هەولێر داوای كەمكردنەوەی پێدانی داهاتی ناوخۆ بۆ (90) ملیار دینار دەكات
پێناچێت بەغدا لەماوەی 3 مانگدا (5) مووچەی كۆتایی ئەمساڵ بنێرێت
رێگای كوردستان
دوای رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی هەولێر و بەغدا، كۆتایی هەفتەی رابردوو دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی (7)ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هێشتا چارەنووسی مووچەی (5) مانگی كۆتایی ئەمساڵ بەناڕوونی ماونەتەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش هۆشداریدەدات لە تێكچوونی ریككەوتنەكە و بەدووریشی دەزانێت عێراق لەماوەی 3 مانگی كۆتایی ئەمساڵدا (5) مووچە بنێرێت.
سەرەتای هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- توركیاوە راگەیاند و لەسەرەتای مانگی (10)شدا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی (7)یان وەرگرت.
رێككەوتنی هەولێر و بەغدا و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیوی تەواو بوو بەسەر راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
سەرەڕای ئەم رێككەوتنە نوێیە بەگوێرەی زانیارییەكان هێشتا هیچ دڵنیاییەك نییە كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی تەواوی مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ (مانگی 8 و 9 و 10 و 11 و 12)ی ئەمساڵ وەربگرن.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆچوونی وایە كە سەرباری رێككەوتنەكە، بەڵام زەحمەتە حكومەتی بەغدا مووچەی پێنج مانگی كۆتایی ئەمساڵ لە ماوەی سێ مانگدا بنێرێت. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ترسی خۆی لەبارەی ئەگەری تێكدانی رێككەوتنە نوێكە نەشاردەوە و باس لەوە دەكات كە سودانی پێش هەڵبژاردن مەبەستی بووە ڕێكەوتن بكات، تا بە شەقامی عێراقی بڵێت دەسەڵاتی بەسەر كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا سەپاندووە.
گوتەی ئەم پەرلەمانتارە لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە لەكاتێكدایە كە لەسەروبەندی راگەیاندنی رێككەوتنەكەدا، هەریەكە لە پیشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق نەیانشاردووەتەوە كە ئەم رێككەوتنە نوییە لەسەر نەوت بەگوێرەی یاسای بودجە تاوەكو سێ مانگی دیكە بەردەوامدەبێت.
پێشتر سەرچاوەیەكی سیاسی بۆ رێگای كوردستان باسی لەوە كردبوو كە رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی هەولێر و بەغدا كاتییە و كۆتایی ئەمساڵ كێشەی بۆ دروستدەبێتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو كە هەر یەكە لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لە كێشەكان بەشێوەیەكی كاتی و تا دوای هەڵبژاردن بەم رێككەوتنە رازیبوون.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە لیستی مووچەی مانگەكانی (8 و 9)ی رەوانەی بەغدا كردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان هێشتا ئەو (120) ملیار دینارە بۆ مانگەكانی (8 و 9) لەلایەن هەرێمەوە بۆ بەغدا نەنێردراوە كە یەكێكە لە مەرجەكانی ناردنی مووچە لەدوای رادەستكردنی مەلەفی نەوت.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی دوو داهاتی (120) ملیار دیناری بۆ مانگەكانی (8 و 9) بەغدا ئامادەیی ناردنی مووچەی ئەو دوو مانگەی دەبێـت، بەڵام بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە تا ئێستا ئەم داهاتە نەنێردراوە. "حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت".
بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیارە بۆ كەمكردنەوەی بڕی داهاتی نانەوتی بۆ كەمتر لە ٩٠ ملیار دینار، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەكانی داهاتوودا سەردانی بەغدا بكات لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆببێتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە قورسدەبێت لەماوەی یەك مانگدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو گوژمەی جیاواز هەرجارە و (120) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەماوەی یەك مانگدا بنێرێت، بەم پییەش بێت تا سەرەتای مانگی 11 یەك مووچە دەنێردرێت و ئەو دوو مانگەی كۆتاییش بەو پێیەی دەكەونە دوای هەڵبژاردن لە باشترین حاڵەتدا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان یەك مووچە وەردەگرن، بۆیە ئەگەری زۆرە لەماوەی 3 مانگی داهاتوودا تەنیا دوو مووچە لە بەغداوە بێت و 3 مووچەش بفەوتێت.
لەلایەكی دیكەوە فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، پێیوایە ئەگەر هیچ كێشەیەك نەیەتە پێشەوە ئینجا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان سێ مووچە وەردەگرن. بریكارەكەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆچوونی وایە كە بۆ دوو مووچەكەی دیكە رێككەوتن و دانیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا پێویستە.
لەماوەی دەیەی رابردوودا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆران، قوربانیی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بوون و بەگوێرەی ئامارێك كە دەست رێگای كوردستان كەوتووە لەو ماوەیەدا مووچەخۆران (34) مووچەیان پاشەكەوتكراوە، (10) مووچەیان بە لێبڕینی (21%) پێدراوە و (18) مووچەش بەتەواوی نەدراوە. لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە كۆی (120) مووچەی مانگانەدا، (62) مووچە پاشەكەوت، لێبڕین و یاخود هەر نەدراوە، كە ئەم رێژەیەش (52%)، هەر لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا (58) مووچە دراوە كە رێژەی (48%) بووە.