گەنج رەووف زوهدی
بەشی پێنجەم و کۆتایی:
داهاتووی کۆمەڵگە لەناو بازنەی داخراودا
کاتێک سەیری کۆمەڵگەیەک دەکەیت کە لەناو بازنەیەکی داخراوی داهات و دابەشبوون و لە ناو ناسنامەی کڕدراودا دەژی، هەستێکت بۆ دروست دەبێت وەک ئەوەی لەبەردەم کاتژمێرێکی لمیدا بیت کە کات بە هێواشی دەڕوات، بەڵام دەزانیت کە لە کۆتاییدا لمەکە تەواو دەبێت.
دەرەوە وەک شارێک دەردەکەوێت کە لە هەموو لایەکەوە چیاکان دەیپارێزن، بەڵام ناوەوەی وەک كۆڵەکەی دارێکی کۆنی ماڵێک وایەکە، دەنگی دێت و چرکە و جیرە دەکات پێش ئەوەی هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا بڕوخێنێت، لە ڕووی دەرەوەوە ئاڵا بەرزکراوەتەوە، وتارەکان پێشکەش دەکرێن، هاوسۆزی (والی) دەکڕدرێن و وێنەکان لەسەر دیوارەکان هەڵدەواسرێن، بەڵام دیوارەکان خۆیان دەزانن کە لە ناوەوەوە درزیان تێدا دروستبووە. داهاتوو لێرە بە هێڵی ڕاست و ڕێکدا ناڕوات، بەڵکو لە بازنەیەکی شاراوەدا دەخولێتەوە، قەیرانێک قەیرانێکی تر دەخاتەوە، بەڵێنەکانیش ئاگری تووڕەیی کاتی دەکوژێننەوە، پاشان ئاگرەکە لە پۆلوی ناو خۆڵەمێشەکەوە کە بە تەواوی خامۆش نەبووە سەرهەڵدەداتەوە، خەڵک بە ئومێدی مانگی داهاتووەوە دەژین و دەسەڵاتیش بە لێهاتوویی لە دواخستنی تەقینەوەی ناڕەزاییەکان دەژی، هەموو مانگێک بە بڕێک نەوت یان قەرزێکی دەرەکی یان وتارێکی ناسنامەیی نوێ تەمەنی سیاسی دەکڕێت، وەک ئەوەی لە شانۆیەکدا بین کە بەشەکانی کۆتایی نایەت و بینەرەکانیشی ناگۆڕدرێن، بەڵام هەموو جارێک ماندووتر دەردەکەون لە کوردستاندا داهاتوو بۆتە دۆخێکی چاوەڕوانی درێژ بۆ کارێکی کاتی یان مووچەیەکی دواکەوتوو یان دامەزراندنێک کە بە کارت و هاوسۆزی حزبییەوە بەندە، هەموو شتێک بە ڕێگا نادیارەکانەوە بەستراوەتەوە کە لە نووسینگە یان ماڵە بچووکەکان بڕیاری لێ دەدرێت، لە گەنجینەی گشتییەوە تا چێشتخانە و خۆراکی ڕۆژانە، لە خەونی نەتەوەییەوە تا کۆبوونی سووتەمەنی درێژ دەبنەوە.
لەم دیمەنانەدا ناسنامەی سیاسی ئیتر بەڵێنێک نییە بۆ بەشداریکردن، بەڵکو گۆڕاوە بۆ کاڵایەک کە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە دەکرێت، وەک چۆن دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەی پێوە دەکرێت، نرخی هەیە و بۆرسەی هەیە، ناسنامەی کوردی کە ڕۆژێک لە چیاکاندا وەک بیرۆکەیەکی ئازادیخواز و شۆرشگێڕی لەدایکبوو، ئەمڕۆ لە تاوەرە بەرزەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، وەک پرۆژەیەکی کارگێڕی بیرۆکراتی، کە هاوسۆزی تێیدا دابەش دەکرێت و ئۆپۆزسیۆنیش تێیدا جیا دەکرێتەوە، هیچ شتێک لەم دیمەنەدا بیرەوەریی خەباتێکی دوور و درێژ ناخاتەوە ڕوو، نە خوێنی شەهیدان، نە سروودی شۆڕش، تەنها کارتەکان نوێ دەکرێنەوە و بودجەکان دابەش دەکرێن و سیمە دڕکاوییەکان لەنێوان گوندەکاندا دەچەقێنرێن بە ناوی پاراستنی پرۆژەی نیشتمانی، بەڵام لە قووڵاییدا هاوسەنگییەکانی دەسەڵات دەپارێزن.
ئابوورى ڕەیئعی (بەرخۆر) دیمەنەکەی زیاتر خنکاند، کاتێک هیچ شتێک بەرهەم ناهێنرێت و هەموو شتێک بەکاردەهێنرێت، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ ببێتە بارمتەی هەموو شتێک، بارمتەی نەوت و بازاڕ و ململانێ هەرێمییەکان و دۆلارەکانی سنوور و ئەو وڵاتانەی کە لە کۆبوونەوەکاندا پێدەکەنن و لە نهێنیدا فشار دەکەن، کۆمەڵگەیەک بەرهەم ناهێنێت چارەنووسی خۆی خۆی دیاری بکات، بەڵکو چاوەڕێی ئەوە دەکات کە بۆی دیاری بکرێت، هەموو دەسەڵاتێکیش کە لەسەر ئابووری ڕەیعی دەژی ناتوانێت نیشتمان دروست بکات، چونکە سەرقاڵی پاراستنی سەرچاوەی داهاتەکەیەتی، نەک داهاتووی خەڵک. داهاتوو لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە بە یەکێک لەم سێ ڕێڕەوەدا بڕوات:
یەکەمیان مانەوەیە لە هەمان بازنەدا، زیاتر ڕەیعی، زیاتر دابەشبوون، زیاتر گرژی کە بە قسە و فیستیڤاڵەکان یان وتارێک، پەیوەندییەکی تەلەفوونی، چا خواردنێک، نوکتەیەک دادەمرکێنەوە، ئەم ڕێڕەوەیە کات بە دەسەڵات دەدات، بەڵام کاتێکی خواستراوە، وەک ماڵێکی ڕووخاو کە لە دەرەوەی هەموو ساڵێک بۆیە دەکرێت، بەڵام لە ناوەوە هەمووی درزە، هەروەک وتمان کاتێک کۆڵەکەیەک دەڕزێت هاوار ناکات، چرکە چرکی دێت، بەڵام لە کاتی کەوتنی دەنگی دێت، لەو کاتەشدا هەموو شتێک لەدەست دەرچووە.
ڕێڕەوی دووەم تەقینەوەیە، ساتێک کە تێیدا ئارامی لەدەست دەدرێت و هەژاری لەگەڵ هۆشیاریدا یەکدەگرێت و هەموو ئەو بەربەستانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا دروستکراون لەناو دەچن، تەقینەوە لە شەقامی شارە گەورەکانەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە شوێنە لەبیرکراوەکانەوە، لە برسێتی بێدەنگەوە، لە خەمێکەوە کە وتارێکی بۆ دەربڕین نییە، لە شکۆمەندییەکەوە کە هەموو ڕۆژێک بە ناوی ئاسایش یان بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە سوکایەتیی پێدەکرێت، لەساتێکدا تووڕەیی لە قسەی ناوخۆییەوە دەگۆڕێت بۆ کردارێکی کۆمەڵایەتی کە پێشبینیی ناکرێت.
ڕێڕەوی سێیەمیش هەیە کە ئەگەری کەمترە لەوانی تر، بەڵام مەحاڵ نییە و گرنگترە، ئەویش ئەوەیە کە هۆشیارییەکی نوێ دروست ببێت کە چاوەڕێی تەقینەوە ناکات، بەڵکو کاردەکات بۆ شکاندنی بازنەکە لە ناوەوە، هۆشیارییەک کە ناسنامەکان هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو پێناسەیان دەکاتەوە، هۆشیارییەک دەزانێت کە نەتەوەپەرستی ئاڵایەک نییە تەنها بەرزبکرێتەوە و بانگەشەی بۆ بکرێت، بەڵکو پڕۆژەی بەرهەمهێنان و دادپەروەری و بەشداریکردن و ئازادییە، هۆشیارییەک لە سەرەوە نایەت، بەڵکو لە خوێندن و خوێندنەوە و لە کارگە بچووکەکان و لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکاندا دروست دەبێت کە خەڵک فێری هاوارکردن دەکات، پاشان فێری ڕێکخستنیان دەکات.
ئەم ڕێڕەوی سێیەمە بە هاندان دروست نابێت، بەڵکو بە ئەزموونە بچووکەکان دروست دەبێت کە هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە ناخی ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێت بەرهەمی دەهێنن، دەنگەکان لە شکستی ڕابردووەوە فێردەبن، بەڵام وەک دیل ئەو نامێننەوە، کۆمەڵە و گروپەکان ناترسن لە لەدەستدانی ئەوەی دەستیان دەکەوێت لە ئابووری ڕەیعییەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لە منداڵدانی ئابووری ڕەیعییەوە لە دایک نەبوون، بەڵکو لەویست و ئیرادەی ژیانێکی شکۆمەندانەوە، کاتێک ئەم تایبەتمەندییانە دەستپێدەکەن و دەردەکەون، ئومێد ئیتر خەون نییە، بەڵکو ئەگەرێکی بەرچاوە، تەنانەت ئەگەر لەسەرخۆش بێت، مێژووی کۆمەڵگەیەک لە شەو و ڕۆژێکدا ناگۆڕدرێت، ڕوونە کە پرۆسەیەکی دوور و درێژی چەند دەیە و سەدەیە، بەڵام چەق بەستوو نییە. ناسنامەی سیاسی لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی، نەک وەک کاڵایەک، بەڵکو وەک ئامرازێکی بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە لەسەر چیایەک و لەنێوان شۆڕشگێڕان و هەڵهاتووەکانی دەستی زوڵمدا بوو، پڕۆژەیەکی کراوەیە بۆ هەموو کەسێک کە دەیەوێت داهاتوویەکی جیاواز دروست بکات، نەک ئامرازێک بۆ دوورخستنەوەی هەموو کەسێک کە هاوسۆز نییە یان سروودەکە بە یەک ئاواز ناڵێتەوە.
ئاشکرایە گۆڕانکارییەکە ئاسان نییە، کۆمەڵگەیەک کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو ئەم بازنە داخراوەدا دەژی، تووشی ماندوێتیی ڕۆحی و دەروونی دەبێت، ترس دەبێتە بەشێک لە پەروەردە، گومان دەبێتە ڕەوشتێکی ڕۆژانە و بێدەنگییش دەبێتە سیفەتێکی کۆمەڵایەتی، شکاندنی ئەم بازنەیە پێویستی بە شتێک هەیە کە قووڵتر بێت لە ناڕەزایەتی، پێویستی بە دووبارە دروستکردنەوەی
متمانە هەیە لەنێوان ئەم هێزی گۆڕانکارییە و خەڵک، لەنێوان خەڵک خۆیان، پێویستی بەوەیە کە هەموو تاکێک هەست بکات کە شوێنی هەیە لە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکەدا، نەک سەر بە ناوەندێک بێت یان سێبەری حزبێک بێت یان تەنها ژمارەیەک بێت لە لیستی مووچە.
بۆیە قسەکردن لەسەر داهاتوو جیاناکرێتەوە لە قسەکردن لەسەر دادپەروەری، دادپەروەریش دروشمێک نییە لە بۆنەکاندا بەرز بکرێتەوە و بوترێتەوە، بەڵکو سیستەمێکە کە دەرفەت و سەرچاوەکان دووبارە دابەش دەکاتەوە و دان بە هەڵەکانی ڕابردوودا دەنێت بەبێ خۆهەڵکێشان و خۆدزینەوە، دادپەروەری بە مانای مافی خەونبینینیش دێت، ئەوەی کە گەنجێک لە گوندێکدا خەون ببینێت وەک ئەوەی کوڕی شارێک خەون دەبینێت، وەک ئەوەی کە ناسنامە ماڵێک بێت کە هەمووان جێگایان تێدا ببێتەوە، نەک زیندانێک کە تێیدا زیندانی بکرێت ئەوەی جیاوازە و جیاواز بیردەکاتەوە.
ئەگەر دەسەڵات سوور بێت لەسەر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە لۆژیکی ئابوری ڕەیعی، دابەشکردنی کێ هاوسۆزە و کێ خیانەتکار، ئەوا ڕۆژێک دێت خۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە، هیچ ئامڕازێکی حوکمڕانییەکەی نامێنێتەوە جگە لە ترس و کاغەز و وتارە درێژەکان کە کەس باوەڕیان پێناکات، ئەگەر کۆمەڵگەش چاوەڕێی ئەوە بێت کە دەسەڵات لەخۆوە بگۆڕێت، ئەوا هیچ شتێک بەدەست نایەت جگە لە زیاتر خولانەوە لە بازنەکەدا.
بەڵام ئەگەر ساتێکی هۆشیاریی جەماوەری لەگەڵ ساتێکی ماندوێتیی کۆمەڵایەتیدا یەکبگرن، ئەگەر کەسێک هەبوو کە متمانەی خەڵکی بە خۆیان و بە توانایان بۆ بەکرداریکردن گەڕاندەوە، ئەوە تەنها لەو کاتەدا دەتوانرێت ئەم بازنەیە بشکێت و ناسنامەی کوردی جارێکی تر ببێتەوە بە پڕۆژەیەک بۆ ئازادی، نەک ناونیشانێک بۆ دابەشکردنی ڕەیعی یان ڕێگەیەک بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵگەی کوردی لە عێراقدا مێژوو و شەهید و بیرەوەریی کۆمەڵایەتیی کەم نییە، ئەوەی پێویستییەتی پڕۆژەیەکی نوێیە کە لە بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتی و هاسۆزی بۆ سەرۆک و خێڵ و عەشرەت تێ ببەڕێت پڕۆژەیەک کە لەسەر نەوت دروست نەبێت، بەڵکو لەسەر دادپەروەری دروست بێت، پشت بە هاوسۆزی حزبی نەبەستێت، بەڵکو پشت بە لێهاتوویی ببەستێت، داوای ملکەچی نەکات، بەڵکو داوای بەشداریکردن بکات.
کورت و پوخت، ئەم پڕۆژەیە ئەو پڕۆژەیەیە کە دەتوانێت بازنە داخراوەکە بشکێنێت و دەرگای ڕاستەقینە بۆ داهاتوویەک بکاتەوە، کە شایەنی ژیان بێت.