ئاراس عوسمان
زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی، جەستەیەکی مەعریفی و کۆمەڵایەتییە، لەسەر بنەما فکرییەکانی ئازادی بیرکردنەوە، گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و لێکۆڵینەوەی بێلایەن بونیاد نراوە، بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی کە حیزب هەژموونی قوڵی بەسەر دامەزراوە گشتییەکاندا هەیە، زانکۆ لە ماهیەتی ڕەسەنی خۆی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە کێڵگەیەک بۆ بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی حیزبی، کۆمەڵناسی جەستە کە لقێکی گرنگی زانستی کۆمەڵناسییە، لەم چوارچێوەیەدا تێڕوانینێکی ڕەخنەیی و فکریمان پێ دەدات بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی گۆڕینی جەستەی زانکۆ بۆ دەسەڵاتێکی چاودێریکەر و هەژموونی ئایدۆلۆژیای حیزب و کۆنتڕۆڵکردنی پلە و پایە و مەعریفە ڕووکەشییەکان و پۆستەکان لە خزمەت حیزبدا.
حیزب وەک دەسەڵاتێکی ڕەها بۆ ئەوەی هەیمەنەی خۆی بەسەر زانکۆدا بسەپێنیت، لە سەرەتادا هەوڵی گۆڕینی جەستەی زانکۆ دەدات لە دەزگایەکی مەدەنییەوە بۆ دەزگایەکی چاودێریکەر، ئەم چاودێریکردنە بە تەنها خۆی لە دامەزراندنی کەسانی حیزبی لە پۆستە کارگێڕییەکاندا نابینێتەوە بەڵکو پەل دەکێشێت بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ ترس و گومان کە تێیدا هەموو کارو چالاکییەکانی زانکۆ دەکەوێتە ژێر چاودێریییەوە، وەک فۆکۆ لە تێڕوانینەکانی خۆیدا لە پەیوەندی نێوان جەستە و دەسەڵات ئاماژەی پێ دەکات، تاک هەمیشە هەست دەکات چاودێری دەکرێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆش چاودێریکەرەکە نەبینێت.
جەستەی زانکۆ واتە پێکهاتەی ئەکادیمی و کارگێری و تەنانەت فەزای فیزیکی زانکۆش دەکرێتە ئامرازێک بۆ چاودێری، بە جۆرێک بابەتەکانی خوێندن لە هۆڵەکانی وانەوتنەوە و گفتوگۆ و توێژینەوەکان و دانیشتنەکانی مامۆستایان پێکەوە دەکرێت بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، بەجۆرێک هەر بابەتێک یاخود بیرۆکەیەکی نوێ لەگەڵ ئایدۆلۆژیایی حیزبدا نەگونجێت وەک هەڕەشە سەیر دەکرێت، هەر لەم چوارچێوەیشدا هەموو چالاکی و کۆنفرانسە زانستییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی زانکۆ لە ژێر چاودێری چڕدان، ئەگەر ناوەرۆکەکانیان لە بەرژەوەندی گوتاری حیزبدا یەک نەگرێتەوە، ئەوا ڕەنگە ڕێگریان لێبکرێت یاخود ئەبێت جارێکی تر لە ڕێگەی فیلتەری حیزبەوە دەستکاری بکرێن تاوەکو ناوەرۆکەکانیان بڕۆنەوە خزمەتی حیزب.
ئایدۆلۆژیای حیزب وەک سیستەمێکی فکری هەوڵ دەدات بەسەر جەستەی زانکۆدا زاڵ بێت، بیکاتە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی، کە ئەمەش بەتەنها لە ڕێگەی سەرچاوە ڕاستەوخۆکانی خۆی و پڕوپاگەندەوە نایەتەدی بەڵکو پشت بە چەندین سەرچاوەی ناڕاستەوخۆ دەبەستێت کە لە ڕێگەی میکانیزمی کولتووری و فکرییەوە کاریگەری دەکاتە سەر داڕشتنی پرۆگرامەکانی خوێندن، و بە خواست و ویستی خۆی ناوەڕۆکەکەیان ڕەنگڕێژ دەکات ، بەجۆرێک لەگەڵ مەنهەج و ئایدۆلۆژیایی حیزبدا یەک بگرێتەوە لەم نێوەندەشدا بابەتەکانی وەک مێژوو، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان دەبنە قوربانی ئەم هەیمەنەیە. چونکە بەپێی گوتار و بەرژوەندییەکانی حیزب دادەڕێژرێن و بواری دەستکاریکردنیان ئاسانترە.
یەکێک لە پایە گرنگەکانی زانکۆ توێژینەوەی زانستی بابەتییە کە خۆی لە ئازادیی توێژینەوەکاندا دەبینێتەوە لەڕووی بەدواداچوونی زانستی و بێ لایەنانە لە دیاردە و قەیران و گرفتەکان بەتایبەت لە بواری زانستە مرۆییەکاندا، بەڵام کاتێک جەستەی زانکۆ بە ئایدۆلۆژیایی حیزب داپۆشرابێت، دەکرێت توێژینەوەکان بەجۆرێک ئاڕاستە بکرێن بڕواتەوە خزمەت ئەو بوارانەی کە خزمەتی ئایدۆلۆژیای حیزب دەکات. وە ئەو توێژینەوانەی کە ڕەخنە دەگرن یاخود پێچەوانەی بەرژوەندییەکانی حیزب بن ڕێگریان لێ بکرێت یاخود پشتگوێ بخرێن. ئایدۆلۆژیای حیزب دەبێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان و توانای مامۆستایان. بەو شێوەیە ئەو کەسانەی گوتاری حیزبی لەناو زانکۆکاندا درێژ دەکەنەوە و درێژەی پێ دەدەن پێدانی دەرفەتی ئەکادیمیی زیاتریان دەبێت.بەم شێوەیە، جەستەی زانکۆ، کە بریتییە لە کۆی ژمارەی مامۆستایان و خوێندکاران و پرۆژە ئەکادیمییەکان، دەبێتە جەستەیەکی ئایدۆلۆژیی حیزبی ڕووت.
حیزب لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکانەوە, دەسەڵات خۆی بەسەر جەستەی زانکۆدا بەتەواوی دەچەسپێنێت، کە ئەمەش دەبێتە میکانیزمێکی بنەڕەتی بۆ ملکەچکردنی مامۆستایان، فەرمانبەر و تەنانەت خوێندکاران، دەیانخاتەوە خزمەتی هەژموونی حیزب. زۆربەی پۆستە کارگێرییە سەرەکییەکان لە زانکۆدا بەپێی لایەنگیری حیزبی دیاری دەکرێن نەک توانا و لێهاتوویی ئەم کەسانە لە بەڕێوەبردندا. بەو جۆرەش ئەو کەسانە دەبنە نوێنەری جەستەی حیزب کە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر مامەڵەی کارگێری و توانای بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و پێدانی بڕوانامە و دواخستنی، چونکە ڕەنگە هەموو ئەمانە ببەستنەوە بە لایەنگیری حیزبییەوە، ئەو مامۆستایانەی لەگەڵ گوتاری حیزبدا ناگونجێن کاروباریان دوابخرێت و ڕێگریان لێ بکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، و ئیمتیازاتەکان و پادداشتەکان، دەکرێت بە پێی لایەنگریی حیزبی دابەش بکرێن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مامۆستایان و خوێندکاران بە ناچاری یان بە ویستی خۆیان جەستەی خۆیان لە ڕووی فکری و کردەییەوە بخەنە خزمەتی حیزبەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەرفەتانە، لێرەدا، جەستەی زانکۆ وەک پەیژەیەک بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی حیزبی کار دەکات، نەک زانست و مەعریفە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی جەستەوە دەکرێت هەر دەرکەوتن و ڕەفتارێکی جەستەیی مامۆستایان و خوێندکاران چاودێری بکرێن، هەر لە شێوازی جل و بەرگ و ستایلی قژ و هەڵگرتنی هەر سیمبوڵێکی سیاسی یان کولتووری کە دژ بە گوتاری باوی حیزب بێت. کە دەکرێت ئەمانە وا لێک بدرێنەوە جێگەی مەترسین دژ بە گوتاری حیزب، هەر بۆیە حیزب جەستەی زانکۆ دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی چاودێریکەر کە هەوڵی قەتیسکردنی ئازادیی فکری و جەستەیی دەدات.
کۆی ئەوەی لەسەرەوە باسکرا لەناو سیستەمێکی لەم جۆرەدا، هۆکارن بۆ کوژاندنەوەی فکری ڕەخنەیی و سەربەخۆیی لەناو زانکۆکاندا، مامۆستایان لەهەر پێگەیەکی زانستیدا بن لەترسی لە دەستدانی پلە و پۆست و یان کارەکانیان خۆیان دەپارێزن لە ڕەخنەگرتن لە واقعی ئەو گوتارەی کە حیزب ئاڕاستەی کۆمەڵگە و ناوەندە ئەکادیمییەکانی پێ دەکات. هەر ئەمەش وا دەکات زانکۆ لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندێکی ئەکادیمی و ڕۆڵی هەبێت لە داڕشتنەوەی جەستەی کۆمەڵگە بە مەعریفە و دیدگای نوێ لە هەموو بوارەکاندا دەبێتە جەستەی حیزب.
بە کورتی شیکردنەوەی زانکۆ لەژێر ڕۆشنایی کۆمەڵناسی جەستەوە، کەتوارێکی تاڵمان نیشان دەدات کە تێیدا زانکۆ لەبری ئەوەی شوێنیک بێت بۆ گەشەپێدانی زانست و مەعریفە و فکری ئازاد و ڕەخنەگر دەگۆردرێت بۆ ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی حیزبی، ئەویش لە ڕێگەی گۆڕینی فۆڕمی جەستەی زانکۆ بۆ دەسەڵاتێکی چاودێریکەری عەسکەری لەناو بەرگی مەدەنیەتدا، و هەیمەنەی حیزب و کۆنتڕۆڵکردنی پۆستەکان، گوتاری حیزبی لەم ڕێگەیانەوە زانکۆ دەخاتە خزمەت هەژموون و دەسەڵاتەکانی خۆی. ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی زانست، ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی کۆمەڵگە دروست دەکات، چونکە بنەماکانی ئازادیی فکری و دادپەروەریی ئەکادیمی دەکوژێت. بۆ بنیاتنانی زانکۆیەکی ڕاستەقینە، پێویستە ئەم چوارچێوەیەی کۆنترۆڵی حیزبی بشکێنرێت و جەستەی زانکۆ، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتکردنی مەعریفە و فکری سەربەخۆ، و ئازاد نەک دەسەڵاتێکی سیاسیی دیاریکراو.