لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
هەرێمی کوردستان دابەشکراوەتە سەر 3 بازنەی هەڵبژاردندا و 8 حزب و ژمارەیەک کاندیدی کۆتای پێکهاتەکان ڕکابەری لەسەر 46 کورسی گشتی و کۆتا دەکەن.
بانگەشەی هەڵبژاردن لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و حزبەکانی دەسەڵات بەڵێنی خۆشگوزەرانی بەخەڵک دەدەن،کە هێشتا تەواوی مووچە خۆران،مووچەی مانگی 7ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو چارەنوسی چەند مووچەیەکی ئەمساڵیش بەنادیاری ماوەتەوە.
بانگەشە چەند ڕۆژێک لەپاش ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا دەستیپێکردووە و ئێستا حزبەکانی دەسەڵات ڕادەستکردنی نەوت وەک دەسکەوت لەبانگەشەدا بەکاردەهێنن.
هەرچەندە بەپێی ڕێکەوتنێکی سێ قۆڵی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەوتیان ڕادەستی بەغدا کردووە،بەڵام وەک بەرپرسانی باڵای هەرێم پێشتر ڕایانگەیاند،کە ڕێکەوتنەکە تەنها بۆ 3مانگەو دوای سێ مانگەکەو ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیارنییە دۆخەکە بەکوێ دەگات.
فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند،مووچەی مانگەکانی 8و9و10 مسۆگەر کراوە.بەڵام مووچەی مانگەکانی 11و12 پێویستی بە گفتوگۆی توند هەیە.
بەپێی بۆچونی چاودێرانی سیاسی. ئەم ڕێکەوتنە تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و مسۆگەر کردنی دەنگی خەڵکە بۆ خۆیان،پێشیان وایە دوا بەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لایەنی براوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. پێویستی بە لایەنە سیاسیەکانی کورستان دەبێت،بۆیە دوور نییە نەوت بکرێتە فشار لەبەرانبەر وەرگرتنی دەسکەوت و پۆستی زیاتر.لە کۆتایشدا کێشە بۆ مووچە دروستبکرێتەوە.
بۆچونی چاودێران وایە،لە ئێستادا حزبە دەسەڵاتدارەکان،هەر بەڵێنێک بەخەڵک بدەن تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەو دوای هەڵبژاردن هێندەی هەڵپەی بۆ دەسکەوتی کەسی و حزبی دەکەن. هەڵپە بۆ مووچەو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و مووچە خۆران ناکەن.