
سەروتاری رێگای كوردستان
پەرەسەندنی تێکۆشان و هۆشیاریی گشتی لە پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرای کوردستانی، لە ئەنجامی هێرشی هێزە شۆڤێنییە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی سوریا و وڵاتانی تریش، بووەتە جێگای ئومێدێکی گەورەی هەموو لایەک.
ئەم هۆشیارییە نیشتمانی و ئازادیخوازییە، پێویستی بە گەڵاڵەکردنی دیدێکی کوردستانی و نیشتمانی هەیە کە توانای وەرگێڕان و بەهێزترکردنی ئەو بزافەی هەبێت لە واقیعی ژیاندا. ئەمەش کۆمەڵێک ئەرکی هەنووکەیی لەسەر تەواوی هێزە سیاسییەکان بە گشتی و بە تایبەتی لەسەر هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان فەرز دەکات.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی تازە، ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی کوردستانی و کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا، لایەنی کەمی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەیە و چیتر دواخستن هەڵناگرێت.
لە ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا، پێویستمان بە پێداچوونەوەی هەمەلایەنەی فەلسەفەی بەڕێوەبردن و ئەدای حوکمڕانیی ناوخۆیی هەیە؛ ئەمەش بەبێ خستنەسەرڕێی دیدگایەکی حوکمڕانی کە توانای هێنانەدیی دادپەروەری، سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و بەدیهێنانی ماف و ئازادییە گشتییەکانی هەبێت، نایەتە دی.
ئەرکی هەموو هێزە کوردستانییەکانە کار بکەن لە پێناو بەهێزکردنی زۆنی کوردستانی و مافی هاووڵاتیبوونی کارای کوردستانی، لە بری عەقڵیەتی تۆخکردنەوەی زۆنی سەوز و زەرد.
لە لایەکی تریشەوە، بەهێزکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەدیهێنانی خۆبژێویی (ئینکیفای زاتی) و ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی زانیاری و هێزی مرۆیی کوردستانی، لایەنێکی تری ئەرکەکانمانە بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی، بە تێگەیشتن لە گرنگیی گرێدانی بە پرسە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە.