لە پارێزگای کەرکوک دوو کاندیدی دیار لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە لە ڕکابەری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوورخرانەوە کە یەکێکیان سەرۆکی لیستە
ڕاکان سەعید جبوری پارێزگاری پێشووی بە وەکالەتی کەرکوک و هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی یەکێکە لەکاندیدە دوورخراوەکان.
جبوری جگە لەوەی بۆ ماوەی نزیکەی حەوت ساڵ بەوەکالەت پارێزگاری کەرکوک بوو،هاوکات لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 بەئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، بەڵام سوێندی یاسایی نەخواردو نەچووە پەرلەمان و پۆستی پارێزگاری بەجێنەهێشت،
لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 2023 ڕاکان جبوی سەرۆکایەتی هاوپەیمانیەتیەکی کرد، بەناوی هاوپەیمانی عەرەبی،لەو هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانیەکەی ڕاکان جبوری زۆرترین دەنگی پێکهاتەی عەرەبی بەدەستهێنا کە گەیشتە سەروی 95هەزار دەنگ،
دوای دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ڕاکان جبوری قوتەیبەی کوڕی کردە سەرۆکی هاوپەیمانیەکەی.
خالید مەفڕەجی،دووەم بەهێزترین کاندیدی هاوپەیمانیەکەی ڕاکان جبوری بوو کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دوور خرایەوە.
مەفرەجی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بەئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
هەروەها لەناو پێکهاتەی عەرب وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناسراوەو قسەو بۆچونەکانی بەهەند وەرگیراوە.
بە بۆچونی چاودێران و شارەزایانی بواری سیاسی دوورخستنەوەی جبوری و مەفرەجی گورزێکی توند لە بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانی عەرەبی وەشێندرا.پێشیان وایە دوورخستنەوەی ئەم دوو کەسایەتیە تەنها لاوازکردنی هاوپەیمانی عەرەبی نییه،بەڵکو بەهێزکردنی لیستە عرەبیەکانی دیکەیشە کە ڕکابەری هاوپەیمانیەکەی جبوریان دەکرد