ئەمڕۆ شەممە، 4-10-2025، شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە كە دوای کۆبوونەوەكەی دوێنێ هەینی دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجام دا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە "دیموکراسیی دانوستانکار" یەکێکە لە گرنگترین مۆدێلەکانی چارەسەری کە شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر پەرەی پێداوە و پێویستە ئەم میکانیزمە بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بکرێتە بنەما.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، دۆخی بێململانێی لە تورکیادا باڵادەست بووە و ڕێگری لە مەترسییە گەورەکان کراوە. ناوبراو سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبووە.
ئۆجەلان جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە لە ڕاگەیەنراوی 27ی شوباتدا ئاماژەی پێکرابوو، پێشکەوتنی پرۆسەکە "پەیوەستە بە پێویستییە سیاسی و یاساییەکانەوە." داواشی کردووە، لەم قۆناغەدا پێویستییە یاساییەکان بە شێوەیەکی دروست و گشتگیر دەستنیشان بکرێن و جێبەجێ بکرێن. هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت،سەدەی نوێی کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای "یاسای ئاشتی و دیموکراسی" دابمەزرێت.
شاندی دەم پارتی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، باری تەندروستی و ورەی ئۆجەلان "وەک هەمیشە زۆر بەرز، تەندروست و بەباوەڕ بەخۆ بووە."
شاندەکە کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایک ئۆزگور ئەرۆل، دوێنێ هەینی (3ی تشرینی یەکەمی 2025) دیدارێکی سێ کاتژمێر و نیوییان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دا.