
ستار ئەحمەد
ژیان گەورەترین و پڕ بایەخترین ناوەندی فێربوونە، مرۆڤ تێیدا دەبێتە قوتابی، ناوەندێک کە تاقیکردنەوەکانی پێش وانەکانی دێن و هەر ساتێکی تەمەن لاپەڕەیەکە لە پەرتووکی ئەزموونەکانمان. ئەوەی من لەم ڕێگایەدا فێری بووم، ئەوەیە ، ژیان تەنها زنجیرەیەک لە کات و ڕۆژ نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناسینی خود و گەیشتن بەو ڕاستییەی کە مرۆڤ لەوە گەورەترە تەنها بۆ خواردن و خەوتن تەمەن بەسەر ببات. ژیان فێری کردم ، هەوراز و نشێوییەکان نیشانەی زیندوویین، چونکە هێڵی ڕاست تەنها بۆ مردووەکانە. فێربووم لە کاتی کەوتندا چاوەکانم بۆ ئاسمان بڵند بکەم و بزانم کە زەوی تەنها جێگایەکە بۆ هەڵسانەوە، نەک بۆ مانەوە و نائومێدی. مرۆڤ کە دەچێتە ناو وردەکارییەکانی تەمەن، تێدەگات ،گەورەترین دوژمنی ئەو ترسە؛ ترسان لە گۆڕانکارییە، ترسان لە شکستهێنان و ترسان لەوەی خەڵک چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژگار پێیوتم کات زۆر لەوە کەمترە خەریکی ڕازیکردنی دەوروبەرمان بین لە کاتێکدا ناخی خۆمان پڕ بێت لە هاوار و داخوازیی جێبەجێنەکراو. فێربووم کە ڕاستگۆیی لەگەڵ خوددا، سەرەتای هەموو سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەیە، چونکە مرۆڤێک نەتوانێت لە ئاوێنەدا سەیری چاوەکانی خۆی بکات و دڵنیابێت لەوەی کە بە ڕاستی دەژی، هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەشدا لە ئاشتیدا بێت.
لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ژیان وانەیەکی زۆر قورسی پێوتم؛ ئەویش ئەوەیە : نابێت بڕیار لەسەر مرۆڤەکان بدەین تەنها بەو ڕواڵەتەی کە خۆیان نیشانی دەدەن. فێربووم ، هاوڕێیەتی ڕاستەقینە لە تەنگانەدا دەردەکەوێت، نەک لە دەوری خوانە پڕ ڕەنگ و کاتە شادییەکاندا. ڕۆژگار پێیوتم ، هەندێک کەس تەنها وەک ڕێبوار دێنە ناو ژیانمانەوە تا وانەیەکمان پێبڵێن و بڕۆن، نەک بۆ ئەوەی تا کۆتایی بمێننەوە، و نابێت بۆ ڕۆشتنی ئەوانە خەم بخۆین، چونکە هەر یەکەیان ئەرکێکیان هەبوو لە گۆڕینی کەسایەتیی ئێمەدا. تێگەیشتم ، پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ دەوروبەردا نیشانەی خۆبەگەورەزانین نییە، بەڵکو تەنها ڕێگایە بۆ پاراستنی ئاشتیی دەروون و ڕێگریکردن لەوەی کەسانی تر کات و وزەی ئێمە بە فیڕۆ بدەن. فێربووم ، مرۆڤەکان وەک پەرتووک وان، هەندێکیان تەنها بەرگەکەیان جوانە و هەندێکی تریش ناوەرۆکێکی دەگمەنە یان هەیانە، پێویستی بە کات و سەبرە بۆ ئەوەی لێیان تێبگەیت. لەم ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەدا، تێگەیشتم ، گەورەترین کارێک مرۆڤ بۆ مرۆڤێکی تری بکات، گوێگرتنێکی ڕاستگۆیانە و تێگەیشتنی قووڵە بێئەوەی بیەوێت بڕیاری پێشوەختە بەسەردا بدات.
دەربارەی زانست و فێربوون، ژیان فێری کردم ، زانین تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە و کۆکردنەوەی زانیاریی وشک نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو زانیارییانەیە بۆ ڕەوشت و کردەوەیەک، کە سوودی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت. فێربووم ، مرۆڤی زانا چەندە زیاتر فێر ببێت، هێندە زیاتر تێدەگات کە هێشتا زۆر شت هەن نایانزانێت، و ئەم دانپێدانانە لوتکەی داناییە. زانست بەبێ مرۆڤدۆستی و بەزەیی، وەک چرایەک وایە، تەنها دەوروبەری خۆی ڕووناک دەکاتەوە، بەڵام زانستی ڕاستەقینە ئەو تیشکە پیرۆزەیە کە ڕێگەی نەوەکانی دوای خۆیشی ڕووناک دەکاتەوە. فێربووم ، فێربوون پرۆسەیەکی بێکۆتاییە و مەرج نییە تەنها لەناو دیوارەکانی ناوەندەکانی خوێندندا بێت، بەڵکو دەتوانین لە هەڵەی کەسانی تر، لە جوانیی سروشت، و تەنانەت لە بێدەنگییەکانی شەویشدا فێری گەورەترین ڕاستییەکانی بوون ببین. تێگەیشتم ، زانیارییەک ئەگەر نەبێتە هۆی باشترکردنی ژیانی یەک کەسی لێقەوماو، تەنها بارێکی قورس و بێ بەهایە بەسەر شانتەوە کە تەنها لە مێشکدا دەمێنێتەوە و دڵ ئاوەدان ناکاتەوە.
ژیان فێری کردم ، هەر مرۆڤێک کە دێتە ڕێمان، مەبەستێکی لەپشتە؛ هەندێک بۆ تاقیکردنەوەی ئارامیمان، هەندێک بۆ بەکارهێنانمان، هەندێک بۆ فێربوونمان، و تەنها کەمێکیشیان بۆ دڵسۆزی دێن. فێربووم ، دڵسۆزی گرانبەهاترین دیارییە، نابێت لە مرۆڤە هەرزانەکان چاوەڕێی بکەین. تێگەیشتم ، گەورەیی مرۆڤ لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە خاوەنی هێزە بەڵام لێبوردەیە، خاوەنی زانیارییە بەڵام بێدەنگە، و خاوەنی ئازارە بەڵام بزە دەخاتە سەر لێوی ئەوانی تر. فێربووم ، شکۆی مرۆڤ لەوەدا نییە هەرگیز نەکەوێت، بەڵکو لەوەدایە دوای هەر کەوتنێک بە هێزێکی زیاترەوە هەستێتەوە و نەک هەر خۆی، بەڵکو دەستی ئەوانەش بگرێت کە لەگەڵ ئەو کەوتوون.
ژیان فێری کردم ، ئێمە هەرگیز ڕووداوەکان وەک خۆیان نابینین، بەڵکو وەک ئەوەی کە ناخی خۆمانە دەیانبینین؛ ئەگەر ناوەوەمان ئاوەدان و پڕ لە ئارامی بێت، جیهانی دەرەوەش بە جوانی دەبینین، و ئەگەر دڵمان پڕ بێت لە ڕق و کینە، تەنانەت جوانترین بەهاریش وەک بیابانێکی وشک و تینوو دێتە بەرچاومان. فێربووم ئارامگرتن، تەنها چاوەڕێکردنی کات نییە، بەڵکو پاراستنی ئارامی و هیوا یە لەو کاتەی کە هێشتا بە ئامانجەکانمان نەگەیشتووین و زریانەکان لە دەوروبەرمان هەڵدەکەن. تێگەیشتم ، ژیان زۆر لەوە کورتترە تەمەنمان لە پێناو ڕق و کینەدا بە فیڕۆ بدەین، چونکە تۆڵە تەنها ئازاری خۆمان زیاد دەکات. بەخشین هێزێکی ئەفسوناوی هەیە، نەک تەنها بۆ ئەوەی بەرانبەر دڵخۆش بکەیت، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕۆحی خۆت لە زنجیرە قورسەکانی ڕابردوو بپارێزیت. فێربووم ، ژیان چەندە توند و بێبەزەیی بێت، دەبێت ئێمە وەک ئاو نەرم بین، چونکە ئاو بە نەرمیی خۆی دەتوانێت ڕەقترین بەردەکان بشکێنێت و ڕێگەی خۆی لە ناو چیاکاندا بکاتەوە؛ مرۆڤی میهرەبانیش دەتوانێت سەختترین کێشەکانی ژیان تێپەڕێنێت بەبێئەوەی شکۆی خۆی لەدەست بدات.
لەم گەشتە دوورودرێژەدا فێربووم ، کات سامانێکی بێهاوتایە کە بە هیچ شتێک ناکڕدرێتەوە. هەر چرکەیەک کە دەڕوات، بەشێکی نەگەڕانەوەی تەمەنمانە، بۆیە فێربووم کاتەکانم تەنها بۆ ئەو شتانە تەرخان بکەم کە بەهایان هەیە؛ نەک بۆ کێبڕکێی بێمانا و ڕاکردن بەدوای سەرابدا. فێربووم ، گەورەیی لە دەسەڵات و ناوبانگدا نییە، بەڵکو لەوەدایە چەندە توانیوتە مرۆڤ بمێنیتەوە لە سەردەمێکدا کە مرۆڤبوون تێیدا گرانترین باجی هەیە. تێگەیشتم ، ڕابردوو تەنها وەک چرایەک وایە بۆ ئەوەی ڕێگەی داهاتووی پێ ببینین، نەک زیندانێک بێت بۆ ئەوەی تێیدا بژاکێی. هەر برینێک کە لە ژیاندا دەمانگاتێ، دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و دڵێکی فراوانتر. فێربووم ، هیچ کەسێک ناتوانێت ئازارمان بدات مەگەر خۆمان کلیلەکەی پێ بدەین، و هیچ کەسێکیش ناتوانێت دڵخۆشمان بکات مەگەر خۆمان لە ناوەوە بڕیارمان دابێت کە دڵخۆش بین.
لە کۆتاییدا، ژیان بەو جۆرەی فێرکردم ، تەنها یەکجار دەژین، بەڵام ئەگەر بە دروستی، بە ڕاستگۆیی و بە جوانی بژین، ئەوا ئەو تەنها جارە بەسە بۆ ئەوەی ناوێک جێبهێڵین کە هەرگیز لە یاد نەچێت. فێربووم ، باشترین سامان بۆ دوای خۆمان، ناوبانگی پاک، ویژدانێکی ئاسوودە و کارێکی باشە کە سوودی بۆ گشت هەبێت. فێربووم ، دڵخۆشیی ڕاستەقینە لە شتە سادەکاندایە؛ لە بزەی بێتاوانی منداڵێک، لە سێبەری دارێکی پیر، و لە دەستگرتنی کەسێکی لێقەوماو. ئێستا دەزانم کە ژیان نەک هەر مامۆستایەکی توندە، بەڵکو باوکێکی میهرەبان و ڕێبەرێکی داناشە، ئەگەر فێری ئەوە ببین چۆن بە وردی گوێ لە چرپەکانی بگرین و بە هێز و ورەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕووی شەپۆلە سەرکێشەکانی ببینەوە. فێربووم ، هەرگیز درەنگ نییە بۆ گۆڕان و دەستپێکردنەوە، و هەر خۆرکەوتنێکی نوێ، دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئەوەی ببینە ئەو مرۆڤەی کە هەمیشە خەونمان پێوە بینیوە. ژیان فێری کردم ، نهێنی گەورەیی لە سادەیی و دڵسۆزیدایە، و نهێنی مانەوەش لە مرۆڤدۆستیدایە. ئێستا بە ئارامییەوە سەیری ئاسۆی داهاتوو دەکەم و دەزانم : هەرچی ڕوویداوە و هەرچی ڕوو دەدات، بەشێکە لەو تابلۆ مەزن و بێوێنەیەی کە ناوی ژیانە، و منیش ئەرکم ئەوەیە بە جوانترین ڕەنگەکانی ڕەوشت و زانست، نەخشی بکەم.