
سی و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٦-٣-١٩٩١ بە سەرکردایەتی و پلان و بەرنامەی حزبی شیوعی، لە ناو جەرگەی هەولێر و لەبەردەم باغی شار، بە بەشداری ڕێکخستنەکان و دۆستانی حزب و بە سەرپەرشتی دەستەیەک لە هاوڕێیانی شار و شاخ، خۆپێشاندان و راپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد.
لەو ڕۆژەدا، لەناو جەرگەی بازاڕی هەولێر و بەدەم وتنەوەی (بژی هێزی پێشمەرگە سەدام نزیکی مەرگە ) و ( ئازادی و دیموکراسی سەدام لاچێ لە کورسی ) و (نان. کار. ئازادی) و (بڕوخێ ڕژێمی فاشی سەدام) تەوقی ترسی بەعسیان لەناخی تاک بە تاکی خەڵکی هەولێردا شکاند.
راپەڕینی شیوعییەکان لە ناو جەرگەی شاردا، هەرەسی بە دیواری سەختی ترس و تۆقاندنی بەعس هێنا کە دەیان ساڵ بوو کاریان بۆ دەکرد و هەوڵیان دەدا بە ئاگر و ئاسن و کوشتن هەرچی دەنگی ئازاد و بە ئیرادەیە کپ و خامۆشی بکەن.
راپەڕینی شیوعییەکان سام و چڕنوکی بەعسییەکانی شکاند و ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١ شاری هەولێر لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ئازاد بکرێت و ورەی بەعسی بە یەکجاری ڕوخاند لەبەردەم هێزی پێشمەرگە و جەماوەردا.
لە یادی ٦ی ئاداردا، سڵاو لەو کچ و کوڕە ئازایانەی حزب و گەل، کە بێباک لە ترس و مردن هاتنە مەیدانی ڕووبەڕووی بەعس بوونەوەو ئومێد و هیوایان بە شار و کوردستان بەخشییەوە.
لە لاپەڕەکانی مێژووی هەزاران ساڵەی هەولێردا ٦ی ئاداری ١٩٩١ یەکێکە لە ڕووداوە هەرە گرنگەکان و فەرامۆش ناکرێت و لەبیرناکرێت.