رێگای كوردستان/ بەریتانیا

 

 لە جیهانی پڕ کێبڕکێی چێشتخانەکاندا، چیرۆکی سەرکەوتن و خۆڕاگری هەمیشە جێگای سەرنجە. سەردار، گەنجێکی کورد، توانیویەتی لە ماوەی پێنج ساڵدا لە یەکێک لە گەورەترین زنجیرە چێشتخانەکانی جیهان، KFC، ناوبانگێک بۆ خۆی پەیدا بکات و ببێتە شێفێکی پلە یەک. ئەم سەرکەوتنە تەنها بەهرەمەندی نییە، بەڵکو بەرهەمی کارکردنی بەردەوام و دڵسۆزییەکی بێوێنەیە.

سەردار، کە لە شاری نۆتینگهامی بەریتانیا نیشتەجێیە، ماوەی پێنج ساڵە وەک چێشتلێنەر لە چەندین لقی KFC کار دەکات. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا، چەندین جار خەڵاتی ڕێزلێنانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێستورانتانەی کاری لێ کردووە پێدراوە، کە ئەمەش نیشانەی لێهاتوویی و پابەندبوونیەتی بە کارەکەیەوە.لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەکەمان، سەردار باسی لە سەرەتای کارکردنی کرد و وتی: "کاتێک دەستم بە کار کرد، سەرەتا زۆر قورس بوو، چونکە سیستەمی کارکردنەکە زۆر جیاواز و خێرایە. لەگەڵ کارکردنم، خەریکی خوێندنیش بووم. بەڵام بەهۆی کارکردنی زۆر بەجدی و دڵسۆزانە، لە ساڵی یەکەمدا زووتر لە کاتی خۆی بڕوانامەی کۆمپانیای KFCم بە پلەی نایاب بەدەست هێنا."سەردار بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و ئاماژەی بەوەدا کە بە تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی ئەزموونی، کارەکەی گەشەی سەند و گەیشتە ئەو ئاستەی ببێتە ڕاهێنەر بۆ شێفە نوێیەکان. ئەو دەڵێت: "تا ئێستا چەندین شێف لەسەر دەستی من فێر بوون، کە لە نەتەوە جیاوازەکانی وەک هیند، پاکستان، ئەفریقا، بەنگلادیش، ئینگلیز، عەرەب، ئیتالی، ئیسپانی و دۆمێنیکا پێکهاتوون. بەڵام جێگای داخە کە تا ئێستا هیچ کوردێک نەهاتووە و نزیک نەبووەتەوە لەم بوارە."سەردار هیواخوازە کە گەنجانی کورد سوود لە دەرفەتەکانی کار لە وڵاتانی دەرەوە وەربگرن و بوێری ئەوەیان هەبێت بچنە ناو بوارە جیاوازەکانەوە. ئەو وتی: "من سەرەتا هیچ شتێکم لەبارەی ئەم کارەوە نەدەزانی، بەڵام سروشتی ئەو وڵاتە وایە کە زۆر بە جوانی و بە ستانداردێکی بەرز لەلایەن مامۆستایەکی زۆر بەتواناوە فێر کرام."چیرۆکی سەردار نموونەیەکی درەوشاوەیە بۆ خۆڕاگری، فێربوون و گەشەکردن لە ژینگەیەکی نوێدا. ئەو نیشانی دا کە بە هەوڵ و کۆشش، دەتوانرێت لە هەر بوارێکدا سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت و ببیتە مایەی شانازی بۆ نەتەوەکەت.سەردار ئاماژەی بەوەشدا کە ساڵانە پێشبڕکێیەک هەیە بۆ خێراترین شێف لەسەر ئاستی شارەکە، هەرشێفێک براوەبێت لەشارەکەی خۆی دەچێتەپێشبرکی لەسەرانسەری وڵاتی بەریتانیا  ئەو بریاریدا بەشداری بکات لەو پێشبڕکێیەدا لە خێراترین ئامادەکردن یەک کیسە مریشک. ئەو توانیی ماوەی ئامادەکردن لە دوو خولەکەوە بگەیەنێتە هەژدە چرکە. سەردار دڵنیا بوو کە خەڵاتی گەورەی لەسەر ئاستی شارەکە و وڵاتەکەش بەدەست دەهێنا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی کارێکی نەخوازراو نەیتوانی بەشداری پێشبڕکێکە بکات. بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو ئامادەیی خۆی دەربڕی و بەردەوامە لە پراکتیککردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا