هەركاتێك هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە لەبری یەكڕیزی نیشتمانی دروشم و توانجەكان لە یەكتری دەبێتە هۆكاری ترازان و ئەو ئومێدەش كاڵ دەكەنەوە كە بەهۆی رێكەوتنە ستراتیژیەكانەوە هاوڵاتیان دڵخۆش دەكا، بەتایبەت سەقاگیری ئابووری كە لەوەتەی سەربەخۆیی ئابووری راگەیەنرا ئەو سەقامگیرییە لە بەین چووبوو. 

ئێستا دەسەڵاتی دوو بنەماڵەكە لەبری رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردن و لە پاڵیشیدا رەواندنەوەی ئەو نیگەرانیەی هاوڵاتیان بەرامبەر لەدەستدانی ئابووری سەربەخۆ و  زۆر دۆسیەی دی كە لەوانەیە لە ئایندەدا بەرۆكی هەرێم بگرێ‌، دێن تۆمەت بۆ یەكتری و قسە بۆ ترازان دەكەن لەبری هاودەنگی نیشتمانی، بەتایبەتیش ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕ بووە لە رەخنەی جدی لە دەسەڵات و ئەو بەرنامە شكستخواردوانەی لە سی ساڵی تەمەنیدا بەسەر هاوڵاتیانی سەپاند، بەزەقیش رەنگدانەوەی حزبایەتی لە نێو جومگەكانی دەسەڵات و پشگوێخستنی توێژی هەژاران و لاوان بەگشتی بۆتە دیاردە .

ئەگەر مەبەستمان بێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی پەیڕەوكەین  دەبێت كۆمەڵگەیەكی ئازاد دوور لە چەوساندنەوە لەسەر بناغەی فڕێدانی ناكۆكییە چینایەتیەكان دابمەزرێ، لەكاتێكدا خەبات بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان لەپێشەوەی تایبەتیەكان بێت و  تەواوی چین و توێژەكانیش لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكی پتەو كۆبكرێنەوە، تا هیچكام لە توێژە جۆراو جۆرەكان هەست بە پەراوێزخستن نەكەن و هەموان خۆیان بەبەرپرسیار بزانن كار بۆسەرخستن و پێشكەوتنی بكرێ.

هەمیشە لینین كۆمەڵگای بەگرنگ زانیوە سەرنجی دەخستە سەر بەرنامەو بیروراسیاسیەكان و بەرژەوەندی چینەكانیشی دەخستە پێشەوەو لەكوێدا خزمەتی زیاتر بەخوارەوە كرابا لەوێدا دروشمەكانی هەڵدەهێنجا، دەچۆ ناو تەواوی توێژە جۆراوجۆرەكان و گوێی لێدەگرتن، داواكاریەكانی بەهەند وەردەگرت و بۆی جێبەجێ دەكردن، ئەو بەئاشكرا دژی سەرمایەداری و چەوساندنەوە بوو، پشت و پەنای زۆرینە بوو توانیبووی وڵات بە سیستەمێكی پتەو بپارێزێ.

بەڵام ئەزموونی چەند ساڵەی حوكمڕانی لێرە زۆر جاران پێچەوانەی زانستە سیاسیەكانەو   هەمیشە ئەو توێژانە بێ هیوا دەكرێن كە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگان، ئەوەتا لاو كە هێزێكی دیارو بەرچاوە و هەموو وڵاتێك پشت ئەستوورە بەم وزەو توانایە، كە لە رێگەی ئەم توێژەوە گۆڕانكاری بنچینەیی و داهێنان بەرهەم دێت، پشتگوێ خراوە، بەتایبەتیش كە وڵات لە توێژی مشەخۆرەوە ئاراستەی بەرهەم هێنان دەكات، لێرە لاو كەوتۆتە نێوەندی ئەو پەراوێزەی لە سەرەوە باسمان كرد، بۆیە بەسەدانیان خۆیان بەئیجە داداو هەزارانیش نیشتمانیان جێهێشت، بەتایبەتیش تەواوی دروشم و بەڵێنەكانی سەردەمی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر خرانە ئەستۆی بارودۆخە سیاسیەكان و بە بیانووی قەیرانەكان كە هەر خۆیان هۆكاری بوون، ئەم توێژەش بەتاقی تەنێ لەسەر شەقامەكان بەجێمان و ساڵ بەساڵیش بێكاری شێلگیرانەتر یەخەیان دەگرێ، هەروەك چۆن جوتیارانیش خرانە لیستی موچەخۆرانی حزبی و خواستی بەرهەم هێنانیان ریشە كێش كردو هەڵیاندانە بەر دەرگای حزبیەكان و فێری دەست پانكردنەوەو سەرەگرتنێكیان كردوون كە ئیدی نەتوانای جۆماڵكرنی هەرەوەزی و وەشاندنی دانەوێڵەو گرتنی داسیان ماوە، نەبیریش لە زیادكردنی بەرهەم و بەبازاڕكردنی دەكەنەوە، هەەموو ئەو هۆكارانەن توێژە پەراوێز خراوەكان ناچنە دەنگدان و بەیەك چاو تەماشای تەواوی پارتە سیاسیەكان دەكەن.

سلكی پەروەردەش بە جۆرێك تێكو پیك دراوە خەریكە لەنێو مامەڵە دارایەكان و حزبیەكاندا ئەودەستی و دەستی پێدەكرێت، قوتابخانەی تایبەت و حكومی و كۆ ژمارەی ئەوێ و ئێرەو زانكۆ ئەهلیەكان قوتابیانی دەسخەڕۆی دوودڵی و راراییەك كردووە خەریكە ئەوانیش دەخلیسكێنە نێو نەزانی ئەو پلانانەی وەزارەتەكەیان بۆیان دادەنێ، بەم هۆكارەشەوەیە ترازانی زیاتر دەكەوێتە نێوان ئاستی قوتابیان و چینێكی خاوەن داراییەكی زۆر دەبێتە نمرە كڕو قوتابییە ماندووەكانیش بە نیگەرانییەوە سەرنج لە ئەنجامەكانیان دەدەن.

ئەوەی كەزۆر مەبەستە ئەم بارودۆخەی ئێستایە كە هاوڵاتیانی پێدا گوزەر دەكات، سەرەرای ئەوەی بێكاری پانتاییەكی بەرفراوانی داگیر كردووە، جموجۆڵی بازاڕیش دوای گران بوونی بەهای دۆلار و هەڵبەزو دابەزینی كاڵاكان و بەتایبەتیش سووتەمەنی، باری هاولاِتیانی چەند بارە گران كردووە و كەچی شەڕی دەسەڵاتیش بۆ كورسی و تۆمەت و خەستبوونەوەی حزبایەتی تادێ‌ زیاتر دەبێ‌، لەمنێوەندەشدا زیانی گەورە بەر هاوڵاتیان دەكەوێ‌، چوونكە موچە كەوتۆتە دەستی هەردوو حكومەتی تاسەر ئێسقان گەندەڵ و دەروونی هاوڵاتیانی بەجۆرێك تێكوپێك داوە بایی یەك گەرد متمانەیان بە كۆمپانیاكانی بەڕێوەبردنی ئەم نیشتمانە نەماوە، چونكە لە هەر قەیرانێك كە روو لە وڵات دەكات ئەوان دەستەوەستان دەمێننەوەو پڕ دەدەنە موچەی هاوڵاتیان و هەر لەیەكەم ساتەوە بیر لە دواخستن و كەمكردنەوەو نەدانی دەكەنەوە، وەلێ‌ بەشی خۆیان دەخەنە لاوەو كادیرەكانیانی پێ‌ پڕ دەكەن، كە ئەوە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەت حوكمداری زۆر دەگمەنە.

هەموو ئەم هۆكارانە چینایەتی بە جۆرێك زەق كردۆتەوە كە لەدیاردەوە بۆتە مەترسی و پێناچێ بانگەشەو بەڵێنی كۆمپانیاكانی دەسەڵات توڕەیی ئەم چینانە هێور كاتەوە، چونكە ئەو شەقارە گەورەیەی درووستیان كردووە بەو تەقەڵە رزیوانە یەكناگرنەوە كە هەمیشە لەكاتی بانگەشەكاندا نێوانەكانی پێدەدروونەوە.

بۆیە چارەسەری ریشەیی گەڕانەوەیە بۆ ناو خەڵك و گوێگرتنە لەو داواكاریانەی لە شەقامەوە دەردەچن، چونكە چەقی گۆڕانكاریەكان لەوێ لە دایك دەبن، هەروا جێبەجێ كردنی بەڵێنەكان و هاوسەنگ كردنی موچە، كە دەروونی زۆرینەی فەرمانبەران و خانەنشینانی برینداركردووە، بەتایبەت كە هیچ بەهایەك بۆ ساڵی خزمەت و فەرمانبەرە بەتەمەن و ماندووەكان دانەنراوەو لە بەرامبەردا پلەی حزبی جێگەی گرتۆتەوە، بۆیە دەبێت هەنگاوی هاوسەنگ كردنی موچە یەك لە كارە سەرەكیەكان بێت چونكە ئەوە هەوڵێكی سەرەتاییە و ئاوڕدانەوەیە لە توێژە كەمدەرامەتەكان ، خۆ گەڕانەوەی متمانە و شكۆی دەسەڵاتی خۆماڵی هەرچی زووە دەبێت كاری بۆ بكرێ، دواتر بیر لە نەهێشتنی چینایەتی بكرێتەوە كە ئێستا خەریكە زۆر بەزەقی پانتاییەكانی كۆمەڵگا دادەپۆشێ و بەرنامەكانیان لە خەڵكەوە بۆ خەڵك بێت و ئاراستەی بیركردنەوەشیان هەر لەنێو خەڵكەوە هەڵێنجن، ئەوسا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەتوانن درووشم و بەڵێنەكانیان ببنە جێگەی متمانە نەك ترازان.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا