ئیبراهیم بابان
پرۆسەی هەڵبژاردن، کە هەر چوار ساڵ جارێک دەرفەتێک دەڕەخسێنێت، تەنها مومارەسەکردنی مافێکی هاووڵاتیبوون نییە، بەڵکو هەلێکە بۆ هاووڵاتییان تا ڕۆڵی کارایان هەبێت لە بنیاتنانی سیستەمی وڵات و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریی دەنگدان هەیە، بەتایبەتی لەبارەی ئەو بنەمایانەی کە دەنگ لەسەری دەدرێت و ئەو کەسانەی کە هەڵدەبژێردرێن.
لێرەدا، مەبەست ئەوە نییە توانای هیچ کاندیدێک کەم بکرێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی پەرلەمانتارانی پێشوو لە پەرلەمان دەکرێتەوە و ئەرکی پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە داهاتوودا دەخرێتە ڕوو. ئەگەر بە وردی لە ڕابردووی خۆمان بڕوانینەوە، بەتایبەت لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵک و کۆمەڵێک پرسی دیکە لە عێراقدا، سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق و چەندین پێگەی گرنگی حکومی، بەڵام لە دە ساڵی ڕابردوودا، کە دەکاتە دوو خول و نیوی پەرلەمانی، هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی مافەوە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق پێکراوە. ئەم دۆخە نادادپەروەرە دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عەقڵیەتی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستە.
لە کاتێکدا ئەم جیاکارییانە بە ئاشکرا بەدی دەکران، هیچ سەرکردە و پەرلەمانتارێکی کوردستانی لە عێراق جەسارەتی ئەوەیان نەبوو کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو کورد و کوردستان فشارێکی جددی لەسەر حکومەتی ناوەندی دروست بکەن. ئەوان نەیتوانی یان نەیانویست لانیکەم بە دروشمی میدیاییش بێت بڵێن:
ئێمە لەم پرۆسە بەناو سیاسییە دەکشێینەوە و چیتر ئەم عێراقە بۆ ئێمە شەراکەت و هاوبەش نییە و زامنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان نییە. ئەم بێدەنگییە و نەبوونی هەڵوێست، عەقڵیەتی شۆڤێنی بە دەرفەت زانی تا هیچ نەرمییەک نیشان نەدات و زیاتر لە ڕێگەی دادگای بەناو ئیتیحادی و پەرلەمانی کارتۆنییەوە، بیر و میزاجی دوژمنکارانەی گروپ و تاقمی جۆراوجۆر، تەنانەت تاکە کەسیش، ئامانج و ئەجێنداکانیان بسەپێنن. بەداخەوە، دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوون لەم کارەدا. وەک لە کۆنیشەوە گوتراوە: «ئەگەر خۆت ئەجێندات نەبێت، مەحکومی بەوەی لەناو بیر و باوەڕ و ئەجێندای ئەوانی تردا بخولێیتەوە!»
لە ئێستادا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خەریکی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی خۆیەتی. ئەم پەرلەمانە لە خولەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک یاسای تێپەڕاند و خوێندنەوەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ کرد، کە یاسا جێگرەوەکان لە ڕێی زۆرینەیەکی مەزهەبی تائیفی و بە نەفەسێکی دواکەوتووانە داڕێژرابوون. بەتایبەت لە پرسی فرەژنی و کەمکردنەوەی تەمەنی کچ بۆ بەشوودان بۆ نۆ (٩) ساڵ، ئەم جۆرە بیرکردنەوە دواکەوتووە تەنها کاریگەری لەسەر دروستکردنی خێزانێکی ناتەندروست نەبوو، بەڵکو دەبووە هۆکارێکیش بۆ تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاشەکشێ کردنی ژن لە پرسەکانی پەروەردە بە گشتی. هاوکات، لە ڕووی تەندروستیشەوە کارەساتی گەورەی لێدەکەوتەوە. هەروەها، پرسی مەدەنییەت لە عێراقدا کۆتایی دەهات و لە شوێنی دادگا و دەستوور، ناوەندە خێڵەکی و دینییەکان دەبوونە مەحەکی بڕیاردان و یاسادانان، کە هەموومان دەزانین سەرچاوەی ئیلهام و بیرکردنەوەی ئەم ناوەندانە لە بیرێکی دواکەوتووی بەجێماوی هەزاران ساڵی ڕابردووەوە هەڵقوڵاوە.
پێویستی بەرفراوانبوونی بیری پێشکەوتوو لەناو هەرەمی پەرلەمان:
ڕوون و ئاشکرایە کە پەرلەمان وەک ناوەندێکی یاسادانان، تا ئێستاش وەک دەسەڵاتێکی کاریگەر هەیمەنەی ماوە لەسەر ئاستی دەوڵەت و وەک دەزگایەکی شەرعی و قانوونی مومارەسەی مافەکانی خۆی دەکات. لە کاتێکدا کە هۆڵی پەرلەمان دەسەڵاتی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا هەیە و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و بگرە یاساکانی تایبەت بە ژنان و منداڵان و گەنجان و پێکهاتەکان لەم ناوەندەدا دادەڕێژرێن، بۆ ئێمەی کوردستانی پێویستە لەبری پڕکردنەوەی کورسییەکان تەنها لە پێناو مەکسەب و مەنسەبی حزبی، بیر لە کاندیدکردنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و پێشکەوتنخواز بکەینەوە. ئەمەش پێویستی بە گیانێکی نەتەوەیی کوردستانی هەیە کە هەمیشە دیوە ترسناکەکەی ئەم ناوەندە ببینین و بە ڕۆحیەتێکی بەرەنگاری نوێنەرەکانمان بنێرینە پەرلەمان. ئەم نوێنەرانە دەبێت چاوکراوە بن لە بەرامبەر هەر یاسایەک کە لە دژی ڕەوتی پێشکەوتن و مەدەنییەت و عەلمانییەت دەردەچێت، چونکە سەرەنجام کورد و پێکهاتەکان لە عێراقێکی مەدەنی و سێکولار و پێشکەوتوودا مافەکانیان دەستەبەر دەبێت.
نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە لە ڕابردوودا هەرچی ڕووداو و کارەساتی تراژیدی کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە، لە ڕێی ناوەند و دەزگایەکی دواکەوتووی بەناو شەرعی کە بە زۆرینەیەکی موزەیەفی سوننە مەزهەبەوە پێکهێنراوە، بڕیار و یاسای بۆ دەرکراوە. هاوکات لە عێراقی نوێشدا، هەر لە داگیرکردنی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان و پشتگوێخستنی ماددەی دەستووری ١٤٠ تایبەت بە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان، تا دەگاتە بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێی زۆرینەیەکی پەرلەمانی شیعە مەزهەب لەو ناوەندە پەرلەمانییە بڕیاری لەبارەوە دراوە. بۆیە ئەرکی داهاتووی کورد بە گشتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکان بە تایبەتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە کەسانێکە کە ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە دواکەوتووە ببنەوە کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی وڵاتە بۆ سەردەمە تاریکەکان.