بە ڕوونی

(دەستپێشخەری شارستانی جیهانی) دوا چەمكی هزری و سیاسییە، كە لەلایەن شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین خرایە ڕوو، كە لە كۆبونەوەی ئاستی باڵا و فراوانی سەركردایەتی حزبی شیوعی چینلەگەڵ 533 نوێنەری حزب و ڕێكخراوی سیاسی جیهانی پێشكەشی كرد و، ئەو كۆبونەوەیە لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوەلە رێكەوتی 15ی ئاداری ئەمساڵدا سازكرا و، حزبی شیوعی كوردستانیش ئامادە بوو.

بنەمای سەرەكی ئەم دەستپێشخەرییە، بریتییە لە پەیوەندی نێوان ڕێزگرتن لە فرەبوونی شارستانیی جیهانی و، بابەتی پەیڕەوكردنی ڕێگای گەیشتن بە مۆدێرنە و مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتەكانی و ئەنجامدانی گەشەپێدانێك، كە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت و، بەرپرسیاری تایبەتی حزبی سیاسی لە جیهان سەبارەت بەم بابەتە دەستنیشان بكرێت.

گرنگی ئەم دەسپێشخەرییە لە كۆمەڵێك خاڵدا بەدی دەكرێت:

ـ پرۆسەی گەشەپێدان لە جیهاندا دووچاری كۆمەڵێك گۆڕانكاری و قەیران بۆتەوە و، بۆشایی گەشەپێدان نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری زلهێز و دەوڵەتانی سەرمایەداری وابەست فراوانتر دەبێت و، هاوكات ڕەوشی ژینگە لە جیهاندا خراپ دەبێت.

ـ ڕەوشی ئەمڕۆی جیهان و ململانییە نێودەوڵەتییەكان دوو بژاردەی خستۆتە ڕوو. بەژاردەی یەكەم ئاراستەی نیولیبرالیزمە، كە جەخت تەنیا لەسەر پەرەپێدانی بواری تەكنەلۆجی زانستی بۆ خزمەتكردن و بەردەوامبوونی پێشەنگی وڵاتە ئیمپریالیستەكانە لە بواری گەشەپێدان و كۆنتڕۆڵكردنی بازرگانی جیهان و مانەوەی بۆشایی گەشەپێدان لەگەڵ وڵاتانی دیكە، دەكاتەوە. بژاردەی دووەم ئاراستەی ئەنجامدانی گەشەپێدانی مادی و مەعنەوی سەرجەم وڵاتانە، لە سایەی هەمەجۆری و فرەبوونی شارستانی جیهانیدا.

ـ پەرەپێدانی ئابووری لە جیهاندا لە ژیر كارتێكردنی دوو ئاراستەیە. ئاراستەی یەكەم لە چوارچێوەی سیاسەتی (گەمەی زیرۆ)یە، واتە سەرجەم دەسكەوت و قازانج لە بەرژەوەندی ناوەندەكانی سەرمایەداری جیهانی و سەپاندنی نموونەیك و سیاسەتێكی ئابووری دیاریكراو بەسەر جیهاندا بێت و، بۆ بەرامبەریش (زیرۆ)، واتە هیچ بۆ ئەو وڵاتانەی خوازیاری گەشەكردنن و، لە بازنەی تۆڕی دوواكەوتوویی و وابەستەیی بۆ ناوەندەكانی سەرمایەداری جیهانی بمێننەوە. ئاراستەی دووەم (نا زیرۆیە) بە مانای قایلنەبوون بە قۆرخكردنی پێشكەوتن و گەشەپێدان و ڕێكخستنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە چوارچێوەی فرەجەمسەری.

پەیوەندی (دەستپێشخەری شارستانی جیهانی) و گەشەپێدان، لەم خاڵانەدا بەرجەستە دەبێت:

1ـ یەكبوونی چارەنووسی شارستانییەكان وفرەبوون و هەمەجۆری باخچەی شارستانی مرۆیی وەك ڕەهندێكی ئایندەی جیهان.

2ـ ڕێزگرتنی هاوبەش بۆ شوناسی فرەبوونی شارستانییەكان و، پشتبەستن بە پرنسیپی یەكسانی و پەیوەندی بە یەكتر و دانەبڕان و، پرنسیپی لێبوردەیی نەك خۆبەزلزانین و سەپاندنی نموونەیەكی دیاریكراو لە پەیوەندی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی باكوری دەوڵەمەند و باشوری هەژار.

3ـ چەسپاندنی بەها و نەریتی هاوبەشیمرۆیی، كە خۆی لە ئاشتی و گەشەپێدان و عەدالەت و دیموكراسی و ئازادی و ڕێزگرتن لە شوێن و سەنگی سەرجەم شارستانییەكاندا دەبینێتەوە.

4ـ گرنگی دیالۆگی شارستانییەكان،بە مەبەستی هاوكاری و پێشخستن، لەسەر بنەمای نزیككردنەوەی دید و بەرژەوەندییەكان بە مەبەستی گەیشتن بە شەراكەتی جیهانی.

ئەم بۆچوونە سەبارەت بە شارستانی بە پێی بۆچوونی ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین كە بەشێكە لە چەمكی (كۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی)، بنەمایەكە بۆ داڕشتنی بنەماكانی گەشەپێدان و گەڵاڵەكردنی شوناسی مۆدێرنە لەو دەستپێشخەرییەدا.

بنەماو پرنسیپە سەرەكییەكان مۆدێرنە و گەشەپێدان لەم پرۆژە سیاسییەدا، جەخت لەسەر دابینكردنی ژیانی ئاسوودە و خۆشگوزەران بۆ گەل دەكاتەوە، بەو پێیەی گەل درووستكەری میژووە و، گەشەپێدان دەبێ لە خزمەت و بەرژەوەندی مرۆڤدا بێت و،هیوا و ئامانجەكانی لە دابینكردنی پەرەپێدانی شارستانی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بێت و، ژینگەی جوان و لەبار بۆ مرۆڤ دابین بكات و، ئاسۆیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوو و گەشەپێدانی بەردەوامی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی مسۆگەر بكات.

لە كاروانی نوێی تێكۆشان بۆ مۆدێرنە، ناكرێ وەك نموونەی ئەزموونی پێشتری مۆدێرنەی سەرمایەداری تاكە مۆدێڵ و برچنەیەك دید و نەریت و بەها وچەمكی سیاسی لە چوارچێوەی عەقلیەتی (سەنتڕاڵیزمی ئەوروپا) و،نموونەی تاكە شارستانییەك و قۆرخكردنی لەلاین چەند وڵاتێكەوە، بەسەر ئاراستەی نوێی مۆدێرنە و گەشەپێدان، بەسەر شارستانییەكانی مرۆڤایەتی لە جیهاندا بسەپێنرێت.

لەم كاروانە نوێیەدا تەنیا دەكرێ ئاماژە بە یاسا گشتییەكانیمۆدێرنە بكرێت، دوور لە كۆپیكردن بۆ ئەوەی هەر گەل و هەر شارستانییەك لە سایەی هەلومەرج و واقیعی بەرجەستەكراو و، بە پشتبەستن بە هۆكار و تایبەتمەندی هەر كۆمەڵگایەك ڕِیگای گەشەپێدانی خۆی دابڕێژێت.

كرۆكی یاسا گشتییەكان سەبارەت بە بەرپرسیاری حزبە سیاسییەكان لەوەدایە، كە حزب و لایەنە سیاسییەكان لە جیهاندا كۆت وبەندی دوگمای بیروباوەڕ بشكێنن و داهێنانێكی ئەوتۆ پەیڕەوكەن، كە چاكسازی و سیستمی حوكمرانی باش لە ئاستی حزب و دەوڵەت و سیستمێكی ڕەوا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، كە دادپەروەری و سەرڕاستی دابین بكات و، سەركەوتنی خود لە سەركەوتنی بەرامبەر و بوژانەوەی گشت كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ببینێتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە گەشەپێدان و مۆدێرنە پرۆسەیەك نییە لە ئاسمان بێتە خوارەوە، بەڵكو بەشێكە لە چالاكی مرۆڤ و پەرەپێدانی متمانە و باوەڕبەخۆبوونە لە بنیاتنانی حزبی سیاسی و لە بنیاتنانی دەوڵەتدا.

پرۆسەی نوێی مۆدێرنە پێویستی بە دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی هەیە، بە پشتبەستن بە بنیاتنانی كۆمەڵگای گەشەپێدانی هاوبەشی جیهان لەسەر بنەمای عەدالەت و ڕاستگۆیی لە پەیوەندی نێودوڵەتیدا و، وەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.

ڕەوشی ئەمڕۆی جیهان بە ڕوونی ئاماژە بە قایلنەبوون بە قۆناغی كۆلۆنیالزم و ڕەتكردنەوەی سیاسەتی تاڵانكردن و فەرزكردنی هەژموونی دەوڵەتی زلهێز دەكات. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە دیالۆگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، نەك سیاسەتی بەكارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی دۆخێكی دیاركراوی نەخوازراو بەسەر گەلانی چەوساوە.

ئەمڕۆ جیهان پێویستی بە شەڕیسارد و بە خراپ بەكارهێنانی دەستەواژەی دیموكراسی و شێواندنی ئەم چەمكە لەلایەن ناوەندە لیبرالیزمە نوێكان نییە، بۆ ئەوەی ناكۆكی و ململانێ و شەڕ هەڕشە لە ژیانی مرۆڤایەتی و لەئاستی گەشەپێدانی كۆمەڵگاكان و لە خودی دیموكراسی كە ناكرێ لە چەمكی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی جیابكرێتەوە، بكات. ئەزموونی تێكۆشانی گەلان پێمان دەڵێت كە ناكرێ تەنیا چەمكی دیموكراسی بە میتۆدێكی داماڵڕاو و لە چوارچێوەی كەلتوور و مۆدێلی شارستانی ڕۆژئاوادا دابڕێژرێت. بۆیە هەردەم ئەلتەرناتیفی سیاسەتی نیولیبرالیزم بریتییە لە دیالۆگ و كاركردنە بۆ نەهیشتنی چاوگەكانی بارگرژی و نەهێشتنی ئەگەرەكانی پێكدادان و كۆتایهێنان بە شەڕە، كە ڕِێگایەكی سەرەكی سەرمایەداری هاوچەرخە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی.

بەم جۆرە گەڵاڵەبوونی چەمكی نوێی مۆدێرنە خۆی لە دابینكردنی گەشەپێدانی مرۆیی و پاراستنی ئاسایشی جیهان و تێكەڵبوونی شارستانییە هەمەجۆرەكان و یەكسانی گەلان و هاوسنگی لە مافەكان دەبینێتەوە، بە جۆرێك هەر كۆمەڵگایەك بە تەنیا و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی وەڵامی گونجاوی بۆ پرسیارە ئاڵۆزەكانی خۆی و ئەم سەردەمە هەبێت و،فرەبوون و لەیەكتر تێگەیشتن و حوكمرانی باش كە لە قازانجی سەرجەم شارستانییەكان بێت، دابین بكرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا