
شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەکات لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی نوێی دابارین و سەرما، کە سەنتەری چەند شارێکیش دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ١١ کانوونی دووەم کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بە بڕی ٣ بۆ ٤ پلە بەرز دەبنەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنی بارستە هەوا ساردەکە.
لە ڕۆژی سێشەممەوە ١٣ی مانگەوە نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست دەگاتە ناوچەکە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بە شێوەی بارانی پچڕپچڕ و مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەردەکەوێت، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەفر دەبارێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە لە بەرەبەیانی چوارشەممەوە، بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە ناوچەکە دەکات. کە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت و بارینی بەفر لەو ناوچە شاخاوییەکان کە بەرزیان ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوەیە، ئەگەری بەفربارین هەیە، بڕی بەفرەکە زۆر نابێت و لە نێوان ٢ بۆ ١٠ سم دەبێت.
لە ڕۆژی هەینییەوە، ئاسمان ڕوو لە ساماڵبوون دەکاتەوە، بەڵام کاریگەریی وشکە سەرمایەکی بەهێز بۆ ماوەی هەفتەیەک دەمێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە شەواندا پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا.