمایەداریی دەسەڵاتگەر کێشەی لەگەڵ فاشیزمی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی و دیکتاتۆریەتی ڕۆژهەڵاتی نییە، بەڵکو خوازیاری خۆسەپاندن و ژێرچەپۆک کردنی ئەو دەسەڵاتە فاشیستانەیە تا پڕۆژەی پاشکۆیەتییان بەسەردا بسەپێنێت و بیانخاتە چوارچێوەی ستراتیژی سیاسەتە فاشیستییەکانییەوە. لینین، زوو ئەم پێشبینییەی کرد کاتێک باسی ئیمپریالیزمی کرد وەک دوا قۆناغی سەرمایەداری.
ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە پەیوەندیی ئەمریکا بە هاوکێشەکانی فەنزوێلا و پێشتریش ئەفغانستان و ئێستاش ڕۆژئاوای کوردستان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیمپریالیزمی نوێی سەرمایەداری لە سەردەمی قۆناغی ترەمپدا هەنگاوی ئاشکرا دەنێت بۆ ئەم مەبەستە. جیهانی ئەمڕۆ و شێوازی مامەڵەی هێزە سەرەکییەکانی جەمسەرەکانی سەرمایەداری، لە دەرەوەی هەموو پرەنسیپە ئەخلاقییەکان، مەرجەکانیان بەسەر دەوڵەتاندا دەسەپێنن.
ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، هاوپەیمانیی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتییە بە شوناسە جیاوازەکانییەوە لەگەڵ ئیمپریالیزمی سەرمایەداریی "خۆرئاوایی" کە لە ئێستادا ترەمپ گوزارشتی لێ دەکات. ئەو سیاسەتەی ئێستای ئەمریکا گرتوویەتییە بەر، سیاسەتێکی بێباکییە لە بەرانبەر بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکان. سیاسەتی بێ ئەخلاقیش بەرهەمی چاوچنۆکیی سەرمایەداریی نیولیبراڵیزمە کە قازانج و ململانێی هێز و پارە و هاوکێشەی سەربازی بڕیاری تێدا دەدات. هەر بۆیە لەم سیاسەتەدا ئاساییە ساڵانێکی زۆر هاوپەیمانیی هێزێکی دیموکراتخواز و شۆڕشگێڕ و خاوەن ماف بیت و دواتر بێباکانە جێی بهێڵیت. ئاساییە لەبەرانبەر پارەدا چاوپۆشی لە پارچە پارچەکردنی ڕۆژنامەنووسان بکەیت (خاشقچی بە نموونە، کە چۆن لە تورکیا پارچە پارچە کرا). یان لە نێوان شەوە و ڕۆژێکدا لە دوژمنی تیرۆریستەوە ببیتە هاوپەیمانی، وەک ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات.
لە ئێستادا، ئەم سیاسەتە فاشیستییە ئەمریکا پیادەی دەکات. بۆیە ئاساییە دەبینین ئەمریکا بێ گوێدانە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی، هەڵدەکوتێتە سەر وڵاتان و بە بێدەنگیی نێودەوڵەتی، بڕیاری نێودەوڵەتی و سنووری دەوڵەتان دەبەزێنێت، سەرۆکی وڵاتان دەڕفێنێت (وەک نموونەی فەنزوێلا) و بڕیار و ڕاسپاردە بەسەر وڵاتاندا دەسەپێنێت.
بۆیە پێویستە گەلی کوردستان ئەو ڕاستییە بزانێت کە ئەمریکا دۆستی کورد نییە و تەنیا وەک وەرەقەیەکی فشار بەکاری دێنێت و هیچ میسداقییەتێکی نییە. هەڵوێستی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا، پیشاندەری ڕوویەکی دڕندانە و وەحشیانەی سیستەمی سەرمایەدارییە کە ئامانجی سەرەکیی قازانج و پارە پەیداکردن و هێشتنەوەی باڵادەستیی خۆیەتی لە جیهان و ناوچەکەدا.
هەر وتەیەکی سەرکردەیەکی کورد تەنیا ڕەتکردنەوەی قبووڵکردنی ژێردەستەیی نییە، بەڵکو پەیامی سەربەخۆیی و پەیوەندیی نوێی ئینسانییە؛ پەیامی مرۆڤایەتی و برایەتییە؛ بانگەوازێکی ئاشتی و ئازادییە؛ سەربڵندی و ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتییە.
بۆیە پێویستە کورد یەک بگرێت و بەرگریی شەرەفمەندانە بکات و بە شانازی و شکۆوە تەماشای کەزیی کچانی شەڕڤان بکات و وەک سمبولی ئازادیخوازیی کورد و گەلی کوردستان و شۆڕشی پێشکەوتنخوازی و کۆڵنەدان سەیریان بکات.
پێویستە ئەو ڕاستییەش بزانین کە ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا تەنیا بۆ ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو هەڵوێستی ئەمریکایە لە پەیوەندی لەگەڵ باشووریشدا. واتە ئێمەی گەلی کورد یەک چارەنووسمان هەیە و دوژمنانیش بە یەک چاو سەیری ئێمە دەکەن. ئەوەی ڕوو دەدات هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی کوردە وەک نەتەوە، جا گرنگ نییە بۆ دوژمنان هەڵگری چ شوناسێکی جیاوازە، ئایینییە یان عیلمانی. بۆیە پێویستە هەمووان وەک کورد لە یەک سەنگەردا بەرگری لە بوونی کورد و پاراستنی خاکی کوردستان بکەین لە تەعریبکردن و داگیرکردن.
ئەم ساتەوەختە مێژووییەی بەسەر کورددا تێدەپەڕێت، ساتەوەختێکە ئیتر هیچ دڵنیاییەک لە دواڕۆژی دەستکەوتەکانی و قەوارە یاساییەکەی باشوور و بەردەوامیی هەڵوێستی دۆستەکانیدا نییە، و تەنیا گەل و هێزی میللەت پاڵپشتی و ئیرادەی ئازادین.