
ئەمڕۆ دوو شەممە، بەئامادەبونی پارێزگاری هەڵەبجە و قایقامی ناوەندی هەڵەبجە و تەواوی بەرپرسی یەکەئیداریەکانی شار و حزب و لایەنە سیاسیەکان و جەماوەرێکی زۆری هەڵەبجە لە سەرجەم چین و توێژەکان ،گردبونەوەیەکی هێمنانەیان بۆ مەحکومکردنی کارەنامرۆایەتیەکانی ئەحمەد شەرع وحکومەتەکەی و پشتیوانی لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا ئەنجامدا.
هەریەک لە هاوڕێیان (نیعمت معروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هادی کوڵکنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێیانی هەڵەبجەی حزبی شیوعی کوردستانی تێیدا بەشداربون.
لە گردبونەوەکەدا وتارێکی هاوبەشی ئامادەکراوی هەڵەبجەییەکان لەلایەن
(مامۆستاعبدلڕحمان) بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی هەڵەبجەی حزبمانەوە خوێندرایەوەو تێیدا ووتی، لەو دابەشبوون و پشێویەی کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، هەست بەمەترسی سڕینەوەی پاکتاوی نەژادی دەکەین و بە ئەوپەڕی نیگەرانیەوە لە ڕووداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ئەو سوریایەی گەلەکەمان ڕۆڵی پاڵەوانی گێڕا لە دوورخستنەوەی کابووسی تیرۆر و پێشەنگ و کاراکتەری یەکلاکەرەوەبوو دژ بەو تارمایەی کە ئاسمانی دونیای تاریک کردبوو، هەروەها ڕۆڵی نەشاراوەی هەبوو لە ڕوخاندنی حزبی بەعس سوری.
ئێستاش پاش ئەو دانوستانە هەواڵگریانەی جیهان و ناوچەکە ، بۆنی خیانەت و پیلانگێڕی دەکەین لە دژی گەلەکەمان، لەکاتێکدا گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوا نموونەی سەرکەوتووی بەڕێوەبردنبوون و لە ئاستی جیهانیشدا هەوڵ هەبوو،بکرێت بەنموونەو سەرمەشقی پرسی کوردو دۆزە ڕەواکەی لەناو ووڵاتانی تردا.
لەبەشێکی تری ووتارەکەدا ڕایگەیاند، ئەوان جگە لە قوربانیە بێ شومارەکەیان ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەریەکەیان کردبوو بەنموونەی پێکەوە ژیانی گەلانی سوریاو لەهەمان کاتدا پشتگیری لە سوریایەکی گەشەسەندو ئارام و فیدڕاڵی بوون
هەروەها ووتی ئەوان ئامێزێکی گەرم بوون بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و بڕیاریش وابوو لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئەم ناوچەیە ببێت بە سەکۆی پێکەوە ژیان، بەڵام بەداخەوە دەزگا هەواڵگریەکانی جیهان سەرۆکێکی پێشترداوا کراو و لیستێکی تیرۆریستی داواکراویان کرد بە کاربەدەست و حکومڕانی سوریاو بەریانداوەتە وێزەی پێکهاتەکان.
هەروەها ووتی ئەم گروپە پاش سازشکردن لە بەشێک لەخاکی ووڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل بە ئامانجی دەرپەڕاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هەسەدە، پەلاماری هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسوودی کوردنشینیاندا لە شاری حەلەب و لەپێش چاوی جیهان تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژیان ئەنجامداو سوکایەتیان بە تەرم و جەستەی شەهیدەکانکرد.
داواشی کرد هەرچی زووە کۆتایی بەو گفتوگۆ نا عەقڵانیە بهێنرێت کە بەشێک لە ڤیگەرو پیاوی ئاینی و خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستیانپێکردووەو کاتی ئەوەیە هەموومان بەیەکەوە نیگەرانی و توڕەیی خۆمان بدەین بەڕووی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە، داواشی لەلایەنە کوردستانیەکانی سەرجەم بەشەکانی کوردستان کرد ڕێز لە جیاوازیەکانی یەکتر بگرن و ململانیەکانیان بۆ خزمەتی دۆزی گەلەکەمان بێت و سود لەهەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن.
