جیفری ھینتۆن، زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری (ژیریی دەستکرد و زیرەکی قووڵ)، ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتومڕ نییە، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لەمیانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)ەوە ڕایگەیاند: "کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخانکردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت."

ئەم لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بۆ دووسەدە لەمەوبەر دەمانباتەوە، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو، کە پەیوەستبێت بەوەی کە ئێستا پێیدەڵێین: (خەیاڵی زانستی)، بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی دەرکەوتوو (ماری شێلی)، کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاوکردەوە و تێیدا جیهانی شۆكکرد و بۆ سەدان ساڵ ناوی بەزیندوويی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.

لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بە کەرەستەی (بێ گیان و مردوو) رۆحلەبەرێک دروستدەکات و دوای دروستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی دروستکەرەکەی نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت.

ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی ئەفسانەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) رۆحلەبەرێکی وەک ئادەم دروستدەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت.

ئەگەر وردتر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێين، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین)ی (ماری شیلی) بچوێنین بە شتێک، کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بە خاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات.

ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی دروستیکردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لەدەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچێژ و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی ژیری دەستکرد بڵێت: "ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخانکردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت."

گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دواڕۆژی مرۆڤ، لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەی فرانکشتاین، چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی دروستکردنی مرۆڤێک موو بەموو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بەموو خانە بەخانە مرۆڤێکی دیکە دروستدەکات) مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەستێت و دەڕوات و دەجووڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتایینەوە، بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە دروستیکردووە و ناتوانێت خۆی لە کۆنتڕۆڵ قوتار بکات.

کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لەخۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن خۆیان لەئێمە ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئالەتە بکەین؟

لەماوەکانی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە ‌لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەم دواییەدا گوتی: "جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوەناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەند و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە".

کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەدەستی مرۆڤایەتیدایە لە چاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟

لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی (یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆیدا بە ناونیشانی: "Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI"

دەڵێت: پێشینانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەستبهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین.

ئەو دوو نموونەی ئەفسانەی یۆنانی دەهێنێتەوە یەکەمیان: ئەفسانەی (فایتۆن)ە باس لە کوڕێک دەکات کە دەزانێت کوڕی خودای خۆرە (هیلیۆس) بۆ ئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەستدەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و  خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.

دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەنا و ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد. (یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە) هۆنراوەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بەناونیشانی ( شاگردە جادووگەرەکە) نووسی.  بالادەکەی گۆتە ( لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بەمیکی ماوس بیناسین) باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بەتەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێدەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجامبدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بەگسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە پێی دەتوانێت گسکەکە بوەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی دروستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتيی لێدەکات (گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحییەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم) جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بوەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:

(هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت) ئەم دوو چیرۆکەی (فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە) کە (یۆڤاڵ نوح هەراری) وەک نموونە دەیانهێنێتەوە، بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بەئاشکرا خۆمان لەبیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە، هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پرووسکی مرۆڤدا بڕۆن.

ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن)  

ئاراس سەعید: خوێندکاری زانکۆ

16ی شوباتی 2025

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا