ڕێگای كوردستان
لە گەرمەی پێشكەوتنە بەردەوامەكانی جیهاندا، ڕۆڵی مامۆستا وەك چرایەكی ڕووناككەرەوەی ڕێگای مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. مامۆستا تەنها گەیەنەری زانست و زانیاری نییە، بەڵكو بنیاتنەری كەسایەتی و داڕێژەری داهاتووی نەوەكانە. لەبەر گرنگیی ئەم ڕۆڵە پیرۆزە، هەموو ساڵێك لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەكەمدا، جیهان ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بەرزڕادەگرێت، وەك ڕێز و پێزانینێك بۆ ئەو ماندووبوون و فیداكارییەی كە مامۆستایان لەپێناو گەشەپێدانی كۆمەڵگەكاندا پێشكەشیدەكەن.
دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ مامۆستایان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٦، كاتێك ڕێكخراوی یۆنسكۆ و ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لە كۆنگرەیەكدا ڕاسپاردەیەكی هاوبەشیان سەبارەت بە بارودۆخی مامۆستایان واژۆكرد، بەڵام یەكەم جار بەفەرمی لە ساڵی ١٩٩٤ ئاهەنگ بۆ ئەم ڕۆژە گێڕدرا و لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لە ٥ی تشرینی یەكەمدا یادی دەكرێتەوە.
ڕۆڵی فرەڕەهەندی مامۆستا
مامۆستا خاوەنی كۆمەڵێك ڕۆڵی گرنگ و فرەڕەهەندە كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تاك و كۆمەڵگە هەیە. دەتوانین ئەم ڕۆڵانە لە چەند خاڵێكدا كورتبكەینەوە:
ڕۆڵی پەروەردەیی و فێركاری
سەرەكیترین ڕۆڵی مامۆستا، گەیاندنی زانست و زانیارییە بەشێوەیەكی دروست و كاریگەر. مامۆستا وەك پردێك وایە كە خوێندكار لە كەناری نەزانییەوە دەپەڕێنێتەوە بۆ كەناری زانست و مەعریفە. ئەو تەنها كتێبەكان ناڵێتەوە، بەڵكو حەزی فێربوون و كنە كردن لە مێشكی خوێندكاراندا دەچێنێت و یارمەتیان دەدات كە توانا و لێهاتووییە شاراوەكانی خۆیان بدۆزنەوە و گەشەیان پێبدەن. لەهەمان كاتدا منداڵ فێری بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانە دەكات لە ڕێگەی بەكارهێنانی میتۆدی دیالۆگ لە وانەوتنەوەدا.
ڕۆڵی كۆمەڵایەتی
مامۆستا بەردی بناغەی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەوتووە. ئەو نەوەیەك پەروەردە دەكات كە باوەڕی بە بەها مرۆییەكان هەبێت و بتوانێت بەشێوەیەكی ئەرێنی بەشداری لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بكات. پزیشك، ئەندازیار، پارێزەر و هەموو پیشەوەرەكانی تر، بەرهەمی دەستی مامۆستان. بەبێ مامۆستایەكی لێهاتوو، هیچ كۆمەڵگەیەك ناتوانێت هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و گەشەسەندن بنێت. مامۆستا دەتوانێ متمانە بەخۆ و هەست بە لێپرسینەوە لە كەسایەتی قوتابیدا دروستبكات.
ڕۆڵی ئەخلاقی
جگە لە فێركردن، مامۆستا بەرپرسیارە لە چاندنی تۆوی ڕەوشتبەرزی و بەها ئەخلاقییەكان لە دڵ و دەروونی خوێندكاراندا. ئەو بە كردار و ڕەفتاری خۆی دەبێتە نموونەیەكی باڵا بۆ خوێندكارەكانی. فێركردنی ڕاستگۆیی، دادپەروەری، ڕێزگرتن و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، بەشێكی دانەبڕاوە لە پەیامە پیرۆزەكەی مامۆستا. هەر مامۆستا لە پرۆسەی وانەوتنەوە و پەروەردەدا دەتوانی گیانی یەكسانی و خۆشەویستی بۆ هەر یەك لە تاكەكان بەجیاوازییەكانەوە دروستبكات. ڕێزگرتن لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بەشێكە لە ئەركی مامۆستا، ئەم لایەنانە دەبێت بەشێوەیەكی پراكتیكی لە هەڵوێست و كردارەكانی خۆیدا ڕەنگبداتەوە، ئەگینا تەنیا باسكردنی ئەو بەهامرۆییانە كاریگەریی تەواوی لەسەر كەسایەتی خویندكاران نییە، بەڵكو پراكتیزەكردنی دەبێتە بەشیك لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتیان.