لە كاتی دیالۆگ و دانوستان لە نێو دنیای سیاسەت‌و وتوێژی سیاسیداو بگرە لە بوارەكانی تریش، گرنگ هەر ئەوە نییە مرۆڤ چی دەوێت، بەڵكو گرنگیشە بزانێت كەچی ناوێت، ئاخر چی ویستن و چ نەویستن بۆ كەسی ئامادەبوو لە كاتی وتوێژ لەگەڵا لایەنی بەرامبەردا هەردووكیان نەك هەر گرنگن، بەڵكو تەواوكەری یەكترین.

لە 2003 رژێمی بەعس رووخاو دەوڵەتی عێراقیش تاڕادەیەكی زۆر لە بناغەوە رووخا، بۆیەش نووسینەوە‌و دواتر دەنگدانی جەماوەری لەسەر دەستووری نوێ‌ رەنگدانەوەی ئەو داڕووخانەبوو، لەو سەروبەندەدا نوخبەی سیاسی عەرەبی عێراقی بە شیعەو سوننە‌و عەلمانی‌و دیموكراسییەكەی لەوپەڕی بێهێزی‌و پەرتەوازەیی‌و شپرزەییدا بوو، چونكە حزبی شیوعی عێراقی لێ‌ دەربكەویت هیچ كام لە گروپ‌و حزب‌و كاراكتەرە سیاسییەكانی عەرەب لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لەسەر خاكی عێراق هیچ جۆرە سەنگ‌و ئامادەییەكی مەیدانیان نەبوو، وەكو چۆن بەعسییەكان لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بە شەمەندەفەرێكی ئەمریكی هاتن‌و جڵەوی حوكمی عێراقیان گرتەدەست، ئەوجارەشیان گروپە سیاسییەكانی عەرەب، بە شیعەو سوننەوە دوای 2003 سەر لە نوێ‌ بە شەمەندەفەرێكی ئەمریكی هاتن‌و  لەسەر عەرشی داڕوخاوی رژێمی بەعس‌و دەوڵەتی عێراق لە ژێر سایەی تانك‌و تۆپ‌و فڕۆكەی ئەمریكاو رۆژئاوا جڵەوی حوكمڕانی عێراقیان گرتەدەست، وەكو باسم كرد قۆناغی نوێی عێراق لە هەموو رووێكەوە لەباربوو كە نوخبەو سەركردایەتی سیاسی كورد پێ‌ لەسەر دەستوورێكی نوێی دیموكراسی‌و مەدەنی‌و بابەتی دابگرێت‌و تیایدا سەرجەم مافەكانی خۆی بە ورد‌و درشتییەوە لەو دەستوورە جێ بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە نوێنەرانی كورد سەركردایەتی سیاسی‌و بەشداربووانی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری نوێی عێراق بە چاوێكی سیاسی رووت سەیری دەستووریان كرد، لەجیاتی ئەوەی شۆڕببنەوە بۆ قوڵایی بڕگەو ماددەكانی دەستوور، هاتن لە دەرەوەی قوڵایی دەستوور خۆیان خستە ناو فۆڕمێكی سیاسی‌و رووت‌و هەر ئەوەندە.

بۆ نموونە كورد بەلایەوە گرنگ نەبوو یاخود هەر بیریشی لەوە نەكردبۆوە بۆ نەوت‌و گاز، بۆ فڕۆكەخانەكان‌و چەند كایەو بواری وردتر یاخود دەسەڵات‌و سەلاحییەتی كورد ماددەی خۆی جێگیربكات، پرسی كەركوكیان كە بە هەموو پێوەر‌و بەڵگەنامەیەكی مێژوویی شارێكی كوردستانییە خستە، دوو توێی سات‌و سەودای ماددەی (140) راستە دەستووری عێراقی هەرێمی كوردستانی وەكو ئەمری واقیع كە هەبوو قبوڵ كرد‌و دانی پیانا، بەڵكو چونكە كورد شارەزای لە دەستوور‌و بنەماكانی دەستوور نەبوو، هەرێم وەكو كە هەبوو لەسەر زەمینی واقیعد دانیپیانرا نەك وەكو زەڕوورەتێكی مێژوویی.

لە كاتێكدا دەبوایە بە مانای وشە هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێك لە چوارچێوەی فیدراڵیەتی عێراقی بەدەستوو یەكلاكراباوە نەك بەقسە، ئاخر هەموو ماددەو بڕگەكانی دەستووری عێراق بگەڕێی ناوی فیدڕاڵیەت نابینین، نەك هەر ئەوە بەڵكو تاكو ئێستاش لەگەڵا بێت هیچ سیاسی‌و سەركردەیەكی عەرەبی شیعەو سوننە ناوی عێراقی فیدراڵی ناهێنن‌و بگرە دەڵێن عێراقی ئیتیحادی. دەبێت هەموومان دان بەوە دابنێین لە كاتی نووسینەوەی دەستوور عەرەب لە كورد زیرەكتر‌و شارەزاتر‌و خەمخۆرتر بوونە بۆ خۆیان، ئاخر بەشێك لە زیرەكی نوخبەی سیاسی عەرەبیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان پێشتر دەوڵەتیان هەبوو ئەزموونی حوكمڕانیان هەبوو، بەداخەوە كورد لە جیاتی ئەوە كۆمەڵێك یاساناس‌و پسپۆڕی ئەو بوارە بباتە بەغداو لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دایانبێت، بەداخەوە ئەو بوارەش لەسەر بناغەی حزبایەتی‌و بیری تەسكی حزبایەتی مامەڵەی لەگەڵا كراو ئەوانە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دانران كە سەر بە حزبەكان بوون نەك كەسانی شارەزاو لێهاتوو، هەر بۆیەش دەبینین لە ئێستا عێراق دەتوانێت لە رێگای دەستوور لە چەند بواردا دەست‌و پێی هەرێم شەتەك بدات، بەداخەوە كورد وەكو هەمیشە لەجیاتی ئەوەی مامەڵەی لەگەڵا خودی واقیع بكات، مامەڵە لەگەڵا ئەو تەپ‌و تۆزە دەكات كە لە واقیع بەرز دەبێتەوە، كورد لە نووسینەوەی دەستووردا نەزانی چی دەوێت نەزانی چی ناوێت.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا