وەزارەتی دارایی و ئابوورى هەرێمى كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی كۆكراوەی خانەنشینان بڵاوكردەوە.
وەزارەتەكە رايگەياندووە، " ئەمرۆ چوارشەممە شایستەی شەش مانگی ئەو خانەنشینانە دابەشدەکرێت، کە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە".
وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەوەشى خستۆتەروو، "بەپێی بڕیای ئەنجومەنی وەزیران شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دابەش دەکرێت، کەلەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرکراوە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە".
وەزارەتى دارايى ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەند جارێک بەنوسراوی رەسمی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە ئەو شایستەیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق خەرج بکات، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر نەداوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".