سایلۆی هەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە بەشێك لەپارەی ئەو جوتیارانە دابەش دەكەن كە گەنمیان داوەتە سایلۆكەیان.
لە راگەیەندراوێکدا سایلۆی هەولێر جوتیاران ئاگاداردەکاتەوە ئەمڕۆ دابەشکردنی چەکی جوتیاران دەستپێدەکات لە زنجیرە ١٥٢ تاکو زنجیرەی ٣٠٠ کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکی پارەکانیان و پارەکەش لە بانکی تی بی ئای وەردەگیرێت.
سایلۆی هەولێر دەشڵێت، ئەو جووتیارانەی ٥٠ تەن گەنم کەمتریان رادەستکردووە دەتوانن سەردانی سایلۆکەیان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکەیان، بەڵام ئەو جووتیارانەی کە زیاتر لە ٥٠ تەن گەنمیان رادەستکردووە لەکاتی هاتنی پارەی دیکە لە داهاتوودا چەکی پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن.
باسی لەوەشکردووە، ئەو کەسەی چەکی پارەکەی بەناوەوەیە پێویستە خۆی ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی، یاخود بریکارنامەی پەسەندکراوی ئەمساڵی پێبێت.