هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری ناوخۆ و نێو دەوڵەتی نەوتی ڕادەستی بەغدا کرد، بەڵام هێشتا کێشەی دواکەوتنی مووچە بەردەوامی هەیەو ئەم کێشەیە بەبێ چارەسەرکردن ماوەتەوە.
ڕادەستکردنی نەوت یەکێکبوو لە مەرجەکانی بەغدا بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم، بەڵام سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەستکردووە کەچی تا ئێستا بەغدا پابەندی ناردنی مووچە نەبووەو هێشتا پرسی داهاتی ناو خۆ کراوەتە گرفت لەبەردەم خەرجکردنی مووچە.
بەغدا بۆ خەرجکردنی مووچە، ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێمی کردووەتە مەرج هەرێمی کوردستانیش مانگانە ناردنی ئەو بڕە پارەیە دوا دەخات و بەو هۆیەشەوە دواکەوتنی مووچە بەردەوامە.
لەو ڕۆژەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێکردووەتەوە تا ئێستا، نزیکەی دوو ملیۆن و پێنچ سەد هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان فڕۆشراوە "ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت،داهاتی ڕۆژانەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە نێوان 13 بۆ 14 ملیۆن دۆلارە و دەچێتە خەزینەی بەغداوە.بەڵام هەرێم ئامادە نییه لەمانگێکدا 120 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات بۆ بڕینی بیانوی بەغدا لە بەرانبەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەنەناردنی ئەو 120 ملیار دینارە هەرێم گرفت لەبەردەم خەرجکردنی مووچە دروست دەکات،بەغداش بەدوای بیانودا دەگەڕێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچە،لەم نێوەندەشدا ئەوەی لە دڵەڕاوکێدایە و زەرەرمەندە تەنها خەڵکی کوردستان و مووچە خۆرەکانیەتی بەتایبەتی.